قوتابییەکانی گوندی زێوکە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا بێ پۆل و لەژێر خێوەت درێژە بە خوێندن دەدەن


بەهۆی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیاوە گوندی زێوکە و گوندی کونەمارێ  سەر بەقەزای پشدەر بەتەواوی چۆڵکراون و قوتابییەکانیان لەژێر خێوەت درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن.
گوندەکە لە 24 کاتژمێردا 27 جار بۆمباران کراوە ، بەمەش خەڵکی هەردوو گوندەکە  نزیکەی مانگێکە ناچار بوون ماڵ و گوزەرانیان بەجێ بهێڵنن و لەسەر چەمی سەرخان بە ئاوارەیی بەردەوامی بە ژیانیان بدەن.


ئاوارەکانی گوندی زێوکە هەموویان سەر بە یەک بنەماڵەن، کە  20 خێزانن و کۆی خێزانەکان لە 90 کەس و گوندی کونەمارێ لە 2 خێزان پێکهاتوون ، هەردوولا بەهۆی بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیاوە شوێن و ماڵی خۆیان بەجێهێشووە.
هاوڵاتیانی گوندەکە دەڵێن "حکومەت و پەروەردە بە هەموو شێوەیەک کەمتەرخەن و تا ئێستا هیچ ئاورێکیان لێ نەیاوینەتەوەو پشت گوێ خراوین لە هەموو لایەنێکەوە."


لەگوندەکەدا قوتابخانەیەکی لێبووە کە ئەویش بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە زیانی زۆریان پێگەشتووە، بەڵام مامۆستاکان  بۆ ئەوەی ساڵێکی خوێندنی قوتابیەکانی گوندی زێوکە نەفەوێت هەموو رۆژێک لە قەڵادزێوە دەکەونە رێ تا دەگەنە سەرخان و وانە بە منداڵەکان دەڵێنەوە.
بەرێوبەرایەتی قوتابخانەکە لەژێر دارێکە لەسەر چەمەکە بێ ئەوەی تەنها کورسیەکیان هەبێت تا بتوانن لەسەری دابنیشن.


ئاوات عوسمان ، بەرێوبەری قوتابخانەی زێوکە بەچاوی خەڵکی راگەیاند " پێویستە لایەنی پەیوەندیدار خەمێک لەم هاوڵاتیانە بخوات و شوێنێکیان بۆ دابین بکرێت، چونکە ئەمە شوێنێکی گونجاو نییە بۆ مانەوەی قوتابیەکان و هەروەها بۆ خێزانەکانیشیان، چونکە ئێستا کەشوهەوا باشە بەڵام ماوەیەکی تر زستان دێت و ئاوی چەمەکە زۆر دەبێت و هەموو خێوەتەکان ئاو دەچێتە ناویی و ژیانیان سەختتر دەبێت."
هەروەها دەربارەی قوتابخانەکە ووتی" لە لایەکی چەمەکەوە قوتابخانەکەمان دروست کردووە و بە هاوکاری 4 مامۆستای میلاک و 2 مامۆستای وانەبێژ وانە بە قوتابیەکان دەڵێینەوە، قوتابخانەکە  پێکهاتووە لە سێ پۆل،  پۆلی یەک و دوو لەژێر یەک خێوەت و پۆلی سێ لە دوو قوتابی پێکهاتووە کە لە دەرەوەی خێوەتەکە لەسەر رەحلەیەک دانیشتوون و هەتاوی گەرم لەسەریان دەدات، پۆلی چوار و شەش لەژێر خێوەتێکدان بەشێوەیەک کە لایەکی پۆلەکە پۆلی چوارەو لاکەی تری پۆلی شەشە، و بە سەرە مامۆستاکان وانەکانیان پێ دەڵێنەوە."



"بە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەمان ووت کە تەنها چوار کورسیمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی لەکاتی ئیسراحەتەکاندا لەسەری دابنیشن، بۆیان دابین نەکردین." ئاوات  بە چاوی خەڵکی ووت.
مەحمود محەمەد حسین ،بەڕێوبەری پەروەردەی پشدرەر لەبارەی رەوشی قوتابخانەکەوە ووتی" ئەوە یەکەمجار نییە پرۆسەی خوێندن لەسنوری پەروەردەی پشدەردا بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی گوندەکانی سنوری بناری قەندیل دەکەوێتە مەترسییەوەو پێویستە حکومەت چارەسەری ڕیشەیی دۆخی قوتابی لەم ناوچەیەدا بکات."



ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانPDO ، بە بیستنی باری خراپی قوتانخانەکە و بە مەبەستی هاوکاری و گەیاندنی دۆخی خەڵکەکە بۆ لایەنەکانی تر و ڕوماڵکردن و ئاگاداربوون لە ڕەوشی هاوڵاتیانی کەمپی سەرخان، هەستان بە سەردانکردنی کەمپی سەرخان سەر بە قەزای پشدەرو  دابینکردنی وایت بۆرد بۆ قوتابخانەکە ، هەروەها دابینکردنی جانتا و قەرتاسیە بۆ خوێندکارەکان. بۆ ژنانی کەمپەکەش جانتایەک لە پێداویستی سەرەتاییان بۆ دابینکرا و بەسەر ماڵەکاندا دابەشکرا.




چاوی خەڵک / تایبەت







AM:11:43:19/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 206 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌