دۆخی ژنان لەژێردەستی داعشدا: هاوسەرەکان

ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان لەگەڵ سەربازانی دەسەڵاتی ئیسلامیدا کردووە، ناچارکراون چاودێری پرۆسەی لەسێدارەدانەکان بکەن و پشتوێنی تەقەمەنی بۆ ژنانی دیکە ببەستن، لەم ڕاپۆرتەدا سێ ژن باس لە چیرۆکی ژیانکردنیان لەژێر دەسەڵاتی داعشدا دەکەن.


نوور محەمەد، لە عێراقەوە: "هێشتا خۆشم دەویست"

من ناوم نوورە، ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووم، هاوسەرەکەم سەربازێکی ئاسایی بوو. کاتێک هێزەکانی داعش هاتن، هاوسەرەکەم پەیوەندی پێوەبەستن و بوو بە یەکێک لەوان.

ڕێگری لێکردم لە بینینی خێزانەکەم. یان با ڕاستگۆیانەتر قسەبکەم؛ من نەمدەتوانی جێیبهێڵم. ئاخر ئەو نیوەکەیتری من بوو. جگە لەوەش دوو منداڵم لێی هەبوو و سکپڕ بووم بە منداڵی سێیەمم. 

نازانم بۆچی هاوسەرەکەم بوو بە یەکێک لەوان، بەڵام هاوڕێکانی بوون قەناعەتییان پێهێنا لەگەڵیان بێت. زۆرکات هەوڵمداوە پەشیمانی بکەمەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم.

کاتێک لە موسڵ بووین، هەرەشەم لێکرد بەوەی جێیدەهێڵم و دەگەڕێمەوە ماڵی باوکم، بەڵام وتی "فەرموو! بەڵام بۆت نییە منداڵەکان ببەیت، ئەوان منداڵی منن." دۆخەکە بۆ من بەهۆی داعش و هێزی عیراقییەوە مەترسیدار بوو.

مامەڵەی هاوسەرەکەم لەگەڵمدا گۆڕا بەڵام بۆ باشتر، چونکە پێی وابوو لە هەر خولەکێکدا ڕەنگە بکوژرێت. بۆیە هەرجارێک دەچووە مارکێتەکان هەموو جۆرە پێیداویستییەکی بۆ دەکڕین. هەرچییەکم بویستایە بۆی دەکڕیم. دایکی زۆرجار پێی دەگووت کە زۆر سەرف دەکات، ئەویش دەیگوت "نەخێر، هەتا من لەژیاندا بم هەرچییەکان بوێت، گران بێ یان هەرزان بۆیان دەکڕم. نامەوێت تا لەژیاندا بم لە هیچ بێبەشیان بکەم."

هێشتا خۆشم دەوێت، حەزم لە قژە درێژەکانی بوو، زۆر جوان لێی دەهات. حەزم لە ڕیشە درێژەکەشی بوو. 
هیوادارم هەموو ژنێک هاوسەرگیری بکات تا بزانێت هاوسەر بەقەد ڕۆح شیرینە. کاتێک هەواڵی مردنیم بیست، بورامەوە. 





خەدیجە، لە ڕەقەی سووریاوە: "بەردبارانیان کرد تا مەرگ"

ناوم خەدیجەیە، ٣٣ ساڵم و هاوسەرگیریم لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی داعش پێکرا، خەڵکی بەلجیک بوو. 

کاتێک هاتە سەردانی براکانم بۆ داواکردنی من، هاوسەرەکەمم ناسی. دوو ژنی هەبوو، یەکێک لەوان لە بەلجیک مابوەوە، چوونکە نەیدەویست لەگەڵی بێت بۆ سووریا. 

خێزانەکەم لەبەر هۆکاری دارایی و دینی لەگەڵ ئەم هاوسەرگیرییەدا بوون. من کاتێک ئەوم بینی، ڕەتمکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەم، قژێکی درێژ و ڕیشێکی درێژی هەبوو. ئەوان ناچاریان کردم بەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم. 

کاتێک بردمییەوە ماڵەوە، ژنەکەی لەوێ نەبوو. لە یەکەم شەوماندا ڕوونکردنەوەی دامێ سەبارەت بەوەی حەزی لە چییە و دەیەوێ جێ بۆبکەم. توندوتیژ بوو. ئەوان هەموویان توندوتیژ بوون. ئەندامانی داعش هەر بەو توندوتیژییە ناسراون. ژنان هیچ بڕیارێکیان بەدەست نییە، بۆمان نییە بڕیارەکانی ئەوان بخەینە ژێر پرسیارەوە. 

بەدڵنیاییەوە غەمبار بووم، ئەی قابیلە چۆنبم؟ ئەگەر کەسێک لەشەوی هاوسەرگیریدا لێتبدات بێگومان هەست بە سوکایەتی و غەمباری دەکەیت. زۆرینەی کات توندوتیژ بوو، تەنها لەگەڵ من نا، لەبەرچاومدا لە ژنەکەی دیکەشی دەدا، لەبەرچاوی ئەویشدا لە منی دەدا. نەماندەوێرا هیچ بڵێین. 

هاوسەرەکەم زۆرجار دەیبردین بۆ شوێنی سزادانەکانی داعش. جارێکیان لە ماشێنەکەدا بووین و پێی وتین "شتێکتان پیشان دەدەم."
بۆ دوو کەیس چووین تا ئێستا، یەکەمیان کەیسی پیاوێک بوو کە سێکسی ناشەرعی کردبوو. بە کورسییەکەوە بەستیانەوە و لە بەرزترین بیناوە هەڵیان یایە خوارەوە. 

دووەمیان ژنێک بوو. هاوسەرەکەم ناچاریکردم بچم و بیبینم. ئەو ژنەیان بردە ناوەڕاستی مەیدانی ئەلنەعیم و تا مردنی بەردبارانیان کرد. خوێن لە چاوەکانییەوە و لە هەموو ڕووخسارییەوە دەچۆڕا. هەرجارێک دەیویست هەستێتەوە بە بەرد دەیاندایەوە بەزەویدا. تا مرد. 

کۆتا شت دەیانکرد ئەوەبوو داوایان لە ژنان دەکرد پشتوێنی خۆکوشتن ببەستن و زۆرینەی ژنانیش بە خۆبەخشی دەیانکرد. هاوسەرەکەم داوای لە من و ژنەکەی دیکەی کرد، بەڵام ئێمە تۆقیبووین. بۆیە خەمی ئەوەی بوو بەم هەڵچوونەمانەوە ڕەنگە شکست بە پرۆسەکە بهێنین. چوار ژن لە بەلجیکاوە بەخۆبەخشی بەشدارییانکرد. ئێمە یارمەتیماندان تا خۆیان ئامادە بکەن. لە سەیرکردنی ئەوانیدیکەوە فێر بووبووین. چەند شوێنێکی هەستیار هەن کە دەبێت تەقەمەنییەکانی لێ ببەسترێت و تەنها بە ژنان دەکران، بۆیە کردمان.


نەناسراو، لە سووریاوە: "بە دڵت بێ یان نا، تۆ داعشیت، ئیتر ئەمە ژیانی تۆیە."

داعش وەک نەخۆشییەکی درم وابوو، پەتایەک بوو کە تووشی هەموان دەبوو. بەداخەوە، ماڵەکەی منیشی گرتەوە. لەڕێگەی هاوسەرەکەمەوە دزەی کردە ژوورەوە.

هاوسەرەکەم کەسێکی تێگەیشتوو بوو، ژیانی خۆشدەویست. پەروەردەیەکی باشی هەبوو و لیبراڵ بوو، کەسێکی هەست ناسک بوو، لەلایەن هەموانەوە ڕێزی لێ دەگیرا. وردە وردە دیندارتر دەبوو و تێبینیم دەکرد بیروبۆچوونەکانی دەگۆڕان. نازانم چۆن ڕوونی بکەمەوە، قۆناغ بە قۆناغ ڕوویدا. 

لەناکاو ڕۆژێک چوو سەردانی دایک و باوکی کرد لە دێکەیان. دواتر دایکی پەیوەندی پێوەکردم و وتی "ئەو ڕۆیشت، لەبیریکە. تۆ چیتر مێردت نییە."

دوای ٤٠ ڕۆژ لە مانەوە لەلای خزمەکانم و نەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، یەکێک لەوان پێی وتم بەلای ماڵماندا ڕۆیشتووە و هاوسەرەکەمی لەوێ بینیوە. 

بە دڵخۆشییەوە گەڕامەوە ماڵەوە و باوەشم پێداکرد. بەڵام چیتر ئەو نەبوو. ڕووخساری ئەو بوو، بەڵام هەرگیز هەمان کەس نەبوو. وەک ئەوەی بێگانەیەک بێت. 

پێی وتم بڕیاری خۆم داوە و دەبێت قبوڵی بکەیت. بە دڵت بێ یان نا، تۆ داعشیت، ئیتر ئەمە ژیانی تۆیە."
 
چیرۆکەکان بۆ فیلمی دۆکیۆمێنتارییەک بەناوی " ژنانی  ژێر دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و سوریا" گێردراونەتەوە، لەلایەن تۆماس داندۆیسی فیلمسازەوە دەرهێنانی بۆکراوە. 


چاوی خەڵک / Aljazeera 

AM:11:39:13/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌