خواستی گشتی و كۆڕۆنا

نازە شیروان - توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی

لەسەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تاکو ئەم ساتە کە زۆرێک لەوڵاتانی گرتووەتەوە، وتوێژ و ڕای زۆر و جۆراو جۆری لەسەر هه‌بووه‌ بەردەوام ڕاو بۆچونەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە لەگەڵ ئەو گۆڕانانەی کە بەسەر ڤایرۆسەکەد ھاتووە، تەنھا خاڵێک کە ھەموان جەختیان لەسەر کردووەتەوە و کۆکبون لەسەری خاڵی خۆپارێزی و ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان بووە لەھەر وڵاتێکدا بووبێت.

ھەر بۆیە لەم سۆنگەیەوە ئەرک و مافی ھاوڵاتی و حکومەت خراوەتە ڕوو، ئەرکی ھاوڵاتی وەک خۆپارێزی و جێبه‌جێكردنی ڕێنماییه‌ تەندروستیەکان و ڕەچاوكردنی ڕێکارەکان بووه‌، لەلایەکی دیکەوە حکومەت وەک خستنەڕوی چارەسەر و ڕێگری لە بڵاوبونەوەو تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە و پێدانی دڵنیای بە ھاوڵاتیانی لە پاراستنیان و خستنەڕوی ھەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە بووه‌.

 ھەربۆیە دەکرێت بوترێت حکومەت تەنھا کاتێک ئەرکەکانی خۆی بەجێ دەگەیەنێت گەر لەسەر ڕێنماییه‌کانی ویستی گشتی بڕوات بەڵام ئەوەی ئێستا لەم دۆخەی کۆمەڵگەی کوردی ھەیە ئەو ھاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە ئەوەیه‌ كه‌ حکومەت دەیەوێت هه‌موو شتێك بكات له‌پێناو ویستی گشتی کە بۆ ئەم حکومەت و دەسەڵاتە چ بەڕابردوو ئێستاشەوە ئەکرێت ئەمە بە تاکە شت ببینرێت کە مەبەست و ویستی گشتی بەم جۆرە ڕەچاو نەکرابێت بێ گومان ئەمەش ھەستیاری ئەو دۆخەیە کە ڤایرۆسه‌کە خوڵقاندویەتی بۆیە حکومەت بژاردەیەکی تری جگە لە پاراستنی گشتی نیە .

بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبینرێت ویستی گشتییە کە پێچەوانەی خواستی حکومەت و داواکاریەکانی لایەنە تەندروستیەکە ھەڵسوکەوت دەکات لێرەو لەوێ خۆی و دەورو بەری بگرە شارێک دەخاتە مەترسی ڕوونەوە کە بەشێکی بۆ نا ھۆشیاری بەگشتی و ناهۆشیاری تەندروستی بەتایبەتتر دەگەڕێتەوە لەلایەکی دیکەوە بۆ بێباکی و جۆرێك لە تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر بە داواکانی حکومەت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئەمەش بۆ نەبونی ئەو متمانەیە دەگەرێتەوە کە تاکی کورد بەگشتی نەیتوانیوە ھیچ متمانەو دڵنیاییەکی بەحکومەت و دەسەڵاتی خۆی ھەبێت بەدرێژای مێژوو .

ۆیە ھاوڵاتی حکومەت بە بەشێک لە خۆی نازانێت ھەربۆیە بێباکە بەرامبەر بە داخوازیەکانی چونکە حکومەت نەیتوانیوە ئەوەبێت کە ھاوڵاتی دەیەوێت وەک ئەوەی کە بیرمه‌ند و ڕۆشنگه‌ری فه‌ڕه‌نسی(ڕۆسۆ) باسی دەکات سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەت پێ وایە ڕۆلی حکومەت و بەڕێوبەرایەتی حکومەت بریتیە لەبەجێگەیاندنی داواکاریەکانی ویستی گشتی! ئەمە لای ھاوڵاتی نابینرێت ھەربۆیە بەشێکی ڕەچاو نەکردنی یاساکان بۆ ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ گوتارو کرداری حکومەت خۆی ،، لەلایەکی دیکەوە سەرباری ھەستیاری دۆخەکە ئایا ھاوڵاتی خودی خۆی تا چەند ھۆشیارە و لەگەڵ چاکەو پاراستنی گشتی. 

(ڕۆسۆ)لەبارەی ویستی گشتی ئەمە دەخاتەڕوو "ھەر تاکێک ویستی گشتی نەبێت ئەخلاقی نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ چاک و بەڕەوشت و ئازادبێت نابێت ویستی تایبەتی ھەبێت بەڵکو تەنھا دەبێت ویستی گشتی ھەبێت"

بێگومان دەکرێت ئەمە بۆ ھەمو ساتێک و قۆناغێک گونجاو نەبێت بەڵام بۆ ئەم دۆخە تایبەتیە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی تێیکەوتوە دەشێت زۆر گونجاوبێت بەتایبەت لەھەرێمێکی لەم چەشنە کە زۆر بە ئاسانی دەکرێت ڕوبەڕوی ھەر کارەساتێک ببێتەوە بەھۆی نەبونی ژێرخانی ئابوری و ژێرخانێکی تۆکمەو پێشکەوتوی کەرتی تەندروستی، ھەر بۆیە ویستی گشتی ویستی ھەمو ئەو ھاوڵاتیانەیە کە قازانجی تایبەتێی خۆیان ناوێت بەڵکو خوازیاری قازانج و باشەی گشتین بەواتایەکی تر ویستی گشتی ویستی ھەموانە بۆ چاکەی گشتی.

ھەر بۆیە لێرەدا ڕون دەبێتەوە کە ئێمەی تاک چۆن پارێزگاری لەم ویستە بکەین تاکو ھەموان پارێزراوبن لەپێناو باشەی گشتی، لەلایەکی ترەوە دەکرێک لەدۆخێکی لەم چەشنەدا تاکێک ببینرێت کەدەگەرێتەوە بۆ دۆخە سروشتی و شەڕانگێز بونەکەی ھەروەک (ھۆبز) باسی لێوەدەکات کە "مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ".

دەبێت یاسایەک و پەیمانێک ھەبێت تاکو ئەم شەڕانگێز بوونە کۆنتڕۆڵ بکات کۆمەڵگە بگەیەنێتە قۆناغی مەدەنیەت، ئەوەی بەرچاو دەکەوێت ئه‌وه‌یه‌ ھەندێک لەتاکه‌كان زۆر بێباکانەو خۆویستانە ره‌فتار ده‌كه‌ن خۆیان لەدەره‌وەی یاسا و پەیمانە کۆمەڵایەتیەکان و بەھا مرۆڤایەتیەکان دەبیننەوە بێباکن بەرامبەریان یان ئایا ئێمە خاوەنی بەھاو پەیمانێکی کۆمەڵایەتی پەروەدەیین کە مرۆڤی كوردی فێری مرۆڤ دۆستی و خۆنەویستی بکات ؟بتوانێت تاکێک په‌روه‌رده‌ بكات كه‌ خاوەن پرەنسیپ و بەھا مرۆڤایەتیەکان بێت؟ چونکە جیا لەوانەی دیکە كه‌ ڕێگەیان پێدراوە لەدەره‌وە بن و کار بکەن زۆرن ئەوانەشی کە لە سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆی چونەدەرەوە و گەشتو کات بەسەربردنیان دادەنێن ھەروەک ئەوەی ئەوان تاکێکی ئازا و ئازادبن و ئێمەش تۆقی و بێدەسەڵات لەماڵەوە چ ملکەچی ڤایرۆسەکەبین یان یاسا تایبەتییه‌کان بە ڤایرۆسەکە! 

ھەر ئەو تاکانەی ئەم کارانه‌ دەکەن دەکرێت خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمی بن بەھۆی بڕوانامەکەیەوە خاوەنی داھاتێکی باشبێت ،بەڵام وەک دەبینرێت خاوەنی پەروەردەی ئەخلاقی و ڕۆشنبیری و ھۆشیاری نیە! زۆر بێباکانە یاسا تایبەتەکانی ئەم دۆخە تێک دەشکێنێت ژیانی گشتی دەخاتە مەترسیەوە.

 لێرەدایە دەگەڕێینەوە بۆ لایەنە پەروەردەی و ئەکادیمییەکە ئاخۆ ئێمە خاوەنی پەروەردەیەکی مرۆڤدوست و پابەند بەباھاگشتیەکانین لەدۆخە تایبەتیەکاندا و لەم دۆخەدا بەتایبەتتر؟ تەواوی ئەو مشتومڕ و ڕاوبۆ چونانە لەسەر ڤایرۆسەکە کە بەڵێ ئەمەش بەشێکە لە کارە نامرۆڤایەتیەکانی سەرمایەداری، کەبەردەوام لە بەھای مرۆڤ دەدات دەکرێت ئەمە ڕونبێت یاخود ھەر ئەگەرێکی تر پەیوەست بە سیاسەت و لایەنێکیتر کە دووبارە ئەوەش ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەداری بەڵام لەئێستادا ئەم وتوێژانە ناتوانن مەترسی ڤایرۆسەکە کەم کەنەوە لەسەرمان یان ھەرشتێکیتر.

بۆیە با نەبینە قوربانی و جەلادی خۆمان، دەبینە قوربانی کاتێک سەرپێچی کاربین لەھەمان کاتیشدا جەلادی ئەوانیتر ،کەواتە با پەیڕەوی لەڕێنمایە تەندروستیەکان بکەین لەپێناو پاراستنی مرۆڤایه‌تی .

  

PM:11:26:25/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌