ڕێکخراوی خەڵڪ بۆ گەشەپیدان لە ڕێگەی کورتە فلمیڪ بە ناوی شاراوە (Hidden) کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە بەرچاوی کۆمەڵگە

کورتە فیلمی شاراوە (hidden)، بەشێکە لە کاری ٤ ساڵی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە ئەنجامی کارێکی مەیدانی ڕێکخراو دەستی بەم پڕۆژەیەکردوە، کە نیشاندانی کێشە کۆمەڵایەتی و یاساکانە کە باس لە نەبوونی شوناسی منداڵ دەکات و ماوەی فیلمەکە ١٠ خولەکە.

ڕۆژە حەسەن کاری نوسینی سیناریۆکەی کردوە و لەگەڵ ڕێبازموتابچی، ماوەی چەند مانگێکە خەریکی دەرهێنانی ئەم کورتە فیلمەن.

ڕۆژە حەسەن، سینارست و خوێندکاری زانکۆ بەشی سینەما تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا "ئەم فیلمە بەمانای شاراوە دێت کە باس لە نەبوونی شوناس دەکات، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو کێشە و گیروگرفتانەوە دروست دەبێت کاتێک ژنان ڕوبەڕوی دەبنەوە وەکو کێشەی توندوتیژی و دەست درێژی سێکسی  یان لە ئەنجامی پەیوەندیەک کە دواتر منداڵی لێدەکەوێتەوە، ئەم حاڵەتانە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا زۆرن کە منداڵەکان بێشوناس دەبن، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ڕودانی جەنگەوە ڕێژەکەی ڕوو لە زیاد بوون بووە."

ڕۆژە، وتی ''من وەکو سینارستێك و وەکو ژنێک دەمەوێت هەمیشە کار لەسەر ئەو کێشانە بکەم کە لەناو کۆمەڵگای خۆماندا ڕودەدات ،هەروەها کێشەکانیش ئەو کێشانەن هەتا تووێژینەوەکانیش باسیان ناکەن و دەستیان بۆ نەبردون و ناوێرن ئاشکرای بکەن وە ئەگەر باسیش کرابێت لە ڕاگەیاندنەکاندا هەقی خۆی نەدراوەتێ و نەتوانراوە شتێک بکرێت کە هەڵگری یان گوێزەرەوەی ئەو کێشە گەورانە بێت لە کۆمەڵگەکاندا ڕودەدات."

دەربارەی گرنگی فیلمەکە دەڵێت "گرنگە ئەم چیرۆکانە بکرێت بە فیلم و دوبارە لە کۆمەڵگەی خۆماندا خەڵک سەیری خۆی بکاتەوە و سەیری کێشەکان بکاتەوە  ئەم کێشانە بونیان هەیەو دەگوزەرێت، بەڵام کۆمەڵێک خەڵکانێکیش هەن بەلایانەوە ئاساییە یان نایبینن بۆیە جێگەی ئەوەن کاریان لەسەر بکرێت. دەمەوێت لەڕێگەی سیناریۆکانمەوە کێشەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی نا تەقلیدی و لە ڕێگەی فیلمەوە پیشان بدەم."

ڕێباز موتابچی وەك دەرهێنەر و(DOP)ی فیلمەکە دەڵێت ''بۆ ئەم فیلمە ماوەی دوو مانگ خەریکی ئامادەکاری کاستین بووین. بە ستافێکی پڕۆفێشناڵ لە ماوەی ٤ رۆژدا وێنەگرتنی تەواو بوە. و هەموو قۆناغەکانی بەرهەم هاتووە، کە تێیدا هەوڵمان داوە لە شێوازی دەرهێنان و جوڵەی کامێرا و ڕەنگ و دەنگ و ڕوناکی و هەموو پێکهاتەی موودی فیلمەکە لەگەڵ چیرۆکی کارەکتەرەکان زۆر گونجاو بێت، وە بتوانین لە ١٠ خولەکدا چیرۆکێک بگێڕینەوە کە لە ئێستادا بابەتی گرنگی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا."

ڕێباز باس لە دوو قۆناغی قورسی فیلمەکە دەکات و دەڵێت '' دۆزینەوەی ئەکتەری سەرەکی کە منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ بوو بەشێوەیەک بتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ کارەکتەرەکە و توانایەکی باشی جەستەو دەنگی هەبێت. لەدوای چەند تاقیکردنەوەیەک ( ڕەهەند سامان)مان هەڵبژارد بۆ ئەم ڕۆڵە، قورساییەکی تر دۆزینەوەی لۆکەیشن بوو کە چەندین شوێن گەڕاین تا ئەو سێ شوێنامان دۆزیەوە کە بگونجێت بۆ ئیشەکە و ئەوە بێت کە لەخەیاڵی ئێمەدایە."

ئەکتەرە سەرەکییەکان کە ڕۆڵ دەبینین بریتین لە "منداڵێک بەناوی ڕەهەند سامان، پێشڕەو حسێن، بەیان بۆمبا و حەمە ڕەشید هەرەس و لاڤین رووف."

ئەم فیلمە لە کەمپینێکی گەورەدا نمایش دەکرێت بەناوی (ناوی من ناوی دایکمە)، ئەم کەمپینە  ئێستا فیلمەکە لە قۆناغی مۆنتاژکردندایە بە هیوای کە بتوانین لە نزیکترین  کاتدا تاواو بێت و بتوانن بینەریبن.

بەرهەمهێنەری سەرەکی پرۆژەکە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان(PDO)ە لەلایەن ڕێکخراوی (NPA) نەرویجی و سیدای سویدی پاڵپشتی دەکرێت



چاوی خەڵک / تایبەت

PM:12:08:17/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌