ژنی کورد و کەرەنتینەی ئەبەدی

نوسینی- حوسێن عەلی شەریف 

ئێستا کاتی ئەوە نیە کە بۆ چوار رۆژ مانەوەی خۆت لە ماڵدا بگریت، ئێستا کاتی ئەوەیە ویژدانت خەبەری بێتەوە و گلەیی لەخۆت بکەیت کە چەندین ساڵە خوشکەکەت و ژنەکەت و کچەکەت کەرەنتینە کردوە.

ئێستا رۆژی پێداچونەوەی عەقڵیەتی خۆتە، رۆژی تەریق بونەوەیە، ڕۆژی دادگایی کردنی ویژدانتە، کە چەندین ساڵە تۆ لەدەرەوەیت و ژن و کچ و خوشکەکانت لە ماڵەوەن.چەندین ساڵە هەریەکە لە ئێمە ژنەکانی خۆمان لە ناو چوار دیواردا کەرەنتینە کردوە .

چەندین ساڵە کچەکانمان کەرەنتینەی درێژ خایەنن و ئەگەر هەتا ماڵی هاوڕێیەکیان بڕۆن ، پێویستیان بە دە ڕونکردنەوە و بیانوهێنانەوە هەیە.

چەندین ساڵە ئەگەر ژنەکانمان بە نیازی پرسەش لەماڵ دەربچن، پێیان ئەڵێین ئەمە چیە ناکەونە ماڵ.ئەگەر ساڵی جارێکیش بڕۆنە ساڵۆن پێیان ئەڵێێن هەمیشە بە ڕێگای ساڵۆنەوەن.

چەندین ساڵە ئەگەر ژنەکان لە دەرەوەی کەرەنتینەکەی ماڵ ببینین ، وەک ئەوەی دەعبایەکی ترسناکمان بینیبێت، دەست ئەکەین بە نیگا تێگرتن و قسەکردن و ناوگەڵ خوراندن.

چەندین ساڵە ئێمەی پیاو تەنها لە کاتی نانخواردندا ئەگەڕێێنەوە بۆ ماڵ و کە نانەکەشمان خوارد یەکسەر پان ئەبینەوە و داوای چا ئەکەین.

چەندین ساڵە ئێمە لە دەرەوەین و ژنەکان لە ماڵەوەن، خیتابی ئەو پیاوانە بۆ ژنەکانمان لێئەدەین کە دەڵێن "خوشکم تۆ بۆ دەرەوە نەکراویت، جیگای تۆ ماڵە، یان خوشکم ئەگەر تۆ بڕۆیتە دەرەوە هەتا ئەو کاتەی ئەگەڕێێتەوە مەلائیکەکانی ڕەحمان نەفرەتت لێ ئەکەن!"

بە هەزاران هەزار ژنانی ئێمە، چەندین ساڵە ژیان لە ناو چوار دیواردا بەسەر ئەبەن، کەچی موحاسەبەی سەیرکردنی تەلەفزیۆن و بەکار هێنانی مۆبایلیشیان ئەکەین.

ئێمە کەرەنتینەی ئەبەدیمان تەنها بۆ ئەو ژنانە دانەناوە کە لەماڵەوەن، بەڵکو ئەو ژنانەشی کە ئیش ئەکەن لەدەرەوە و پارە پەیدا ئەکەن ، تەنها ئەو کاتە کەرەنتین نین کە لە جێگای کارەکانیانن.چەندین ساڵە تۆی پیاو لە چاخانە و بازاڕ و یاریگا و لای برادەر لە دەرەوەیت.

چەندین ساڵە تۆی کوڕ، بەرەبەیان لەماڵ دەرئەچیت و نیوەشەو ئەگەڕێێتەوە، بەڵام خوشکەکەت تێکڕای ڕۆژ و هەفتە و مانگەکە لە ژورەوە کەرەنتینەیە.

تۆ تەنها چەند ڕۆژێکە لە زەمەنی کۆرۆنادا کەرەنتینە کراویت، بەڵام خوشکەکەت یان خێزانت دەیان ساڵە لە کەرەنتینەی عەقڵی تۆدان و بەلاشتەوە گرنگ نییە.

تۆ تەنها چەند رۆژێکە لە ماڵەوەیت هاوارت لێ هەستاوە، بەڵام ژنەکەت چەندین ساڵە لەم دۆخەی تۆدایە و ئەبێت بەرگەش بگرێت.

هەر تۆ نەبویت کە دانیشتنی بەردەرگاکە، ئاوڕشێنی باخچەکە، دەمەتەقێی دراوسێکەشت لە ژن و کچەکان، مەنع ئەکرد؟ دەی ئێستا یەک تۆز هەست بە ناخۆشی زیندانی ماڵ و گەڕەک بکە!

کۆرۆنا یەکسانییەکە بۆ ئەوەی ئێوە تێبگەن کە ئازاری کەرەنتینە بون چەند ناخۆشە، بۆ ئەوی تێبگەن دەردی لەماڵەوەبون چەند سەختە.


PM:07:47:24/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌