گەشتێکی ناوخۆیی ئێران بە سەرپەرشتی دوو فڕۆکەوانی ژن

پاش چل ساڵ بۆ یەکەمین جار، فڕۆکەوانێکی ژن و هاوکارەکەی، لە گەشتێکی ناوخۆییدا لە تارانەوە بەرەو مەشهەد بە 140 گەشتیارەوە بەڕێکەوتن و لە گەڕانەوەیشدا بە 171 گەشتیارەوە گەڕانەوە تاران.

نەشات جیهانداری فڕۆکەوانی سەرەکی گەشتەکە بوو و فروز فەیروزی یاریدەدەری فڕۆکەوانی گەشتەکە بوو، پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمە یەکەمین جارە ژنان گەشتێکی فڕۆکەوانیی ئەنجامبدەن. 
نەشات جیهانداری29 ساڵە و لە دایکبووی تارانە، هەر لە منداڵییەوە خولیای فڕۆکەوانی هەبووە و لە پێنج ساڵییەوە بە پێچەوانەی هاوتەمەنەکانییەوە لەجیاتی بوکەشوشە حەزی لە یاریکردن بوو بە فڕۆکە. 
نەشات لەگەڵ حەز و خولیای فڕۆکەوانیدا گەورە بوو و لە 18 ساڵیدا بەشی ئەندازیاری تەکنەلۆژی فڕینی ئاسمانیی لە زانکۆیەکی ئێران خوێند. بەهۆی خۆشەویستی زۆری بۆ ئەم پیشەیە، دواتر بڕوانامەی پسپۆڕی  لە بەشەکانی فڕۆکەوانیی و هاوکاریی فڕۆکەوان وەرگرت.

لە پاش یەکەمین گەشتی ئەم دوو خانمەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چیرۆکەکەیان کاردانەوەی لێکەوتەوە، هەندێک لە پیاوانی ئاینی دەڵێن، ئێمە ئامادە نین بە فرۆکەیەک گەشت بکەین کە فڕۆکەوانەکەی ژن بێت. هەندێکیش بە پێشکەوتن و کارێکی گرنگیان زانی و نامەی پیرۆزباییان بۆ ناردن.
هەرچەندە فڕۆکەوانی بۆ خانمان لە ئێران قەدەغە نییە بەڵام بونی خانمێکیش بە فڕۆکەوان کارێکی ئاسان نییە، دەبێت ژنان بۆ کورسی فڕۆکەوانی بجەنگن، نەشاتیش هەمان کاری ئەنجامدا و سەرکەوتوبوو.
لە پاش ئەم گەشتەوە بەشێک لە ژنانی ئێران ئومێدیان پەیدا کردووە و دەیانەوێت هەمان بڕوانامە بەدەست بهێنن و ڕۆژێک لە ڕۆژان ببنە یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی دونیا.




سەرچاوە: همراهان خبر






PM:01:55:17/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 127 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌