بەیانیان ژنان دەچن بۆ دۆشین و پیاوان دواتر دەچنە شوانیی


''هەرمن'' ناوی گوندێکە لە باشووری کوردستان، مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زوو، سەرەتاکانی دروستبوونی شاری سلێمانی. چاوی خەڵک لەڕۆژی جیهانیی ژنانی لادێدا سەردانی گوندەکەی کرد و لە نزیکەوە چاوی بە دانیشتوانی گوندەکە کەوت. 
لەگەڵ چونە گوندەکەوە کەش و هەوای خۆشی ئەوێ ئێمەی سەرسام کرد، دیمەنی ئەو قازانەی لە فێنکاییەکدا خەریکبوون پشوویان دەدا بۆ ئێمە سەرنج ڕاکێش بوو. 



خاتوو عیسمەت محەمەد، کارگوزارێکە لە خوێندنگەی لادێکە و ڕۆژانە ئەرکی پاککردنەوەی خوێندنگەکەی لەسەرە، میواندۆستانە بەخێرهاتنی کردین و ڕێ ی ماڵی خاتوو سەعدی پیشانداین. 






سەعدی کەریم، ژنێکی ڕەسەنی لادێکەیە و گاگەل بەخێو دەکەن، بە بینینی ستافی چاوی خەڵک دڵخۆش بوو و لەبارەی خۆیەوە قسەی بۆ کردین ''ماڵمان لێرەیە، ئێمە لە پێنج و شەشەوە لەخەو هەڵدەستین، ئەوەی گاگەلی هەبێت دەچێت بەلای گاگەلەوە، ئەوەی تەلبەندی خەیاری هەبێت دەچێت بۆ خەیار ڕنین.''



وتیشی '' ئێمە گاگەلمان هەیە بەیانیان ژنان دەچن بۆ دۆشین و پیاوان دواتر دەچنە شوانیی، لە ماڵی ئێمەدا بەس من دەچم بۆ دۆشینی مانگاکان. دواتر  دەیپاڵێوین و گەرمی دەکەین و دەیکەین بە ماست و دەیبەین بۆ شار .'' 
لەبارەی فرۆشی ماستەکەیانەوە وتی ''ئێستا چونکە گیا بووە بە پووش ماستمان کەمە ڕۆژی دوو بۆ سێ سەتڵ دەبێت بەڵام کاتیتر زۆرە دەگاتە نزیکی دە سەتڵ'' 


سەعدی لەبارەی ژیانی لادێوە وتی ''ئێمە خوێندەواریمان نییە بۆیە ژیانی ئێرە بۆ ئێمە زۆر خۆشە، مەعیشەتمان لەسەر ئەم کارە دەڕوات. چوار کچم هەیە، لە شار زانکۆیان خوێندووە و ئێستا گەڕاونەتەوە لادێ، ئێستا دوانیان مامۆستان. ''





چاوی خەڵک / تایبەت


PM:10:27:15/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌