پاش مەرگی کچێک ژیان بۆ یاریگاکانی ئێران دەگەڕێتەوە!


دوای چل ساڵ بەسەر شۆرشی کۆماری ئێران، ژنان و کچانی ئێرانی رێگەیانپێدرا کە بچنە ناو یاریگاکان و هانی هەڵبژاردەی ووڵاتەکەیان بدەن.

سەرەتای ئەو بڕیارەی ژنان بتوانن بچنە نێو یاریگاکانەوە بۆ هەڵوێستەکەی "کچی شین" دەگەڕێتەوە، ئەو کچەی لە خۆشەویستی زۆرییەوە بۆ وەرزش، لە شکڵێکی پیاوانەدا و بە ڕیش و سمێڵێکی دەستکردەوە دەیویست وەک هاندەر لە نێو یاریگەدا، بینەری یاری تۆپی پێی نێوان یانەکانی ئیستیقلالی ئێرانی و عین'ی ئیماراتی ببێت.



سەحەر خودایاری 29 ساڵ، پاش ئەوەی زانرا هاندەرێکی سەرسەختی یانەی (ئیستیقلال)ی ئێرانی بوو کە ڕەنگی جلەکانیان شینە، نازناوی ''کچی شین'' وەردەگرێت.
پێش چوونە ژورەوەی بۆ یاریگاکە، لە ساتی پشکنیندا دەردەکەوێت کچەو دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت، پاش ئەوەی سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت دوو رۆژ لە بەندینخانە دەبێت و دواتر بە کافەلەتی پەنجا میلیۆن تمەن ئازاد دەکرێت، دوای ئازادکردنی لە بەردەم دادگادا ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە وبەهۆی رێژەی زۆری سوتاوییەکەیەوە گیان دەسپێرێت. 
مردنیی ''کچی شین'' دەنگدانەوەی گەورەی لە ئێران و دەرەوەی ئێرانیش بەدوای خۆیدا هێنا و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، ژنان و چالاکوان و وەرزشکاران زۆرترین فشاریان دروستکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی فیفا لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات و فشار دروست بکات.



جویس کوک، بەرێوبەری بەشی پەروەردە و بەرپرسی کۆمەڵایەتی لە فیفا، وتی" ئەمە تەنها پەیوەست نییە تەنها بە یارییەکەوە، بێگومان چاو پۆشی لێناکەین."
هەروەها ووتی" جەخت لەوە دەکەینەوە هەموو هەوادارێک مافی یەکسانی هەیە، لەوانەش ژنان مافی خۆیانە لە یاریگاکاندا ئامادەییان هەبێت."
فشارەکانی فیفا ئێران و کاربەدەستانی وەرزشی ئەو وڵاتەی ناچار کرد لە پاش چل ساڵ، جارێکی دیکە دەرگای یاریگاکانی ئێران بەڕووی خانماندا بکرێتەوە.
 


سەرچاوە/ بی بی سی فارسی





PM:12:28:15/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌