ماندانا هەندەسی؛ کارەکانم بۆ ژنانن لەهەرجێیەک بێت

من کێم؟

ناوم ماندانا هەندەسییە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئێرانم و هەروەها بەڕیتانیشم. لە ٢٠١٥ وە تا ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی جیاوازدا کارمکردووە. بەڕێوەبەری ئۆفیسەکانی بەڕێوەبردنی ژنانی کوردستان بووم. لەگەڵ ڕێکخراوی جیهانی "ژنان بۆ ژنان" کارمکردووە، هەروەها لە تەمموزی ساڵی ٢٠١٩وە وەک بەڕێوبەری پڕۆژە لە ڕیکخراوی NPA لە دهۆک کاردەکەم.

گرنگترین کارەکانم چین؟

بۆ من گرنگترین کار کە بیکەم، بەدیهێنانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی دید و تێڕوانین و کارەکانمەوە. هەر لە منداڵیمەوە وەک کچێک ئەو تێڕوانینەم هەبووە کە ناکرێت چیتر بەمجۆرە بەردەوام بین، چەوساندنەوەی ژنان دەبێت بوەستێندرێت. بەبێ بەشداری و وزەی ژنان بەهیچ شێوەیەک دیموکراسییەت بەرقەرار نابێت. ناتوانیت بڵێیت دیموکراسی بۆ نیوەی کۆمەڵگە بەرقەرار دەکەین و نیوەکەی دیکەی کۆمەڵگە هیچ نیین یاخود پلە دوون. ئەمە ئەستەمە. وەک منداڵێک کە لە ئێران گەورەبووم و پەروەردەی سیاسیم پەروەرەیەکی باش نەبوو، تێگەیشتبووم کە بەبێ بوونی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی لەهەمبەر پرسی یەکسانی جێندەرییەوە، یان شتی گرنگی وەک، مافی ناونانی منداڵەکان بەناوی دایکییانەوە، مافی بڕیاردان بۆ ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان، ئەم مافانە بۆ ژنان بەردەست نین لە هەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا. بۆیە ئەمانە مافگەلێکی زۆر گرنگ، هەتا ئەوانە بەدەست نەهێنین، یەکسانی بەدەست ناهێنین. بۆیە ئەوە ئامانجی منە. هەرچییەک کە دەیکەن لەو پڕۆژانەی بۆ پاراستنن یاخود بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنانن لەپێناو ئەوەدایە کە پیشانی بدەین ژنانیش توانایان هەیە لە کۆمەڵگەدا، تا ژنانیش بتوانن کاریگەرییان بەسەر بڕیاری کۆمەڵایەتی و بڕیاردانی ناو خێزانەوە هەبێت. بۆیە ئەم پاراستن و پەرەپێدانی توانایە ئامانجدارە. ئەمە گرنگترین بەشی کارکردنمە. 


ئەو میکانیزمانەی لە کارکردنمدا دەیانگرمە بەر چین؟

یەکێک لەو میکانیزمانەی لە پرۆسەی کارکردنمدا دەیگرمە بەر، بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە. ژنان بە بەراورد بە پیاوان هۆشیارییان لەبارەی توانای خۆیان نییە، یاخود هۆشیاری لەبارەی ئەوەی دەتوانن بیکەن، بەڵام لە بەرامبەردا پیاوان هۆشیارییان سەبارەت بە توانای داگیرکاری و سەروەری خۆیان هەیە. چونکە هەموو ئەمشتانە هێندە ڕەگی لە کۆمەڵگەکەماندا داکووتاوە کە پێمان وایە ئەمە چارەنووسی ئێمەیە، واتە چارەنووسی ئێمە وەک ژن ئەمەیە و دەبێت بیچێژین. بەبێ چەشتن ئێمە ژنێکی باش و ئاقڵ نین. چارەنووسی من وەک پیاوێکیش ئەوەیە کە دەبێت پیاوەتی خۆم پراکتیزە بکەم، کە ئەویش دەرخستنی ئەوەیە کە من دەسەڵاتدارم و هەرچییەکم بوێت دەتوانم بیکەم بەبێ هیچ ڕێگرییەک. هەردووک ژنان و پیاوان دەبێت هۆشیاربنەوە و تێبگەن کە بەم جۆرە مێنتاڵێتییە، یەکسانی بەرقەرار نابێت و بەهێزکردنی تواناکان کاریگەرییان نابێت. ڕەنگە نەتوانین ئەم ئاگاییە بگەیەنین بە هەموو ژنانێک، بەڵا خۆ دەتوانین بیگەیەنین بە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کە لە دۆخەکە تێدەگەن. بۆ نمونە لە دۆخی ئێستای عێراقدا خەڵکی خەریکن داوای گۆڕانکاری دەکەن. بەڵام گٶڕانکاری دەبێت ئاڕاستەکراو بێت، دەبێت ڕێنیشاندەرێک بۆ شۆڕش هەبێت، نەک بە ئەنارشییەت بەدەستبهێنرێت.

ئەو ئاستەنگییانەی لەماوەی کارکردنمدا ڕوبەڕوویان بوومەوە

ئەو ئاستەنگییەی لە بەڕیتانیا ڕوبەڕوم بوەوە ئەوەبوو کە نە ئەمریکی بووم و نە ئەوروپی نەبووم. لە سەرەتادا نەمدەتوانی هەست بەوەبکەم کە شوێنی منە. بەڵام دواتر کە ئاشنایەتیم لەگەڵ گروپەکانی ژنان و گروپی ژنانی ڕەشپێستدا پەیداکرد، شتەکان گۆڕان، لەوێدا دەنگی خۆمم دۆزییەوە. ئەندامێتی ئەو گروپانە ژنانی وڵاتە جیاوازەکانی لەخۆدەگرت، لە کوردستانەوە، لە ئێرانەوە، لە هیندستانەوە و لە پاکستانەوە، ئەو وڵاتانەی ڕوبەڕوی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم بوبونەوە، پێکەوە کۆدەبونەوە و لەبارەی شوناسەوە گفتوگۆمان دەکرد. ئەم ئاشنابوونەوە زەمینەیەکی بۆ سازکردم کە بڵێم، شوناسی من ئەمەیە، ڕێک ئێرەیە کە ڕوبەڕوی ئاستەنگییەکان دەبمەوە و دەتوانم گۆڕانکارییەک دروستبکەم. ئێستاش ئاستەنگی جۆراوجۆر هەن، بەڵام بێگومان ئاسانترن لەو دەمەی کە من دەستمپێکرد. 

 "کارەکانم بۆ ژنانن لەهەرجێیەک بێت"

ژنانی ئێران ڕەخنەیان لێدەگرتم بەوەی بۆچی کار بۆ ژنانی ئێران ناکەم، یان لەسەر پرسەکانی ژنانی ئێران بە دیاریکراوی کارناکەم. بۆ من گرنگ نەبوو کە ئەوژنانەی کاریان بۆ دەکەم ڕەگەزیان چییە، چونکە وەک چالاکوانێک من کار بۆ مرۆڤ دەکەم. هەمیشە مرۆڤ پلە یەکە، نەک ئایدۆلۆژی، ڕەگەز، یان دین. هەمیشەش ئەوەیە کە بەردەوامی پێدەدەم لە کاکرەکانمدا لە ژیان. بۆیە لە ئێستادا لەگەڵ ژنانی دهۆک کاردەکەم و شانازی پێوەدەکەم. 

چی هانیدام تا ببمە فێمینیست؟

پێموایە ئەزموونی ژیانکردنم لە ئێران. دایکم فەرمانبەرێک بوو لە بانکی گشتی ئێران، وەک ژنێک لە بواری ژیانیدا بەرەوپێشچونێکی باشی بەخۆوە بینیوە، داهاتی لە باوکم زیاتر بوو. باوکم ئەندازیاری کارەبا بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرجارێک دایکم بیویستایە بچێتە دەرەوەی شار، دەبوو ئیزنی باوکمی پێبوایە تا بتوانێت شار بەجێبهێڵێت. ئەمەش پێدانی هێزێکی گەورەبوو بە باوکم چونکە دەیتوانی بڵێت نەخێر واژووی ناکەم. هاندەری یەکەمم ئەوەبوو کە هەستمکرد شتێک هەڵەیە. 

هاندەرێکی ترم ئەوەبوو کاتێک دایک و باوکم جیابوونەوە، دایکم نەیدەتوانی مافی یاسایی بەخێوکردنی منداڵەکانی هەڵبگرێت، دەبوو جێمان بهێڵێت و دەبوو لەگەڵ باوکمان جێمان بێڵێت، باوکم پیاوێکی زۆر زۆر باشبو، بەڵام نەنکم ئاگای لێمان دەبوو نەک ئەو. لێرەدا ئەو پرسیارەم بۆ دروستبوو کە بۆچی دایک کە بەخێوکەری منداڵە و بەرپرسیارانەتر منداڵ بەخێودەکات ناتوانێت مافی یاسایی بەخێوکردنی منداڵ وەربگرێت. کێشەکەش ئەوەبوو کە لە ئێراندا ئەمە نەبووە باسێکی گشتی، تەنیا ئەوانەی سیاسەتی چەپیان پەیڕەو دەکرد باسیان لەم کێشانە دەکرد. هەرگیز فەزایەکی تایبەت بە ژنان نەبوو تێیدا باس لە ڕەگەزی ژن و خولیاکانی ژن بکرێت، ئەگەر ژنێکیش لەدەرەوەی هاوسەرگیریدا پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکدا هەبووبێت یان پێکەوە بووبن، فشارێکی زۆری دراوسێ و کۆمەڵگەمان بەسەرەوە دەبوو. ئەم تێڕوانینە تێڕوانینێکی پیاوسالارانە و کۆنزەرڤاتیڤانەیە. ژنان لەلایەک لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کراون و لەلایەکی دیکەشەوە ناتوانێت وەک مرۆڤێک لەبارەی خۆی  و هەستەکانییەوە بدوێت، وەک ئەوەی ژن هەر مرۆڤیش نەبێت. 

پەیامم چییە بۆ نەوەی دوای خۆم؟

پەیامی من ئەوەیە، هەرگیز کۆڵمەدە، مەهێڵە ئاستەنگییەکان بتوەستێنن لە کارکردن بۆ ئامانجەکانت. ئەمە دەڵێم چونکە لەژیاندما ڕوبەڕوی چەندین ئاستەنگی بومەتەوە، زۆرجار کەوتوم و دەبوو ڕێگایەک بدۆزمەوە تا هەستمەوە سەرپێ، بۆیە هەمیشە ڕێگایەکم دەدۆزییەوە. هەمیشە ڕێگایەک هەیە، تەنیا ئارامگرتنی دەوێت، کەمێک کات و هەوڵی دەوێت، بەڵام دواجار ڕێگایەک هەیە. 




چاوی خەڵک / تایبەت


AM:09:54:27/04/2020




ئه‌م بابه‌ته 335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌