کەمپەینی پشتگیریکردنی ژنانی باشور لە رۆژئاوا

ئەمرۆ 15/10/2019 لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی بەمەبەستی رێزلێنان لە خەباتی رۆژئاوای کوردستان و بەرز راگرتنی رۆحی شەهیدان، مەراسیمێکی ماتەم بۆ شەهید "هەڤرین خەلەف" و هەموو شەهیدانی رۆژئاوا بڕێوە چوو.

ئامادەبووان بەدانانی گوڵ و داگیرساندی مۆم مەراسیمەکەیان  دەستپێکرد،و پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوا دووپاتکردەوە.

 پەیام ئەحمەد پەرلەمانتاری پێشوو لەسەر لیستی گۆران، بۆ چاوی خەڵک ووتی  "دیارە ئەم کەمپینە لەلایەن ژنانی باشورەوە دامەزراوە، بەشێوەیەک ژنانی رێکخراوەکان، هەموو حیزبەکان و ژنانی بێلایەن بەشداریتێدا کردووە، لە ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێ گەیشتینە پێکهێنانی ئەم کەمپەینە بەناوی پشتگیریکردنی ژنانی باشور لە رۆژئاوا ، لەم کەمپەینەدا چەند چالاکییەک  ئەنجامدەدەین، یەکێک لەو چالاکیانە ئەنجامدانی مەراسیمی ئەمرۆیە کە رێزلێنانە لە گیانی پاکی شەهید هەڤرین و دایکە عەقیلە و سەرجەم شەهیدانی رۆژئاوا."


هەروەها ووتی" دوای ئەو هەموو ئەو چالاکیانەی لە باشور ئەنجامدراوە دەیکەین  بە یاداشتێک و بەرزدەکەینەوە بۆ UN و حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەت و پەرلەمانی هەرێم، تیایدا ئاماژە بە مەترسی ئەم لەشکرکێشیەی تورکیا کردویەتی سەر رۆژئاوا دەکەین، کە سبەینێ مەترسیەکەی دێتە سەرئێمە و داوا دەکەین ئەو قاعیدانە بکشێنەوە بۆ سنوری خۆیان و چیتر لەشکرکێشی تورکیا بوەستێنن و جینۆسایدی کورد نەکرێت، و گۆڕانکاری دیموگرافی لە ناوچەی رۆژهەڵاتدا نەکرێت "

"ئەم کەمپەینە بێلایانەیەو بەردەوامیش دەبین و یاداشتەکەش دەبەین بۆ هەولێر، و هەر لە سلێمانی رۆژی پێنجشەممە ڕێپێوانێک دەکرێت بۆ بەردەرگی سەرا بۆ پشتگیری کردن لە رۆژئاواو پشتگیری کردن لە شەرەڤانان و شەهیدانی رۆژئاوا."پەیام ئەحمەد ووتی.


مونیرە عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان، وەک یەکێک لە بەشداربووانی ئەم کەمپەینە بە چاوی خەڵکی راگەیاند" ئێمە بریارمانداوە لەهەموو ئەو خۆپیشاندان و گرتبوونەوەو چالاکیانەدا بەشداربین کە بۆ پشتیوانی لە خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئێستا ئەو کاتەیە کە کورد هەموومان یەک و یەکگرتوو بین و نێوماڵی خۆمان کۆبکەینەوە، دەبێت رۆژئاوا بۆ هەموو سیاسیەکانی کورد ببێتە وانەیەکی گەورە باشور و هەرێمی کوردستان لە باشور و هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکانی تر بۆئەوەی بزانین کەس دۆستمان نییە، خۆمان دەبێت دۆستی خۆمان بین، لێرەوە ئیدانەی هەموو هێرشەکانی تورک دەکەین کە کردویەتیە سەر رۆژئاوایی کوردستان و بە ئامانج کردنی خەڵکی مەدەنی و شەهید کردنی شەرەڤان و گەریلاکانمان ، هەر لێرەشەوە هەموو پاڵپشتی شەرەڤانان دەکەین بە خوێن بە گیان لەگەڵیانین."



دەربارەی هەڤرین، مونیرە ووتی" هەڤرین یەکێکە لە ژنە هەرە شۆرشگێرەکان لە رۆژئاوای کوردستان و پێشەنگی پێشەوای هەموومان بووە، هەڤرین تەنیا رۆژئاوا خاوەنی نییە بەڵکو هەموومان خاوەنی هەڤرینین، لێرەوە پێی دەڵێین رۆحت شاد جەستەت ئارام و دڵنیابە لەسەر رێباز و ڕێچکەکەی تۆ بەردەوام دەبین."


 


چاوی خەڵک / تایبەت



 


 


 


PM:09:06:15/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌