چاوی پیاو لە دوا شەودا

چاوی خەڵک - داستان مارف 

درامای دوا شەو درامایەکی کوردییە لە مانگی ڕەمەزاندا نمایشکرا لە نوسین و دەرهێنانی کارۆخ ئیبراهیم و بە بەشداری کۆمەڵێک ئەکتەری گەنج و بە ئەزمون لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر.

لە پاش دابڕانی چەند ساڵێک درامای کوردی ئەمساڵ بینەر بە جۆش و خرۆشەوە لە چاوەڕوانی درامای دوا شەودا بوون بەو هیوای ئیدی درامای کوردی ببێتە میوانی هەمیشەییان.

کاری هونەری جگە لە ئەرکە هونەرییەکەی هەڵگری چەندین پەیامیشە. لە موزیک و ئەدەبیات و سینەما و درامای تەلەفزیۆنیشدا بەهەمان شێوەیە.

لەدوا شەودا کە سیناریست خودی دەرهێنەرە واتە کارەکە لەهەر ئاستێکی هونەری و کۆمەڵایەتیدا بێت تەنانەت هەر دیالۆگێک کە هەر ئەکتەرێک دەیڵێت ڕاستەوخۆ کارۆخ ئیبراهیم لێی بەرپرسە نەک کەسی دیکە.

ئەوەی ئێمە لە دراماکەدا خوێندنەوەی بۆ دەکەین "پیاو سالارییە" بە تەواوی باڵی بەسەر دراماکەدا کێشاوە. دەکرێت لەم جۆرە بیرکردنەوەیەی کارەکتەر یاخود دیالۆگەکانیان لە زۆر شوێندا بوترێن و ئاسایش بێت بەڵام لە بەرامبەردا ڕەوتێکی دیکەی کارەکتەر هەیە کە بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە و بەو شێوەیەش دیالۆگ ناڵێت، بەڵام کاتێک هەموو کارەکتەرەکانی درامایەک دیالۆگی دەرهێنەرێکی پیاوسالار دەڵێنەوە ئیتر ئەمە کێشەیە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

هەر لە سەرەتای دراماکەدا کارەکتەری فریا بە هەڵە دەچێتە ماڵی هاونازەوە و هەر بە نیگا و بە بە دیالۆگ سوکایەتی بە هاوناز دەکات. دواتریش لە دیمەنێکدا لە ئەڵقەی دووەمی زینجیرەکەدا فریا لەگەڵ ڕەوای هاوڕێیدا دانیشتون و دەڵێن:

- ڕەوا: گوێ بگرە ئەمە ئاخیر جار دەبێت، چیتر لەگەڵت نابم، ئەو کچەش گوناحە، داماوە فەقیرە.
- فریا: داماو ئێمەین، چەند زو شتت لەبیر چوو، منی کردە کەنگر و تۆشی کردە تۆڵەکە.
- ڕەوا: جەنابت سەبەب بویت، بەڵام خۆ دنیاش خراپ نەبووە
- فریا: بۆ ئێمە خراپ نابێت، بەڵام بۆ ئەو تێک دەچێت.

ئەم دوو کارەکتەرە هیچیان هاوناز ناناسن و نازانن چی لە ژیانیدا دەگوزەرێت بەڵام ڕەوا بە گوناح و داماو و فەقیر وەسفی دەکات!
پاش ئەوەی فریا بێ ڕێزی بە سنوری ماڵ و بە کچەکەیش کردووە، بەڵام لە دیالۆگەکەدا دەیەوێت بڵێت ئێمە پیاوین و دونیای ئێمە خراپ نابێت بەڵام دەتوانین دونیای ئەو کچە بشێوێنین!

لە ئەڵقەی سێیەمی دراماکەدا لە دیمەنێکی ڕاوێژ و ڕەوێندا کە خوشک و بران بەم شێوەیە گفتوگۆ دەکەن لەبارەی بڕە پارەیەکەوە کە برا گەورەکەیان بە ناوی ئەردەوان بردویەتی:

- ڕاوێژ: باشە ئەوەندە خۆت ماندو مەکە، لای باوکم بڵێ بۆ کڕینی زەوی سەرفی کردوە و تەواو 
- ڕەوێن: ڕاوێژ تۆ ئەتەوێت درۆ بکەم؟
- ڕاوێژ: ئەمە درۆ نییە، ئەمە چارەسەری کێشەکەی نێوان کاکە ئەردەوان و باوکمە
- ڕەوێن: ئەمە گەورەکردنی کێشەکەیە، من ئەمەوێت بزانم ئەو پارەیە بۆچی سەرف کراوە
- ڕاوێژ: ئەڵێم، ئەمە هیچ بەرژەوەندییەکی تۆی تیایە؟
- ڕەوێن: جا بۆ بەرژەوەندی منی تیا بێت؟
- ڕاوێژ: چوزانم بۆ نمونە لاواز نیشاندانی کاکە ئەردەوان.
- ڕەوێن: قسەکەت تەواو نەکەیت، تۆ پێت وایە من ئەمەوێت کاکە ئەردەوان لاواز نیشان بدەم؟
- ڕاوێژ: بەو شێوەیە نا
- ڕەوێن سەیرکە ئەمە گەورەکردنی کێشەکەیە، ئێمە ئەبێ متمانەی باوکمان بەدەست بێنین. ئەگەر نا جێگەمان نابێتەوە لێرە
- ڕاوێژ: تێناگەم!
- ڕەوێن: ڕاوێژ ئەمڕۆ باوکم ٪٨٠ ی پارەکانی تۆی کەمکردۆتەوە، ئەمە یەعنی چی؟
- ڕاوێژ: بەس ئەوە هیچ پەیوەندی بە کاکە ئەردەوانەوە نییە
- ڕەوێن: ئێ ئەمە سەرەتایە، بەرەو بێ متمانەیی دەڕۆین بەرامبەر شتەکان
- ڕاوێژ: قەت شتی وا ڕو نادات، من ئەڕۆم لەگەڵ باوکمدا قسە بکەم
- ڕەوێن: دانیشە دانیشە، تۆ بۆ قەت قسە لە دەمتدا ناوەستێت!

لە سەرەتای دیالۆگەکانەوە ڕەوێن دەڵێت من پیاوم و درۆ ناکەم تۆ دەتەوێت فێری درۆم بکەیت؟ پاشان ڕاوێژ وەک شەیتان بیر دەکاتەوە و دەڵێت ئەمە بەرژەوەندی تۆی تیایە؟ دواتر ڕەوێن دەڵێت باوکم متمانەی بە تۆ نییە بۆیە ٪٨٠ پارەکانتی کەمکردۆتەوە. دواتریش ڕەوێن (بە تۆنی دەنگێکەوە وەک ئەوەی لەگەڵ بێئەقڵێکدا ئەم دیالۆگە بڵێت) دەڵێت "دانیشە، دانیشە، تۆ بۆ قسە لە دەمتا ناوەستێت!" لە کاتێکدا بە درێژایی دراماکە کارەکتەری ڕاوێژ هیچ قسەیەکی نهێنی بۆ هیچ کەسێک ناگێڕێتەوە.

خەمان؛ ئارامی هاوسەری دەیشکێنێتەوە و بەسەریدا هاوار دەکات! کوڕ و کچەکەیشی لێی ڕازی نین لەبەر ئەوەی قسە دەگێڕێتەوە و کچ و کوڕەکەی ئەگەر بیانەوێت بابەتێکی تایبەت باس بکەن لەبەردەمی دایکیاندا باسی ناکەن، بوکەکەیشی بە دەستییەوە ئازار دەچێژێت. خەمان وەک ژنێک دایک و هاوسەر و خەسویەکی خراپی ناو دراماکەیە. تەنها پەیوەندییەکی باش کە هەیەتی لەگەڵ کوڕە گەورەکەیدایە کە ئەویش کارەکتەرێکی خراپی هەیە.

ئەسمەر؛ هاوسەرەکەی دەیشێکێنێتەوە و ئاراسی براشی لەبارەی پەروەردەوە سەرزەنشتی دەکات. کچە گەورەکەشی کە لە دراماکەدا کارۆخ ئیبراهیم ویستویەتی ڕۆڵی کچە باشەکە ببینێت هەمیشە بەڕوی دایکیدا هەڵدەشاخێت لە کاتێکدا دایکی هیچ قسەیەکی خراپی نەکردووە. کار دەگاتە ئەوەی لە کۆتاییەکانی دراماکەدا ئەسمەر خۆیشی دەڵێت بەڵێ هەمووی تاوانی منە و من دایکێکی باش نەبووم و منداڵەکانم بەش پەروەردە نەکردووە. ئەسمەر دایکێکی لاوازە کە نەیتوانیوە منداڵەکانی پەروەردە بکات.

لە دیمەنێکی ئەڵقەی ١٤ی دراماکەدا چەند دیلۆگێک لە نێوان خەمان و ئارامدا هەیە بەم شێوەیە:

- خەمان: ئارام گیان شتێک ناخۆیت بۆت بێنم؟
- ئارام: هیچم بۆ ناخورێت، خەریکە مێشکم ئەتەقێت، ئەو کچە لە کوێیە، لە کوێ؟ ئەبێت بە زوترین کات بدۆزرێتەوە
- خەمان: تۆش هەر خەیاڵت لای ئەو کچە بێت، ئەی ئەردەوانی کوڕت؟
- ئارام: ئاخر ئەوە جۆری بیرکردنەوەی تۆیە! تۆ ئەزانیت چونەدەرەوەی کچێک لە ماڵ مانای چی؟ ئەو کچە لە بەیانییەوە ڕۆیشتووە تا ئێستا کەس نازانێت لە کوێیە، خەتای کێیە، ئەگەر خەتای ئێمە نەبێت بۆ کچ ماڵەوە بەجێدەهێڵێت؟ مرۆڤ هەر کاتێک کەوتە باری توندوتیژی و ئازار هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی بگاتە کەناری ئارام
- خەمان: لێرە باشتر نەبوو بۆ ئەو کچە 
- ئارام: لێرە دۆزەختر نەبوو بۆ ئەو کچە، خەمان یەک تۆز بیربکەرەوە، چاو بکەرەوە و بزانە کامە چەپە و کامە ڕاست!

(ئارام دەیەوێت بڕوات)
خەمان: بۆ کوێ؟
(ئارام وەڵام ناداتەوە و دەڕوات)

لەم دیمەنەدە کارۆخ دیسان دوپاتیدەکاتەوە کە ژن بێئەقڵە و ناتوانێت باش بیربکاتەوە و تەنانەت ڕاست و چەپی خۆی نازانێت، یاخود ئەگەر بیریش بکاتەوە شەیتانییانە بیردەکاتەوە، ئارامیش لە سەرەتادا دەڵێت، "دەزانیت چونە دەرەوەی ژن لە ماڵ واتە چی؟!" (لێرەدا دەپرسین کارۆخ ئیبراهیم چونە دەرەوەی ژن لە ماڵ واتە چی؟)

ژیا؛ هاوسەرەکەی لێیدەدات و ناتوانێت هیچ هەڵوێستێکی هەبێت، لە کاتێکدا هاوسەری دووەمیشی بەسەردا هاتووە کە کەس ئاگای لێنییە. لەگەڵ خەسویدا پەیوەندییەکی خراپی هەیە. هاوسەری پوری واتە (شەماڵی سەدەف) خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکات و لە ماڵەکەی دەیکاتە دەرەوە، لە کاتێکدا ژیا دایک و باوکی هەیە بەڵام دەچێتە ماڵی باپیری.

لە ماڵی باپیریشی لە کاتێکدا لە ماڵ نایەتە دەرەوە بەڵام کوڕێکی گەڕەکەکە دێت لە دەرگای ماڵیان دەدات و سەرپۆشێکی دەداتێ و پێی دەڵێت " تۆ نابێت لەم گەڕەکەدا بێ سەرپۆش بیت!"

شەونم؛ ژنێکە ناتوانێت هیچ بڕیارێکی هەبێت، تەنانەت ناتوانێت بەرگری لە کچەکەشی بکات، بەگشتی کارەکتەرێکی بێسود و لاوازە.

لە دوا ئەڵقەی زنجیرەکەشدا لە نەخۆشخانە کاتێک کە پێویستە خۆی هەواڵی کچەکەی خۆی بپرسێت بەڵام بە هاوسەرەکەی دەڵێت:

- شەونم: بە ئارامت وت ژیا بۆ لێرە نییە؟
- ئاراس: کچێ کەی وەختی ئەوەیە ئەو پیاوە خەریکە ئەسوتێ، تۆش تازە ئەتەوێت بپرسیت ژیا لە کوێیە!
- شەونم: ئێمە ماڵمان وێران بووە، جەرگمان بڕاوە
- ئاراس: ئەیبڕیتەوە یان نا؟

لە کاتێکدا پێویست بوو شەونم خۆی بپرسێت کچەکەم لە کوێیە؟ نەک بە هاوسەرەکەی بڵێت پرسیاری کچەکەمان بکە. (ئایا هیچ دایکێکی لەم شێوەیە لە دونیادا هەیە؟)

هێلان؛ خوشکی بچوکی هەورییە، کچێکە بەردەوام دەشکێنێرێت لەبەر ئەوەی بیرکردنەوەی بە گشتی نەرێنییە و لەگەڵ ئەوەشدا سیخوڕی دەکات.

هاوناز؛ کچێکی ژێردەستەی زڕ براکەیەتی، هەوڵی خۆکوشتن دەدات، لە کاتێکدا خوشکەکەی دەتوانێت بیپارێزێت و بیباتە لای خۆی، بەڵام لە شوقەدا دەمێنێتەوە، کچێکە ناتوانێت کاغەزی لەفەیەک لێبکاتەوە بۆ ئەوەی بیخوات. لە دیمەنێکدا کە پیاوەکانی ئەردەوان دەچنە ماڵی کاروانەوە و کچە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکە دەبەن، هاوناز بێهۆشدەبێت وەک دیاریشە هیچ لێدانێکی بەهێزی بەرناکەوێت.

ڕاوێژ؛ بێسودترین کارەکتەری درامەکە کە هیچ ڕۆڵێکی لە دراماکەدا نەبوو، هیچ بابەتێک پەیوەندی بە ڕاوێژەوە نەبوو هیچ چیرۆکێک لە دەوری ڕاوێژدا نەدەخولایەوە.

هەوری؛ ئەو کارەکتەری دەرهێنەر ویستبوی وەک کچە باشەکەی دراماکە نیشانی بدات، تەنانەت بە درێژدایی دراماکە یەک دیالۆگی لەگەڵ ئەو کەسەدا نەبوو کە دەبێتە هاوسەری، کاتێکی بڕیاردرا هاوسەرگیری بکات ڕای وەرنەگیرا. هەوری کچێک بوو هەمیشە بە گژ دایکیدا دەچوو لە کاتێکدا دایکی بێتاوان بوو، وە پشتی باوکی دەگرت. هەوری ترۆپکی پیاوسالاری دراماکە بوو.

ڕێناس؛ ئەو ژنەیە لە درامەکەدا کارۆخ ویستویەتی ڕۆڵی ژنێکی بەهێزی پێبدات، بەڵام دیسان شکستی هێناوە جگە لەوەی کوڕێکی بێتاوان دەڕفێنن و دەست و چاوی دەبەستنەوە، تەنانەت هەر لێشی ناپرسن لەسەر چی بەستویانەتەوە، بەڵام لێرەشدا کوڕەکە بە دەست و چاو بەستراوییەوە بەهێزترە لە ڕێناس. 

کچە هاوڕێکەی ڕێناس؛ یەکێکی دیکە لەو کەسێتییانەی کە بون و نەبونی وەکو یەکە.

ئەو کچەی لە نەخۆشخانە هاوکاری ئەردەوان دەکات بۆ ئەوەی ژیا بکوژێت؛ کچێکی دیکەی لاوازی دراماکەیە کە تەنها هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی لێکراوە دەیەوێت بەشداری کوشتنی کچێکی بێتاوان بکات، هەڕەشەکەش لە لایەن یەکێک لە بەناوبانگتری و دەڵەمەندترین پیاوەکانی شارەوە! کە هەر ئەمە خۆی وا دەکات کە ئەو کچە بە ئاسانی خۆی نەدات بەدەستەوە و ناو و شوهرەتی ئەردەوان و باوکی لە دژی خۆیان بەکار بهێنێت.

ژنە خزمەتکارەکەی ماڵی ئاراس؛ یەکێکی دیکە لە قوربانییەکانی پیاوسالاری کارۆخ لە دراماکەدا.

شنە؛ کچێکە لە کۆمپانیاکەی باوکی ئەردەوان کاردەکات، ئەردەوان بە ئاسانی دەستی بەسەر ژیانیدا گرتووە و جگە لەوەی سیخوڕی بۆ ئەردەوان دەکات ئەو خانووەش کە تێیدا دەژی هی ئەردەوانە. واتە ژمارەی ژنە لاوازەکانی کارۆخ لە دراماکەدا بە ڕێژەیەکی بەرزە.

هاوسەرە دوگیانەکەی ئەردەوان؛ ژنێکە کە بە جل و بەرگیدا پێدەچێت ژنێکی مۆدێرنە لە کاتێکدا ئەردەوانیش هیچ پابەندییەکی ئاینی نییە بەڵام ئەم ژنە ڕازی بووە بەوەی لەگەڵ پیاوێکدا بژی کە ژنێکی دیکەی هەیە و هەروەها دوگیانیش ببێت لێت.

لە دیمەنێکی دیکەی ئەڵقەی ١٤ دا کاتێک ئەسمەر و دوو کچەکەی دەیانەوێت ماڵەکە جێبهێڵن دیلۆگەکان بەم شێوەیە دەستپێدەکەن:
- شەماڵ: ئەسمەر ئەوە کێوە دەچی؟
- ئەسمەر: دەچمە ئەو جێیەی کە ڕێز و خۆشەویستی تێدایە
- شەماڵ: لۆ دیارە ئێرە ڕێزی تێدا نییە خانم!
- ئەسمەر: ئەگەر ڕێز و خۆشەویستی تێدا بوایە نەدەڕۆیشتم
- شەماڵ: برایەکانت، برایەکانت ڕێزی ئەو ماڵەیان شکاند، نەک ئەمن، ئەتو ڕێزی ئەو مارەت شکاند، نەتتوانی تەربێتی ئەو مندارانە بدەیت، نەک ئەمن
- ئەسمەر: وەختێک ئەمن داکێک بم نەتوانم تەربێتی منداری خۆم بدەم، ماڵێکی ئاوا خۆشم هەبێت، براکانم بێنە ناوی و ببتە کێشە، ئەوا هەر پیرۆزی خۆت بێت
- شەماڵ: ئەسمەر، ئەسمەر، لەو مارەی بڕۆیە دەرێ، هیچ دەرکەک نییە تێیدا بێیەوە ژۆرێ، ئەوە پێم گۆتی ها، عەسەبیم مەکە زیاتر 
- ئەسمەر: دە ئەوە من لەو ماڵەی چومە دەرەوە

دیسان بابەتی پەروەردەی منداڵ و بەستنەوەی بە تەنها ژنی مناڵەوە، جگە لەوەش تۆمەتبارکردنی ئەسمەر بە شکاندنی ڕێزی ماڵەکە.

لەم درامایەدا لە هیچ شوێنێکدا ئەسمەر لە هیچ کێشەیەکدا تاوانبار نییە، کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ڕودەدات بەڵک و هاوسەرەکەی کە نە دەتوانێت بە زمانێکی ڕەوان بدوێت نە دەتوانێت بیرکردنەوەیەکی باشی بۆ منداڵەکانی و بۆ هاوسەرەکەی هەبێت بەڵام هەمیشە وەک پیاوێکی ناتەواو سەرزەنشتی هاوسەر و منداڵەکانی دەکات.

لە کۆتایی هەمان دیمەنیشدا کاتێک ئەسمەر و دوو کچەکەیان ماڵەکە جێدەهێڵن، هەوری بە هێواشی و بە نیگایەکی غەمگینەوە سەیری باوکی دەکات و ماڵەکە جێدەهێڵێت، لە نیگایدا دەڵێت ببورە کە منیش جێت دەهێڵم، دەزانم هەموو شتێک خەتای دایکمە بەڵام مەجبوریشم لەگەڵ دایکمدا بڕۆم.

درامای دوا شەو درامایەک بوو کە بە بیرێکی ناتەواوەوە نوسرابوو، پڕ لە دیالۆگی پیاوسالارانە و نیشاندنی ژن لە ناشرینترین دۆخیدا.



PM:09:09:21/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌