ژیان لە ترافیکەکاندا

چاوی خەڵک - داستان مارف

''پیاوێک بردمی و هاوسەرگیریمان کرد بە پێی شەرع، پاشان لە ماڵێک لە سیتەک داینام و هەفتەی جارێک یان دوو جار دەهاتە لام، سێ مانگ بەو شێوەیە ژیام. ڕۆژێک هێنامییەوە بۆ شار و لەسەر یەکێک لە شەقامەکان دایبەزاندم و ئیتر هەرگیز نەمبینییەوە'' ئەمە چیرۆکی یەکێکە لەو ژنانەی لە ترافیکەکاندا سواڵدەکەن.

لە شەقامەکانی سلێمانیدا رێژەیەکی زۆری ژنان و منداڵان دەبینرێن کە سواڵدەکەن. هەندێکیان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان، هەندێکیان لەژێر فشاردا ئەم کارە دەکەن، هەندێکیشیان بۆ مەبەستی لەشفرۆشی و بازارگەرمیان لە ترافیکەکاندا دەوەستن.

ئەوانەی سواڵکردنییان کردۆتە پیشە بێدەرامەت، کەمئەندام، ئاوارە یاخود پیرن، ئەوانەشی کردویانەتە خوو کەسانێکن ئارەزووی سواڵ دەکەن و ئەگەر زیاتر لەو پارەیەشیان پێبدرێت کە بە سواڵ دەستیان دەکەوێت هێشتا دەست لە سواڵکردن هەڵناگرن.

لەم بارەیەوە توێژەری کۆمەڵایەتی شاسوار سدیق وتی "سواڵکردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و لە هەموو کۆمەڵگەیەکی دونیادا بوونی هەیە تەنها لە ڕووی شێواز و قەبارەوە جیاوازن، یەکێک لە هۆکارە گرنگ و دیارەکانی سواڵکردن هۆکاری لاوازی باری ئابوورییە، بەڵام ئەمە یەکێکە لە فاکتەرەکان، چونکە جۆری تری سواڵکردن هەیە هۆکارەکەی کەم دەرامەتی نییە، بەڵکو هۆکارەکەی "لەسەر ڕاهاتنی" ئەو کارەیە. 

هەروەها وتی "ئەوانەی ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی دور و درێژیان لە شارەکاندا هەیە، ئەگەری کەوتنە سەر جادە و سواڵکردنیان کەمترە بە بەراورد بەوەی لە شوێنی دیکەوە هاتوون و خاوەن بڕوانامە نین و پێگەی کۆمەڵایەتییان بەلاوە گرنگ نییە، هەروەها خێزان وەک یەکەمین یەکەی کۆمەڵایەتی کە تاک تێیدا پەروەردە دەبێت ڕۆڵی گرنگی هەیە لە پێدانی پرەنسیپەکانی هەر تاکێک و پەروەدەکردنیان.

ئەو دەستەیەی بارودۆخی ئابووری کردوونی بە سواڵکەر، لەگەڵ باشبوونی بارودۆخەکەدا ڕەنگە دەستبەرداری پڕۆسەکە ببن، چارەسەرەکەی لەڕێگەی هاوکاری ئابوورییەوە یان لە ڕێگەی دروستکردنی هەلی کارەوە دەبێت، بەواتایەکی دیکە دەبێت بارودۆخیان چاک بکرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری سواڵکردنن ببن و ڕێژەی سواڵکردنیش نزمم ببێتەوە.

سواڵکردن دیاردەیەک نییە بتوانرێت بە تەواوی کۆتایی پێبهێنرێت، چارەسەرکردنی دیاردەی سواڵکردن، پەیوەستە بەو دوو دەستە سواڵکەرەوە "ئەوانەی وەک پیشە و سواڵدەکەن لەگەڵ ئەوانەی وەک ئارەزوو سواڵ دەکەن" بنبڕکردنی سواڵکردن لە دەستەی یەکەم کارێکی دژوارە، چونکە لە بنەڕەتەوە وەک «پیشە» مامەڵە لەگەڵ سواڵکردندا دەکات؛ ئەمانە ڕەنگە بە پڕۆسەی پەروەردەی مەودا درێژ هەیە بۆ ئەوەی دەستبەرداری سواڵکردن بن. 

لە ترافیکێکدا ژنە سواڵکەرێک وتی "من کار بۆ ئەو پیاوە دەکەم کە لەو کۆڵانەی ئەوبەرەوە لە ناو تاکسییەکەیدا دانیشتووە، سەیری مەکە با نەزانێت کە لە بارەی ئەوەوە قسەت بۆ دەکەم، من کەسم نییە و شوێن و جێگەم نییە، بە ڕۆژ لەسەر جادەم و بەشەو دەچمەوە ماڵی ئەو پیاوە، لە بەرمبەردا ئەو پارەیەی ڕۆژانە بە سواڵکردن دەستم دەکەوێت دەیدەم بەو"

پاڵنەری ئابووری، لە سەرەکیترین پاڵنەرەکانی سواڵکردنە و هەموو سواڵکەرەکان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا بۆچی سواڵدەکەن، دەڵێن: لەبەر بێ پارەیی.

ئابوریناس ئەیوب حەسەن لەو بارەیەوە بە (چاوی خەڵک) ی وت ''دەکرێت دیاردەی سواڵکردن دابەشبکرێت بەسەر دوو دەستە سواڵکەردا؛ دەستەی یەکەم ئەوانەی کە وەک "پیشە" مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا دەکەن و بەشێوەیەکی ئارەزوکراو سواڵدەکەن نەک پاڵنەری ئابوری، دەستەی دووەمیش پاڵنەری سەرەکی باردودۆخی ئابووری و داراییە، بە واتایەکی دیکە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان قەیران و سواڵکردندا هەیە."

 لەبارەی ڕێژەی سواڵکەرەکانیشەوە دەڵێت ''کاتێک قەیرانی دارایی یاخود ئابووری ڕوودەدات، کۆی ئاماژە ئابوورییەکان پێچەوانە دەبنەوە؛ ڕێژەی بێکار زیاد دەکات و پاشان چەند دیاردەیەکی مەترسیدار دەردەکەون وەک لەشفرۆشی و دزی و خۆکوشتن و سواڵکردن."

هەروەها وتی ''پێم وابێت لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە ژنان زیاتر دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەرامبەرەکانیان، لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەیەوە، لەبەر ئەم هۆکارەیشە لە ناو سواڵکەرەکاندا ڕێژەی ژنان و منداڵان زۆرترینن.'' 

بەپێی نوێترین ئاماری چەند توێژەرێک کە بەهۆی ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی مەیدانی و ئەنجامدانی ٣٨ چاوپێکەوتن. لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار گەیشتون بەم ئامارانە:

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس سواڵدەکەن

زۆرترین ڕێژەی سواڵکەر لە شاری هەولێرە و سلێمانی بە پلەی دووەم دێت

لە ٪٨٠ سواڵکەرەکان ئاوارە و بیانین

ئاوارە سورییەکان ڕێژەی ٪٦٥ سواڵکەرەکان پێکدەهێنن

ئاوارە عیراقییە عەرەبەکان بە پلەی دووەم دێن

قەرەج و دۆم و بێناسنامەکان ڕێژەی ٪١٠ سواڵکەرەکان پێکدەهێنن

سواڵکەری ناوخۆ کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن ٪١٠ پێکدەهێنن

٪١٥ سواڵکەرەکان سواڵکردن بۆ کاری لەشفرۆشی و فێڵ و دزیکردن بەکاردەهێنن

 ژنێکی دیکە وتی "چەندین جار لەگەڵ پیاوان ڕۆیشتووم و پاش سێکس پارەکەیشیان نەداومەتێ، سەیربکە ئەم منداڵەی لە باوەشمدایە، نازانم باوکی کێیە !" (مەبەستی لەوە بوو باوکی یەکێک بووە لەو کوڕانەی کە جارێک لە جارەکان لەگەڵیدا ڕۆیشتووە)

شیرین تاھیر نوسەر و ستافی گۆڤاری تەوار لەبارەی هەمان پرسەوە بۆ چاوی خەڵک وتی: ھۆکاری زۆربوونی ژنانی سواڵکەر بەڕادەیەک ڕۆژانە زۆربەمان دەیانبینین لەسەر جادەکان و ترافیکەکان، بەر جۆرێک لە کۆژانەکانیان دەکەوین، ئەمانە کە بەناوی فرۆشتنی گوڵ و بنێشت..تاد، یان بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبینرێن کە سواڵ دەکەن.

 ئەم دیاردەیە دەتونین بڵێین پاشماوەی ئەو ھەڵچون و داچونە ئابوریەیە کە لە ھەرێم و عێراق ڕویان داوە بە گشتی لە ماوەی ڕابردوودا کە تێکڕا ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ناوچەکە گیرۆدەی بووە، باردۆخە کە بە شێوەیەک ناجێگیر بووە کە جۆرەھا دەرھاویشتەو ئاڵو گۆڕی خراپی ئابوری و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا ھێنا.

هەروەها وتی بەشێکیان بە ویستی خۆیان ھاتوون و ڕێگە چارەی تریان نیە و دەستگیرۆیی نەکراون بۆ کارکردن، بەشێکی تریان ھەم ھێنراون ھەم بەکاریش دەھێنرێن، لێرەدا گرفتەکە ھاوبەند دەبێتەوە بە شکاندن و لێدان لەکەرامەتی ئەوژنانە ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وا پیشان دەدرێت خۆیان ئەو کارەیان ھەڵبژاردبێت، دیسانەوە ئەمانە قوربانین.

هەروەها دەڵێت " پێویستە جۆرێک لە ڕیفۆرم بەسەر ئەو ژاوەژاو و کەرەستە ژەنگاوی و دوگماییانەی سیاسەتی ئەم کۆمەڵگەیەدا بکرێ کە ئابوری کردۆتە پاساو بۆ ھەموو ئەو سەرکۆنەکردنانە ، دەبێت هەستێک بۆ ئەو ژنانە دروست بکەین کە خەونی کارکردنیان ھەبێت کارکردنێک کە کەرامەتی مرۆڤانەیان نەڕوشێنێ."

بۆ دواندنی ئەو شۆفێری تاکسییەکی کە ژنە سواڵکەرەکە ئاماژەی پێکردبوو بەرەو لای ڕۆیشتم، ئەویش سەیری دەکردم، وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بزانێت کە من بۆ دەچمە لای، نزیکتر بومەوە و سەیارەکەی داگیرساند و ڕۆیشت.


PM:09:22:04/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 170 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌