تارا ئەمین؛ دەستاوی دەستی خانمان بەتامترە

چاوی خەڵک لە رۆژی جیهانیی خواردندا، خاتوونی شێف تارا ئەمین سەپان وەک ژنێکی بە ئەزموون لە بواری خواردندا و خاوەنی کتێبی هونەری چێشتلێنان بە سەردانکردنی چێشتخانەکەی لە سەهۆڵەکەی سلێمانی بەسەر دەکاتەوە.


وەک شێفێک چیت ھەیە بۆ ڕۆژی جیهانیی خواردن؟


من وەک شارەزایەک لەبواری خواردن دروست کردن دا، خواردن بە بەشێکی سەرەکی پێداویستی مرۆڤ لە ژیاندا دەزانم. بێ خواردن مرۆڤ ناتوانێت ژیانی ڕۆژانە بەڕێوە ببات، جەستەمان پێویستی بە خۆراکە بەڵام دەبێت بزانین چۆن خواردن ئامادە دەکەین و چەند دەخۆین لەبەر ئەوە گومانی تێدا نیە زیادەڕەوی لە خواردندا و خواردن بەشێوەیەکی ھەڵە زیانی تەندروستی بۆمان دەبێت.


تارا ئەمین سەپان کێیە؟

من ناوم تارا ئەمین سەپانە، کچی مامۆستا ئەمین سەپانی شاعیر و پەروەردەکارم، لەدایکبووی 1973 م
خەڵکی شاری ھەڵەبجەی شەھیدم ولەسلێمانیدا پەروەردە بوم، خێزاندارم خاوەنی دوو منداڵم. لە 24ساڵیدا کۆچم کردوە بۆ ئەوروپا و ماوەی بیست ساڵ لەوێ ژیام، ئێستا گەڕاومەتەوە کوردستان و لەشاری سلێمانی چێشتخانەیەکم کردۆتەوە.


چۆن بڕیارتدا ئەم ئیشە دەستپێبکەیت ؟ تا ئەوەی ببیتە خاوەنی کتێب و چێشتخانەی خۆت؟


ماوەی چەندین ساڵە لە شۆسیال میدیا کەسێکی چالاک و دیارم، لە یوتوب کەناڵی تایبەت بەخۆم هەیە و ئەکاونتێکی فەیسبووکیم هەیە، لەوێ ھەموو فێرکارییەکی خواردنم بە وێنە، نوسین، ڤیدۆ خستۆتە بەردەست بینەران. پاشان خواردنەکانم کردە کتێبێک بەناوی ھونەری چێشتلێنان، ئەم کتێبەم دەورێکی باشی بۆ ھەموان هەبوو بەتایبەت ئەوکەسانەی فەیسبوک بەکار ناهێنن. ئێستا چاپی دووەممی کتێبەکەم بەڕێوەیە.  دانانی چێشتخانە ھیوایەتێکی گەورەم بوو، لەتەمەنی دوانزە ساڵیەوە لەبەردەستی دایکمدا خواردنم دروست کردوە، من لەئەڵمانیاش چێشتخانەم ھەیە بەڵام زۆرم پێ خۆش بوو لە کوردستانیش ئیشێکی وابکەم.


کێ پاڵپشت بوو؟

خێزانەکەم پاڵپشتم بوون. بەڵام پاڵپشتی بەھێزو گەورەم باوکم بووە. ڕاستە خۆم ھەوڵمداوە بەڵام ئەگەر پاڵپشتیی باوکم نەبوایە لەھەردوو چێشتخانەکەمدا نەم دەتوانی بەردەوام بم.


ئایا دەرکەوتنی بەرچاوی ژنان لە سلێمانی و لەم بوارە زیاتر بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

 بێگومان چەندین خانم لەم بوارەدا کاردەکەن، بەتەنها ئافرەتی شاری سلێمانی نین ڕاستە لەوانەیە لەسلێمانی ژمارەیان زیاتر بێت بەڵام لە شارەکانیی تریش ئافرەتان ئەم کارە دەکەن، هۆشیاری ئافرەتی سلێمانی و توانایان ھۆکارە، ھەر خانمە و بە ھۆکارێک دەستیپێکردوە، دواجار ھۆکارەکەی ھەرچیەک بێ گرنگە بتوانێ خزمەت بکات و سەرکەوتوبێت.


جیاوازی نێوان شێفی ژنان و شێفی پیاو چییە؟

 جیاوازیەکی ئەوتۆ نابینم لەنێوان شێفی پیاوان یاخود ژنان، پیاوانیش دەستێکی باڵایان ھەیە لەم بوارەدا، بەڵام بەبڕوای من دەستاوی دەستی خانمان بەتامترە. شەرت نییە ھەموو خانمێکیش دەستاوی بەتام بێ یاخود هەموو پیاوێکیش دەستاویان ناخۆش بێت، بەڵام لە ھەندێ خواردندا ئافرەتان بەسەلیقەترن وەک کوبەو کفتەو سەروپێ یاپراخ شفتە.


قسەیەک ھەیە دەڵێن "ئەو خواردنانەی ژنان دروستی دەکەن زیاتر ڕۆحی تیایە و لە دڵەوە دروستی دەکەن" تۆ چیت ھەیە بۆ ئەم قسەیە؟

دەربارەی ئەوەی دەڵێن خواردنی ئافرەت ڕۆحێکی تایبەتی تێدایە خۆی لەڕاستیدا کەسەکە خۆی کەوتووە، پیاو بێ یان ئافرەت دەبێت بەدڵێکی خۆشەوە خواردن دروست بکات، ئارام بێ، ھیلاک نەبێ و خۆشەویستی بۆ کارەکە هەبێ، بێگومان ئەمە دەوری دەبێت لەتام و چێژی خواردنەکەدا.


چەند کتێبت چاپکردوە؟ دەتوانی باسێکی کورتی کتێبەکەتمان بۆ بکەیت؟


یەک کتێبم چاپ کردوە بەناوی ھونەری چێشت لێنان، 260 لاپەڕەیە و بەسیدیەوە ھەموو بەشەکانی خواردنی گرتۆتە خۆی. زۆربەی خواردنە کوردیەکانم تێیدا کۆکردۆتەوە وەک ''زەڵاتە، موقەبلات، شیرینی، شیرەمەنی، شەربەت و ئیشی ھەویر و زۆر شتی تر، خواردنی وڵاتانی ترو ئەوروپیشی گرتۆتە خۆی، چاپی دووەممان بەم زوانە دەکەوێتە بەردەست خەڵک و گۆڕانکاریەکی بەرچاوی تێدا کراوە، خواردنی جیاوازو زیاترمان بۆ زیاد کردوە بەدیزاین و بەرگی تازەوە، یەکەم چاپمان 5000 ھەزار کتێبمان  چاپ کردوە، ئیشەڵا چاپی دووەمیش بەسود دەبێت.


لەکۆتاییدا پەیامت چیە بۆ ژنان؟


پێیان دەڵێم ئێمەی ئافرەت بەھێزین دەتوانین ھەمووشت بکەین و سەرکەوتووبین لەھەموو بوارێکدا. ھیچمان لەپیاوان کەمتر نییە، تەنیا دەبێت ئیرادەمان هەبێت وکۆڵنەدەین، بەربەستەکان نەمان وەستێنن و ئاوڕ بۆ دواوە نەدەینەوە. پشت بەخۆمان ببەستین و چاوەڕێی دەستی کەس نەکەین، بەم شێوەیە دەتوانین ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆخۆمان دابین بکەین.




چاوی خەڵک/ تایبەت




























 





AM:11:52:16/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 1430 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌