دوای پێنج ساڵ مانەوە لەژێر دەستی داعش، ئەمەل بە خوشکەکەی شاد بۆوە

ئەمەل ناوی خوازراوی کچێکی 20 ساڵانە و خەڵکی گوندی کۆجۆیە، ڕزگاربویەکی ژێر دەستی داعشە و دوای 5 ساڵ لە بازرگانی و دەستدرێژیکردن ئێستا گەڕاوەتەوە. 
پێش هێرشی داعش لەماڵی خۆمان بووین، لە کۆجۆ. پانزە ساڵ بووم و لە پۆلی حەوت بووم.  خێزانێکی بەختەوەر بووین و هاوڕێی زۆرم هەبوو. کاتێک داعش هات لە تەلەفزیۆنەوە هەواڵەکەمان بیست و نەماندەزانی چیدەکەن. زانیبوومان کە هەندێک لەڕێگەی چوونیان بۆ چیا داعش گرتوونی و کوشتوونی، بۆیە ئێمە هەڵنەهاتین، لەگەڵ گوندی حاتیمیە رێککەوتین کە داعش هات بمێنینەوە، ماڵەکانمان بەجێ نەهێڵێن و نەچینە چیا.
کە داعش هاتنە گوندەکە بەڵێنیاندا هیچمان لێنەکەن، ووتیان تەنها لەماڵەوە بمێننەوە و حەقمان نابێت بەسەرتانەوە. بەڵام دوای تێپەربوونی سێ رۆژ هەموومانیان لە قوتابخانەیەک لە کۆجۆ کۆکردەوە. ژن و منداڵیان لە قاتی سەرەوەی قوتابخانەکە دانا و پیاو و کوڕ و گەنجەکانیشیان لە قاتی خوارەوە دانا. پاشان پیاو و کورەکانیان بردە دەرەوە و رەشەکوژیان کردن. گوێمان لە تەقەکان بوو. ئاگامان لێبوو کە کوشتیانن. یەکێک لەوان براکەی من بوو. 
من و دایکم و پورم و خوشکەکەمیان برد بۆ موسڵ، لەوێ لە مەکتەبێکدا بووین و دواتر من و خوشکەکەمیان لە دایکم جیا کردەوە . خوشکەکەم ئەوکاتە 12 ساڵان بوو،  بۆ دایکم زۆر دەگریا، هەرچۆنێک بێت هەوڵمدا و خوشکەکەمم گەراندەوە لای دایکم.
لە تەلئەفەر هەموومان کۆکراینەوە و هەر کچەو بۆ شوێنکێک فرۆشرا، من فرۆشرامەوە بۆ موسڵ. بەڵام نەمزانی نرخی کرین و فرۆشتنەکەم چەندبوو!

لەماوەی 5 ساڵدا، 15 جار کرین و فرۆشتنم پێوە کراوە، 11 جاریش دەستدرێژی سێکسیم کراوەتە سەر و لەژێر حوکمی داعشدا سوکایەتیم پێدەکرا. پێم دەوترا کافر. پێم دەوترا  پیس . ناچاریان کردم  ببم بە ئیسلام ، نوێژ بکەم و فێری نوێژەکانی ئیسلام بم و بەڕۆژوو بم، هەمان ئەوشتانە بە خوشکە بچوکەکەشم کراوە.

لەماوەی ئەو 5 ساڵەدا، موسڵ، رەقە، تەلئەفەر، سوریا، هەندێک لادێ و مەیادیر،  هاجیر،  باغوس و  حەویجەم بینیووە.
کاتێک یەکەم فرۆشتنم پێوەکرا خاوەنەکەم ئەبو کەرار بوو، 30 ساڵ بوو. دووجار هەوڵی خۆکوشتنم د؛  جارێک حەبم خوارد و جارێکیش چەقۆم لەخۆمدا چونکە ئەو پیاوەی منی کڕی دەست و قاچی کەلەپچە کردم و دەستەکانمی بە جلەکانی خۆم بەستەوەو یەکسەر دەستدرێژی سێکسی کردەسەرم و توشی نەزیفی کردم، بەوەشەوە نەوەستا بەڵکو پێنج جاری تر هاتەوە لام. هیچ جلێکم پێنەبوو، ناچار جلە پیسەکانی خۆمم لەبەر کردەوە. لە ماڵەکەدا دایبی منداڵی لێبوو،  بەخۆمم هەڵگرت تا لەشم پیس نەبێت.
ئەبو کەرار هەمیشە لێدەدام تا ببم بە موسڵمان و نوێژ بکەم، بەڵام من تا 15 رۆژ هەر نەبووم بە موسوڵمان، فێریان کردم کە نوێژ بکەم و بەرۆژوو ببم و قورئانیان پێدەخۆێندمەوە، هیچ هەستێکی تایبەتم نەبوو بەرامبەر بە ئیسلام هەمووی ئاسایی بوو. هەموو دوو شەمە و پێنج شەمەیەک دەبوو بەرۆژوو بین.
ئەبو کەرار نەیبردمە لای ژنەکەی خۆی، منی بردەوە ماڵی باوکی، لەوێ زۆر پرسیاریان لێکردم تا بزانن هیچی لێکردووم، منیش نەموێرا هیچ بڵێم هەر دەموت نا هیچی لێنەکردوم. هەڕەشەی لێکردبووم ئەگەر قسە بکەم ئەوا دیسان دەستدرێژی دەکاتەوە سەرم.
ئەوانەی دەیانکڕیمەوە مامەڵەیان خراپ بوو بەرامبەرم، هەمیشە لێیانم دەخوارد و وەک خزمەتکارێک سەیریاندەکردم. پاشان ئەبو کەرار منی فرۆشتەوە بە کوری مامی ناوی ئەبو ئەلی بوو.  ماوەی ساڵێک و نیو لای بووم، ئەبو ئەلی پەرستار بوو ئەو لەماڵی براکەی داینام.
هەموو جارێک دەمزانی دەستدرێژی سێکسیم لێدەکرێت. بەڵام هەمیشە بەرگریم دەکرد تاوەکو هێزم نەدەما و  بێ هیچ هەست و سۆزێک کاری خۆیان دەکرد. یەکێک لەو 11 کەسەی دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم  خەڵکی سلێمانی بوو لەهەموو داعشەکانیتر خراپتر مامەڵەی لەگەڵ دەکردم.
ژنەکەی ئاگاداربوو کە مێردە داعشەکەی دەستدرێژی سێکسی دەکاتەسەرم و هیچ حسابێکی بۆ نەدەکرم.  تەنانەت لەسەر ئیشی ماڵ بە چەپۆک لێی دەدام و سوکایەتی پێدەکردم. هەر لەو 11 داعشە تێیدا بوو 2 ژنیشی هەبوو کەچی  منیشی دەویست.
داعشە سۆرانیەکە منی ناردە لای ئەو داعشەی خوشکەکەمی لابوو ؛ ئەویش بە گۆڕینەوەی من  بە دوومنداڵ کە یەکێکیان تەمەنی سێ ساڵ و نیو ئەوی تر شەش ساڵ بوو.  ئەوانیش دەستدرێژی سێکسیان کرابووەسەر.
بە چوونم بۆ لای خوشکەکەم نارەحەتتر بووم چونکە بەچاوی خۆم دەمبینی دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر خوشکەکەم و دەمبینی چی لێدەکرد.

"بۆ ماوەی 15 رۆژ لای خوشکەکەم مامەوە، بێکەس و نارەحەت بووین، هیچ هەواڵی کەسوکارەکەمان نەدەزانی. هەمووکات دەگریاین."

دواتر کەوتمە لای داعشێک ناوی ئەبو ئیبراهیم  بوو، دوو ژنی هەبوو،  باش بوو لەگەڵم. باشبوونەکەش ئەوە بوو کە لێینەدەدام و نانی باشی پێدەدام و لەکاتی نەخۆشیدا دەرمانی پێدەدام و گرنگی پێدەدام.
بەڵێنی پێدام رزگارم بکات . تەلەفونی بۆ موهەربەکان کرد، بەڵام کاتێک داعشەکانی تر سەیری مۆبایلەکەی ئەبو ئیبراهیمیان کرد  زانیان دەیەوێت رزگارم بکات، بۆ مانگێک  دەستگیریان کرد. ئەو کاتەی ئەویش لە زیندان بوو من لای چەند کچێکی ئێزیدی بووم.
کە لە زیندان ڕزگاری بوو هات بۆلام و پێی وتم " دەمەوێت تۆ برۆیت، من یارمەتیت دەدەم  بچیتەوە لای خێزانی خۆت بەڵام لای هەموو کسی ئێرە وا نیشاندە دەوڵەتی ئیسلامی  باشن و  خۆشم دەوێن،تا هەست نەکەن بەتەمای برۆیت''دواتر ئەبو ئیبراهیم منیدا بە ئەبو محمد.
کاتێک خاوەنەکانمان  بمردایە گرێبەستی ئازادبوونیان دەداینێ.  یان خۆیان گرێبەستی ئازادکردنیان بداینایەتێ دەمانتوانی چیتر ئازاد بین. ئەبو محمد گرێبەستی ئازادبوونی بۆ کردم  بەڵام دەیویست لەڕێی منەوە داوای پارە لە کەسوکارم بکات و بە پارە من بفرۆشێتەوە بە خێزانەکەم.
کاتی گرتنی دیلەکەکان ئەبو محمد منی لە ژێر خەندەق لەگەڵ خێزانە داعشەکانی تردا دانا. یەپەگە هاتن  ژنە داعشەکانیان گرتن، منیش هەر بە زوویی خیمارەکەم دا بە دەموچاومدا و لەگەڵ ژنە داعشەکان خۆم بە لوبنانی ناساند بۆ ئەوەی هیچم لێنەکەن. کاتێک هێزەکانی یەپەکە من و ژنە داعشەکانی گرت بردیانین بۆ بیابانی باغوس و لەوێ تەفتیشیان کردین و لێیان دەپرسین کە چین و خەڵکی کوێن، من  و کچێکی تر وتمان ئێمە ئێزیدین.
ئیتر ئێمەیان جیا کردوەو بردیانینە ماڵێکی ئێزیدی حزبیی کە یارمەتی ژن و کچی ئێزیدی دەدەن لەوێ  دایان ناین بۆ ماوەی هەفتەیەک.
خوشکەکەم بە جۆرێک پەیوەندی کرد و وتی لەکاتی قەسف بریندار بووم لە باغوسم و نازانم لەکوێی باغوسم، یەپەکە بەدوایدا چوون و ئەویشیان رزگار کرد و هێنایانەوە لای من. دواتر بردیانینە خانکێ.

"ئەو پێنج ساڵەی لەوێ بووم هیچ خەوێکم نەبوو، هەموو کات مەعیدەم ئازاری دەدام و بەردەوام دەگریام و بە هۆی گریانەوە ئێستا چاوەکانم بینینی کز بووە. چەندجارێک هەوڵمداوە ڕابکەم، بەڵام هەموو جارێک پێیاندەزانی و لێیاندەدام."

دوو هاوڕێی ئێزیدیم هەبوو، ئەوان گەورەتر و وریاتر بوون لەگەڵیان دەچووم بۆ نۆرینگەیەک لە حەوێجە بۆ ئەوەی حەبی مەنع بکرین یان دەرزی مەنعمان لە خۆمان دەدا بۆ ئەوەی منداڵمان نەبێت.
ئەبو ئەیمەنی کورد لە یەک کاتدا حەبو دەرزی مەنعی پێدەدام، ئەبو عمر لوبنانی حەب و ئەبو معالی تونسی خۆی دەرزی پێدام بۆ ئەوەی مەنع بکەم. چونکە هەموویان ژن و منداڵیان هەبوو نەیاندەویست منداڵی تریان ببێت.
دایکم تەمەنی 40 ساڵان بوو هەر لە تەلئەفەر دایکمیان کوشت وبێکەس ماینەوە. ئێستا کە گەراومەتەوە  لەلای کورێکی مامی باوکمین تەمەنی 55 ساڵانە و ژن و منداڵی هەیە و وەک خێزانێک دەژین، ئێستا خەوم باش بووەو نانخواردنیشمان باش بووە.
حەز دەکەم بچمەوە قوتانخانەو خوێندنەکەم تەواو بکەم، ببمە پەرستار، ئێستا کەسێک هەیە لە ژیانم و بەتەماین هاوسەرگیری بکەین.

تاتۆکەی دەستم نوسراوە کۆجۆ، ناوی گوندەکەمانە و هاوڕێیەکی کچم بۆی کردووم. 









چاوی خەڵک/ تایبەت







 
















 


PM:07:47:20/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 146 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌