تا ئێستا سزای سێدارە چ ئیزافەیەکی بۆ کۆمەڵگە پێبووە؟

چاوی خەڵک - ساڤان عەبدولرەحمان

ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٠ـە، سزای لەسێدارەدان لە ٥٣ وڵاتی جیهاندا لە پراکتیکدا پەیڕەو دەکرێت و داتاکان پێمان دەڵێن کە ڕێژەی  تاوانیش تا دێت ڕوو لە زیادبوونە. 

سەرچاوەی ئەمنێستیای جیهانیی ئینگلیزی سەبارەت بە داتاکانی ساڵی ٢٠١٨ لەبارەی سزای لەسێدارەدانەوە ڕایگەیاندووە "سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا بەڕێژەی %٣١ دابەزیوە، بەڵام تێیاندا چین بە وڵاتی پێشەنگ لە جێبەجێکردنی زۆرترین سزای لەسێدارەداندا دادەنرێت و بەدواشیدا ئێران، سعودیە، ڤیێتنام و عێراق دێن"

سزای لەسێدارەدان، واتە کۆتاییهێنان بە ژیانی کەسێک کە دەوڵەت لەبەرامبەر ئەنجامدانی تاوانێک دەیسەپێنێت بەسەر ئەو کەسەدا. بە درێژایی مێژوو لەسێدارەدان وەک سزایەک بەرامبەر بە تاوانەکانی دزی، کوشتن، خیانەت، تاوانی جەنگ، تاوانی مرۆڤایەتی و جینۆساید هەبووە. 

چەندین وڵاتیش هەن کە لە پراکتیکدا لەسەر بنەمای ئەوەی ئەم سزایە ئاکتێکی دڕندانەیە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و دژی مافی مرۆڤە، سزای لە سێدارەدانیان هەڵگرتووە. 

(ئ . ل) ناوی خوازراوی کوڕێکی ٣١ ساڵانە، بەهۆی ئەنجامدانی سێکس لەگەڵ خۆشەویستەکەی کە تەمەنی خوار هەژدە ساڵ بووە، ئێستا لە زیندانە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. 

(ئ . ل) دەڵێت " تاوانبار نیم و پەیوەندییەکە بە ڕەزامەندی هەردوولا بووە"
وتیشی " من خۆشم دەوێت و ئامادەم هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم" (ئ . ل) لە ئێستادا سزاکەی جێبەجێنەکراوەو ناچارە ڕۆژەکانی لە دڵەڕاوکێ بەڕێبکات لەبەر ئەوەی لەهەرکاتێکدا بێت دەکرێت سزاکەی بەسەردا جێبەجێبکرێت.

لە یاسای سزادانی عێراقیدا لە چەند شوێنێکدا ئاماژە بە سزای لە سێدارەدران کراوە یەکێک لەوانە ماددەی ٤٠٦ ـی کوشتن بە مەبەستە کە دەڵێت "هەرکەسێک بەدەستی ئەنقەست کەسێک بکوژێت ئەوا بە سزای سێدارە سزا دەدرێت."

کارزان فازیل، پارێزەری ڕاوێژکار بۆ چاوی خەڵک وتی "لە کوردستان زیاد لە ٢٥٠ کەس بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و جێبەجێش ناکرێت و لە چاکسازییەکاندا داندراون و نازانرێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە چی دەگوزەرێ؟"



ووتیشی "من لەگەڵ سزای سێدارەدا نیم، چونکە ئەو سزای سێدارەیەی کە دەردەچێت، زۆرجار قابیلییەتی ئەوەی تێدایە هەڵەی تێدا بکرێت. ئەو کەسەی تاوانێکی ئەنجامداوە، ئەوپەڕی هەڵەیەکی ئەنجامداوە کە زۆرینەی کات وایە. ڕێی تێناچێ سیستمێکی قەزایی لەم سەدەی بیست و یەکەدا وا بیربکاتەوە کە ئەو کەسە هەر دەبێ بکوژرێتەوە."

بەردەوامبوو ووتی "سزای لەسێدارەدان لە عێراق و کوردستان هەیە، لە عێراق تەنفیز دەکرێت و لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا نەوەستێندراوە، چونکە شتێک نییە نووسراو بێت، هەندێکجا بۆ کەسێک جێبەجێدەکرێت و بۆ کەسێکیتر ناکرێت، حکومەتی هەرێم دەیەوێت پیشانی وڵاتی دەرەوەی بدات کە لەگەڵ سزای سێدارەدا نییە."

سەبارەت بە گۆڕینی سیستمی قەزایی ووتی "ئەگەر سیستمی قەزایی بگۆڕدرێت خەڵک قبوڵی دەکات لەجیاتی سێدارە سزای هەتاهەتایی بدرێن، بەڵام لەوە دەترسن بە لێخۆشبوونێکی گشتی هەموویان بێنە دەرەوە."

نەسرین عومەر، پارێزەر بۆ چاوی خەڵک وتی "من لەگەڵ ئەوەدام کە سزای لەسێدارەدان جێبەجێبکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر تاوانێک ڕووبدات دەبێت سزابدرێت تاکو هەمان تاوان ڕوونەداتەوە. کە کەسێک مرۆڤێک دەکوژێت، ئەوا ژیانی کەسێکی کۆتایی هێناوە. تەنانەت لە دیندا هاتووە دەڵێت العین بالعین، واتە تۆ چاوی من دەربێنیت منیش چاوی تۆ دەردێنم. دەستم ببڕیت دەستت دەبڕم."

نەسرین بەردەوام بوو و وتی "ئەگەر سێدارە جێبەجێنەکرێت ئەوا چاوترسی بۆ خەڵک دروستنابێت. زیندانی هەتاهەتایی هەندێکجار لێخۆشبوونی گشتی دەیگرێتەوە ئەمە وادەکات کۆمەڵێک دز و بکوژ و بازرگانی مادەی هۆشبەر دووبارە بگەڕێتەوە و دەستبکاتەوە بە کاری خۆی."  

"سزای کۆتاییهێنان بە ژیان ئایدیۆلۆژی دینی لە پشتەوەیە بە جۆرێک کە دەتوانرێ ناوبنرێت "سزای تۆلە" نەک سزای دادپەروەری. "


کارل مارکس فەیلەسوفی ئەڵمانی و ڕابەری بیری کۆمۆنیستی پێی وایە کە سزای کۆتاییهێنان بە ژیان ناتوانێت چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بێت و لە وتارێکی کورتدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک دەیلی ساڵی ١٨٥٣ دەنووسێت "بونیادنانی بنەمایەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەردی کە پشت بە سزای سێدارە ببەستێت زۆر قورسە، چونکە تاک بەتەنها بەرپرسیار نییە لەو هەلومەرجەی کە تێیدەکەوێت."

مارکس پێی وایە سزای کۆتاییهێنان بە ژیان ئایدیۆلۆژی دینی لە پشتەوەیە بە جۆرێک کە دەتوانرێ ناوبنرێت "سزای تۆلە" نەک سزای دادپەروەری. 

هەروەها دەشڵێت "سزا بە شێوەیەکی گشتی، لەپێناو باشترکردنی ژیان یان چاوترساندندایە، ئەی ئایا تۆ چۆن ئەو مافەت هەیە لەپێناو باشترکردنی ژیانی ئەوانی دی یان چاوترساندنیاندا کۆتایی بە ژیانی من بهێنیت؟ جگە لەوەش مێژوو و داتامان هەن کە لەسەردەمی زووەوە پێمان دەڵێن سزای کۆتاییهێنان بە ژیانی کەسێک، ژیانی بەرەو باشتر نەبردووە."  

ئاشنا حەمەعەزیز، پارێزەر بۆ چاوی خەڵک وتی " سزای لەسێدارەدان دەست تێوەردانی دەوڵەتە لە هەبوون و نەبوونی مەخلووقێک. سزای لەسێدارەدان زیاتر لە وڵاتانی تۆتالیتاریزم یاخود ئەو وڵاتانەی ترادسیۆنی دیموکراسییان نییە پەیڕەو دەکرێت. "

وتیشی بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧ "٧٩ وڵات سزای کوشتنیان وەستاندووە لە جێبەجێکردن نمونەش بەڕیتانیا، ١٣وڵاتیش لەکاتی ئاشتیدا سزاکەیەان وەستاندووە لە جێبەجێکردن بەڵام لەکاتی ئاشتیدا، نمونەش پرتوگال، ٢٣ وڵات لە پراکتیدا هەڵیانگرتووە نمونەش هەرێمی کوردستان. واتە کۆی ئەو وڵاتانەی لە پراکرتیکدا ئەم سزایەیان هەڵگرتووە ١١٥ وڵاتن و لەمڕۆدا ٨٠ وڵات هەن کە ئەم سزایە جێبەجێدەن."

کومی نیدۆ، سکرتێری گشتی ئەمنێستیای جیهانی لەبارەی داتاکانەوە بە جیهان دەڵێت "جورئەت بنوێنن و هەر ئێستا کۆتایی بەم سزا دڕندانەیە بهێنن."





AM:11:12:12/01/2020




ئه‌م بابه‌ته 1908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌