سیستمی خوێندنی ئۆنلاین لە کوردستان

چاوی خەڵک - میوان حەسەن

"خوێندنی ئۆنلاین بە بڕیارێکی باش دانانێم بەتایبەتی بۆ من چونکە بنەماڵەکەم بەهیچ شێوەیەك رێگەم پێ نادەن ئینتەرنێت بەکاربهێنم" خێڵان ئەحمەد، فێرخواز لە زانکۆی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر.

بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەکخستنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، سەد و بیست و پێنج هەزار خوێندکار لەماڵەوەن و لە خوێندنەکەیان وەستاون.

دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی " لە ڕێکەوتی ٢٢-٣-٢٠٢٠ ، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان وئەندامانی دیکەی ئەنجومەن ، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، کۆبونەوەکەمان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا.  لە کۆبونەوەکەدا بڕیارماندا هەموو هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ.  یەكێک لە بژاردەکان کە قسەی لەسەرکراوە پەیڕەوکردنی خوێندنە بە سستمی ئۆنلاین."

درێژەدانی خوێندن بە سیستمی ئۆنلاین زۆر بە خێرایی لە لایەن خوێندکاران ومامۆستایان کاردانەوەی لێ کەوتەوە، چونکە خوێندن بە شیوازی ئۆنلاین بێ گرفت نیە.

"خوێندکار هەیە نازانێ بەرنامەیەکی سەرەتایی کۆمپیوتەر بەکاربهێنن"

بەناز حەمە ڕەشید مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن بۆ چاوی خەڵک دوا "بەلای منەوە شێوازی ئۆنلاین بۆ خوێندن باش نیە چونکە من لەناو خوێندکارم وئەزانم کێشەکانیان چیە، هەندێکیان زۆر نەدارن و تەنانەت مۆبایلی زیرەکیان نییە، خوێندکار هەیە نازانێ بەرنامەیەکی سەرەتایی کۆمپیوتەر بەکاربهێنن وخوێندکاریش هەیە لە خێزانێکی قەرەباڵغە وماڵەکەیان زۆر بچووکە ناتوانێ لەو فەوزایە بەشدار بێت، لە کاتێکدا مامۆستا چۆن بتوابێت داوا بکات لە خوێندکاربابەتێک ئامادە بکات کە کتێبی لا نەبێت"

هەوراز عەلی لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی کارگێڕی کار دەڵێت "حەزدەکەم خوێندنی ئۆنلاین تاقی بکەمەوەو ئەزموونی تێدا پەیدابکەم چونکە بۆ داهاتوو سودی بۆ پیشەکەم دەبێت، لە ڕێگەی ئەم ئەزمونە نوێیەوە دەتوانم بۆ مەبەستی بازاڕکردنی ئۆنلاین و کۆبونەوە لە ڕێگای سکایپ لەگەڵ هاوبەشەکانمان سودی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا ڕەنگە تووشی گرفتبم چونکە پێشتر ئەم جۆرەی خوێندنیم تاقی نەکردۆتەوەو نازانم چۆن بەکاری بهێنم زۆرینەمان پێویستی بە فێرکاری و ڕاهێنانە."

"ئەرکی من لەماڵ و چێشت لێنان و منداڵ بەخێوکردنە لەم کاتەدا، بە هێچ شێوەیەك ناتوانم ڕۆژانە چەند کاتژمێڕێك بە دیار خوێندنی ئۆنلاین بەسەر ببەم لەهەمان کاتدا گرفتی خێزانیش دروست دەبێت لەگەڵ هاوسەرەکایان"

کوێستان قادر خوێندکاری ماستەر لە زانکۆی سلێمانی بە (چاوی خەڵک)ی وت "بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم شێوازی خوێندنەدا نیم، من لەکاتی دەوامی ئاسایی کێشەی منداڵەکەمم چارەسەر کردبوو دەمبرد بۆ باخچەی ساوایان، ئێستا ناتوانین بچینە دەرەوە منداڵەکەم کات بەسەربەرێت قورسە بۆ چەند کات ژمێرێک خۆمی لێ بەدووربگرم لە کاتێکدا باوکشی مامۆستای زانکۆیە دەبێت ئەویش خەریکی وانە وتنەوە بێت."

هەروەها وتی "زۆرێك لەخانمان لە زانکۆ و پەیمانگاکان خاوەن منداڵن، ئێستا بەهۆی ئەم بارودۆخەوە باخچەی ساوایان نیە ، ئەرکی خزمەتی منداڵەکانیان بەرەوام لە ئەستۆدایە."

مامۆستایەکی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان کە نەیویست ناوی بهێنرێت دەڵێت "هەست بە ناڕەحەتی زۆر دەکەم کە پڕۆسەی خوێندن وەستاوە،بۆیە لە ئێستادا ئەگەر هەر بژاردەیەک هەبێت بۆ دوبارە دەست پێکردنەوەی خوێندن بە خۆشحاڵییوە پێشوازی لێدەکەم بەڵام دەبێت هەڵبژردەیەکی دروست بێت و لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت باتایبەت بۆ خوێندکاران،نەک تەنها بەڕێ کردنی ئەرک و لەکۆڵ کردنەوە بێت"

هەروەها ئاماژەی بە گرفتێکی تریش کرد و وتی" خۆم کێشەم  لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیادا هەیە بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە تەمەنم و ناتوانم بەو خێراییە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا ڕێ بکەم."

پێویستە مامۆستایان و فێرخوازان خاوەن ئامێری زیرەکی وەك (لاپتۆپ یان تابلێت) بن لەگەڵ هێڵێکی خێرای ئینتەرنێت، زۆرێكیش لە فێرخوازان خاوەنی ئەم پێداویستیە سەرەتایانە نین لە ئێستادا و نەبوونی کارەبای بەردەوام کێشەیەکی تری خوێندنی ئۆنلاینە لە هەرێمی کوردستان، چونکە بەردەوام دەبێتە هۆی بێبەش بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازان لە وانەی ئۆنلاین.

هەندێك لە فێرخوازان ماڵیان لە گوندە دوورە کانی ئەم هەرێمەیە وبەشێوەیەکی گشتی سوودمەند نەبوون لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، یاخود ئەگەر هەشبێت زۆر سنوردارە.

خراپی دۆخی دارای ئێستای هەرێمی کوردستان، نەبوونی موچە، بێ ئیشبونی زۆرێك لە هاوڵاتیان گرفتێکە بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتێکی گونجاو بۆ فێرخوازان. زۆرێكیش لە مامۆستایانی زانکۆ بە تایبەت بەتەمەنەکان کێشەیان هەیە.

لەگەڵ بەکار‌هێنانی کۆمپویتەر و ئینتەرنێت، بۆیە پێویستە سەرەتا ڕاهێنانیان پێبکرێت بەر لەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین  جێبەجی بکرێت. گەر بێت و ئەم گرفتانەش چارەسەر بکرێت، کۆمەڵێك ئاستەنگ هەیە تایبەتە بە ڕەگەزی مێ لە خوێندنی ئونلاین، وەك دابونەریت کە لە هەندێ خێزان ڕێگا نادرێت کچان ئینتەرنێت و ڤیدیو کۆنفرانسینگ بەکاربهێن.

ڕێکخراوی یونسکۆ بڵاوی کردەوە لە ئێستادا لە (١٢٤) وڵاتی جیهان ئەم پرۆسەیە وەستاوە، لە هەرێمی کوردستانیش (١٢٥) هەزار خوێندکار لە ماڵەوەن.

PM:03:47:25/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 34 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌