شا مانگی ئێران "گوگوش" بە ٢٥ فیلم و نزیکەی ٢٠٠ گۆرانییەوە بووە ٧٠ ساڵ

فائقەی سابر ئاتەشین ناوی تەواوی (گوگوش) خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژو ناسراوترین دەموچاوی ژنی ئێران هەم لە ناو ئێران و هەم لە دەرەی ئێرانیشدا، لە ٥/٥/١٩٥٠  لە تارانی پایتەخی ئێران لە باوك و دایكێكی ئازەری لەدایك بووە، باوكی ناوی سابر ئاتەشین و دایكی ناوی نەسرین- ە، لە داوی دەرچونی لە ئێران لە ئێستادا لە ئەمریکا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی منداڵێكە بەناوی (كامبیژ). 

گوگوش ناوێکی ئەرمەنییە، کاتێک دایک و باوکی دەیانەوێت کچەکەیان ناو بنێن گوگوش، فەرمانگەی ناسنامەی ئێران دەڵێن ئەم ناو سەیرو سەمەرەیە نابێت، پێویستە ناوێکی فارسی یان عەرەبی لە منداڵەکەتان بنێن، بەڵام دواتر گوگوش ئەم ناوە وەک نازناوی هونەری بۆ خۆی بەکاردەهێنێت و لە تەواوی ئێراندا بە گوگوش دەناسرێت.

گوگوش هەر لە منداڵییەوە تێکەڵی کاری هونەری بوو بە شێوەیەک لە تەمەنی ٨ ساڵییدا لە ڕادیۆی تاران هەموو هەینییەک گۆرانی دەگوت و  تا تەمەنی ١٥ ساڵی لە ٣ فیلمدا ڕۆڵی بینیبوو.

گوگوش لە دەیەی حەفتادی سەدەی ڕابردودا یەکێک بوو لە پێشڕەوانی گۆرانی پاپ لە ئێراندا کە زۆرێک لە خانمەکانی هاوتەمانی دەیانویست لاسایی گوگوش بکەنەوە.

لە شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا کە زۆرێک لە گۆرانیبێژەکان بەتایبەت ئەو گۆرانیبێژانەی بڕوایان بە ئازادی هەبوو ئێرانیان جێهێشت تا ئێستایش لە دەرەوەی ئێران دەژین و ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە ئێران، لەوانە لەیلا فروهەر، داریوش ئێبی، بەڵام گوگوش یەکێک لەو گۆرانیبێژانە بوو کە نەیتوانی لە ئێران بێتە دەرەوە، هەر بۆیە ٢٢ ساڵ بێدەنگ کرا و بولبولەکەی ئێرانیان لە چریکە خست.

گوگوش تاوەکو پێش ڕووخانی حکومەتی ڕەزا شای پەهلەوی، یەکێک بووە لە بەناوبانگ ترین هونەرمەندەکان و لە وپەڕی درەوشانەوەدا بووە لە هونەرەکانی گۆرانی ووتن و نواندن و بەشداری لە چەند فیلمێکی سەرکەوتوو. لە ساڵی ١٩٧٥ ئەو بە جوانترین ژن لە ئێران دا هەڵبژێردراوە و شاجوان بووە. ‌پێدرۆی مۆزیسیانی ئەمریکی دەڵێت ئەو پێشوازییەی کە لە کۆنسێرتی ساڵی ٢٠٠٠ دا بۆ گوگوش کرا  کاتێک هاتە سەر شانۆ، لە هیچ هونەرمەندێکی دیکە ئەو پێشوازی یەم نەبینیبوو لە ژیانم دا.

گوگوش پاش ٢٢ ساڵ بێدەنگی، لە ساڵی ٢٠٠٠ ئێرانی جێهێشت و جارێکی دیکە گەڕایەوە و دونیای هونەر و دەستی بە گۆرانیگوتن کردەوە و هەرزو گەیشتەوە لوتکە و تا ئێستەیش بەردەوامە.





AM:11:10:06/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌