ڕوخۆش سەعید؛ لە دوای خانەنشین بوونیشم هەروەک بەڕێوبەر بەردەوامم

ڕوخۆش سەعید محەمەد، لە١/٧/١٩٥٢ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو کردوە، دواتر کۆلێژی زانست بەشی کیمیای لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە.

لە ١٩٧٦ وە ژیانێکی پر لە خزمەتی پەروەردە و فێرکردن دەست پێکردوە بۆ ماوەی ساڵێک وەکو مامۆستای کیمیا لە ڕانیە دامەزراوە و وانەی بە قۆناغی( ٨ تاکو ١٢)  وتۆتەوە.

بەهۆی قاعیدە زەوجییەوە ٢ ساڵ لە شاری هەولێر ژیانی بەسەر بردوە و لە خوێندنگەیەکی ناوەندی لە مامۆستاییەکەی بەردەوام بوە، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی سەرباز بووە لە کاتی شەڕی ئێران عێراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لە خوێندنگەی زانیاری دەستی بە وانە وتنەوە کردۆتەوە.

لە ١٩٨٣ و لە دوای ٧ ساڵ کارکردن وەک مامۆستا، دەبێتە یاریدەدەری بەڕێوبەر لە دواناوەندنی رزگاری کچان.

دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ کارەکەی هۆکارێک بوە ببێتە بەڕێوبەرێکی سەرکەوتوو. کە پاش ١٧ ساڵ لە یاریدەدەری و لە ساڵی ١٩٩٩ دەبێتە بەڕێوبەری ئامادەیی رەنگینی کچان و لە خزمەتکردن و پێگەیاندنی چەندین چین و توێژی جیاواز بۆ ماوەی ١٦ ساڵ بەردەوام دەبێت  تا لە ٢٠١٥ خانەنشین  دەکرێت. 

ڕوخۆش سەعید بە (چاوی خەڵک)ی وت " لەماوەی کارکردنمدا هەمیشە بە دڵسۆزی کارم کردوە، زۆر خۆشحاڵم لە کارەکەمدا بووم بە بەڕێوەبەڕێکی سەرکەوتوو، وە توانیومە دەیان نەوە لە هەموو چین و توێژە جێوازەکاندا پێبگەیەنم."

سەبارەت بە بواری پەوەردە و فێرکردن وتی "من خزمەتکردن و پەروەردەی خوێندکاران لە ناخ و خوێنمدایە هەر بۆیە تا ئێستاش لە دوای خانە نشین بوونم  لەم کارەم بەردەوامم."

بە ماوەی ساڵێک دوای خانەنشین بونی لە خوێندنگەی جیهانی نا حکومی لە سلێمانی داوای لێدەکرێت پۆستی بەرێوبەری خوێندنگەکە وەربگرێت و ببێتە بەڕێوبەری خوێندنگەکە.

 "زۆر بەخۆشحاڵییەوە قبوڵم کرد چونکە حەز دەکەم تا ئەو ڕۆژەی بمێنم لەم بوارەدا خزمەت بە خوێندکارانی کورد بکەم، چونکە بواری پەوەردە و فێرکردن بوارێکی زۆر گرنگە بۆ مرۆڤایەتی وە یەکێکە لەو بناغانەی وڵات پێی پێشدەکەوێت و گەشەدەکات." ڕوخۆش سەعید وتی.

 هەروەها وتی "ئێستا کە تەمەنم ٦٨ ساڵە هەر بەردەوامم لە کارەکەم و تەمەنم نەکردوە بە کێشە، چونکە تەمەن تەنیا ژمارەیەکە دێت و دەڕوات،  بە پێی ئەو تەمەنەی کە تێیدا دەژین پێویستە چێژ لە ژیان ببینین و تا توانامان هەبێت لە کارەکانمان بەردەوام بین."

کارکردنی ژن لای ڕوخۆش سەعید، گرنگی خۆی هەیە و دەڵێت "زۆر گرنگە بۆ ژن کە خاوەنی کاری خۆی بێت و چاوەڕێی کەس نەکات، چونکە بەهۆی کارکردنەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبێت و ئاستی ڕۆشنبیری کەسەکان بەرزدەبێتەوە، هەروەها لەناو خێزانەکانیشدا گەر ژنێک کاری خۆی هەبێت و وەک باوک و براو هاوسەرەکەی و بژێوی ژیان پەیدا بکات پێگە و بڕیاری خۆی دەبێت و کەس ناتوانێت پێشێلی مافەکانی بکات."

لە کۆتایدا ڕوخۆش سەعید پێی وایە تواناکان تەنها لە گەنجێتیدا دەرناکەوێت و دەڵێت " ئەوە ئازایەتی نییە کەسەکان تەنها لە گەنجێتیدا تواناکانیان دەربخەن بەڵکو پێویستە لە دوای خانە نشین بوونیشەوە بتوانیت بەردەوامی بە تواناکان بدەیت و لە ڕێی کارەکانەوە پیشانی بدەیت."




چاوی خەڵک / تایبەت

PM:01:30:18/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌