سەنتەری میترۆ؛ ٢٣١ پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان کراوە

سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیایی نێودەوڵەتی IMS ی دانیمارکی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٩ خستە ڕوو. کە تێیدا ٢٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٠٩رۆژنامەنوس کراوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2019ی بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ماوەیەدا 124 حاڵەتی رێگریکردن لە روماڵی میدیایی تۆمارکراوە و 43 حاڵەتی دەستگیرکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان بەدەر لە یاسای کاری رۆژنامەنوسیش بونی هەبوە.

ئەوەش هاتوە، لەو ماوەیەدا 22 حاڵەتی لێدان و هەڕەشەکردن و 20 حاڵەتی دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا تۆمارکراون.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان ئاماژەی بەوەشکردوە، ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستاندا 13 حاڵەتی زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسان و سێ حاڵەتی هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی راگەیاند و چوار هێرش و تەشویشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دەزگاکان تۆمارکراوە.



دەقی وتاری سەنتەری میترۆ لە مەراسیمی راگەیاندنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان:

"لە كاتێكدا راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی بۆ ساڵیی ٢٠١٩ رادەگەەیەنین رۆژنامەنوسانی كوردستان لەهەموو كات زیاتر پێویستیان بەڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ كارەكانیان هەیە، ژینگەیەك زامنی ئازادی رادەربڕین و گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری بكات، تا بتوانن زانیاری بۆ خەڵك بگوازنەوە و ببنە هاوبەش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی.

ژینگەیەك بەپێی پێوەرەنێودەوڵەتییەكان، میدیا سەربەخۆ و فرە رەنگ بێت. ئازادی رادەربڕین لەهۆكارەكانی میدیای بینراو، بیستراو، نوسراو، ئەلیكترۆنی، پارێزراو بێت.كاری جدی بكرێت بۆكۆتایهێنان بەدیاردەی دەربازبوون لەسزا، لەو تاوانانەی بەرامبەر میدیاكاران ئەنجام دەدرێت.

یاسای رۆژنامەگەری و زانیاری، بەشێوەیەك كارا بێت كە زامنی بەشداریان بكات لە چەسپاندنی پرەنسیپەكانی شەفافیەت و لێپرسینەوە.

ژینگەیەكی بێ بێزاركردن، توندوتیژی لەدژی ئافرەتان و كچانی رۆژنامەنوس، ژینگەیەك هاندەر بێت تا بۆ شكاندنی بێدەنگی لە كەیسەكانی هەراسانكردنی ژنانی میدیاكار.

لەو راپۆرتەی تۆزێكی تر دەیبین داوامان كردوە دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان وەك تۆڵە بەكارنەیەت، لە كەیسەكانی تایبەتیش بە بڵاوكردنەوە پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببرێت نەك یاسای گشتی. بۆ ئەم داویەشمان رۆژنامەنوسان و داكۆكاریكارانی مافی مرۆڤ لە كوردستان پشتیوانیان كردین، لایەنی رەسمیش هەم سەرۆكی پەرلەمان هەم جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پشتیوانی داخوازیەكەمان بوون.

باسمان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە كە رۆژنامەنوسان مامەڵەیەكی خراپیان بەرامبەر دەكرێت و لە ژینگەیەكی دوژمنكارانە بەرامبەر بە پیشەكەیان كاری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن.

هەوەها هەڵێستمان بەرامبەر ئەنجومەنی باڵای میدیاكە لەچەند شوێنێكەوە، پرۆژە یاسایان بۆ ئامادە كردوە جەختدەكەینەوە "یاساكانمان زۆرن بۆشاییەكی ئەوەنە گەورە دروست نەبووە تا ئەنجومەنێكی باڵای میدیا قوت بكەینەوە، بەڵكو گرنگ جێبەجێكردنی یاساكانی پێشووە".

هەروەها تیشكمان خستۆتە سەر گرێبەستەكانی چەوسانەوەی رۆژنامەنوسان كە دادپەروەرانە نین، مۆڵەتی هاوسەرگیری، مۆڵەتی نەخۆشی، مەترسی، دەرماڵەی منداڵا یان بۆ ژنان و منداڵبوون زامن نەكراوە. بەردەوام گرێبەستەكان لە بەرژەوەندی خاوەنكاردایە، كەی خاوەنكار ویستی (كە لە هەرێمی كوردستاندا زۆربەی میدیاكان سەر بە پارتە سیاسیەكانن) گرێبەستەكە هەڵدەوشێنێتەوە.

راپۆرتەكەمان دیمەنی بارودۆخی ژیانی رۆژانەی میدیاكارانن لە كاتی خۆپیشاندانەكانی كە تیایدا رۆژنامەنوس دەكرێتە ئامانج و دەگای كەناڵی میدیایی دادەخرێت.

باسمان لە بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری كردوەكە ئێستا تا ئێستا ئەوە لەساڵی هەشتەمینی دەرچوونییدایە و لە زۆربەی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم یاسا گرنگە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.


داوا لە حكومەت دەكەین:
• لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت.
• راپۆرتەكانی رێكخراوە بیانی و ناوخۆییەكانی داكۆكیكار لەمافی رۆژنامەنوسان و مافەكانی مرۆڤ،كە تایبەتن بەپێشێلكاری و لادان، لەلایەن حكومەت و پەرلەمانەوە بەهەند وەربگیرێن و لەجیاتی وەڵامدانەوە و رەتكردنەوەی، كار لەسەر نەهێشتنی كەموكوڕیی دەزگاكانی جێبەجێكار بكرێت.
• دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی، پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان و كۆتایبهێنن بەدەربازبوونی بكوژو تاونباران لە سزا".







سەرچاوە/ هەواڵی پەیوەندیدار



PM:12:19:12/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 5 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌