ئاژەڵان لە چەمچەماڵ یارمەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان دەدەن


لەڕێی بەکارهێنانی ئاژەڵانەوە، باخچەی چارەسەرکردن لە چەمچەماڵ، یارمەتی چارەسەرکردنی دەرونیی قوربانیانی توندوتیژی دەدات. بەڕێوەبەرانی ناوەندەکە لە نزیکەوە یارمەتی چەندین کەس دەدان کە بەر زەبری دەروونی کەوتون بە هۆی جنۆسایدی ئەنفال و مانەوە لە ژێر دەستی خەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش).

بیرۆکەی ئەم باخچەیە لەلایەن سەڵاح ئەحمەد، بەڕێوەبەری دەزگای ژیانەوە سەرپێخراوە، ساڵی 2018 لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و کرایەوە. لە ئەوروپا بەکارهێنانی ئاژەڵ لە چارەسەری دەروونییدا، چارەسەڕێکی زانستییە و لە نەوەدەکانەوە کاری لەسەر دەکرێت.

ئاراس هیوا، چارەسەرکاری دەروونیی دەزگای ژیان سەبارەت بە بونیادنانی باخچەکە بە (چاوی خەڵک)ی وت ''لەم باخچەیەدا سودمان لەبیرۆکەی کلتوری خۆمان وەک خانووی قوڕ، گڵ، ئاو و کا وەرگرتووە و بە شێوازێکی مۆدێرن دووبارەمان کردونەتەوە، ئەو خشتانەی بەکارهاتوون بۆ ماوەی پەنجا ساڵ دەتوانن خۆیان بگرن و بمێننەوە.''

کاتێک دەچیتە باخچەکەوە بە بینینی دیمەن و بۆنی خۆشی ڕەیحانەکان هەست بە ئارامی دەکەیت، ئاراس وتیشی ''نزیکی هەشت بۆ نۆ خانووی قوڕ تایبەت بە باڵندە، پەلەوەر، گوێدرێژ، ئاسک، بزن، وڵاخ، پشیلە و سەگ دروستکراون و چەند خانوویەکیش بۆ چارەسەری دەروونی.''

لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی چەمچەماڵ بە مەڵبەندی ئەم پڕۆژەیە دیاریکراوە، ئاراس وتی'' لێرە خەڵکێکی زۆر پێویستی بە هاوکاری دەروونی بووە، پێویستی بەوە بووە لەگەڵ ئەم ژینگەیە ئاشتبکرێتەوە، چونکە ئەوان ڕزگاربوو و قوربانین، بەتایبەتییش ناوچەی شۆڕش. لە ساڵی 1987 بەدواوە کە جێنۆسایدی ئەنفال ڕوویدا ئەم ناوچەیە لە توندوتیژی و ناسەقامگیری دەروونی پشکی شێری بەرکەوت، زوربەی دانیشتوانی ئێرە تووشی تراوما بوون، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە لە چەمچەماڵ ئەو کارە بکەین.''

وتیشی ''هەرچەندە نەوەی یەکەم تێپەڕی، بەڵام ئەم تراومایە گواسترایەوە بۆ نەوەی دووەم، چونکە ئاسەوارەکان لەسەر دەروونیان توندە، ئەوانیش هەڵگری ئەو نیشانانەن کە پێی دەوترێ تراومای قۆناغی دووەم.''

ئامانجی ئەو پڕۆژەیە ئارامکردنەوەی ئەو نەخۆشانەیە کە بە تراوما و فشاری دەروونییدا تێدەپەڕن، بەتایبەت ئەو ژن و منداڵانەی ڕزگاربووی دەستی داعشن، ئاراس لەو بارەیەوە وتی ''بەپێی لێکۆڵینەوە و سەرچاوەکانی شیکاریی نەخۆشیی دەروونیی، ژینگەیەکی لەوجۆرە دەتوانێت لە ڕێکخستنەوەی باردوخۆی دەروونی نەخۆشەکە هاوکاربێت.''

وتیشی '' لەپاڵ چارەسەری دەروونییدا دەمانەوێت ئەو پەیامە بە خەڵک بگەیەنین ئاژەڵان مەترسی نیین و دەبێت مامەڵەی جوانیان لەگەڵدا بکرێت؛ پەییامی ئێمە ئەوەیە ئاژەڵ دەتوانێت ببێت بە هاوڕێی مرۆڤ و تەنانەت ببنە هۆی کەمکردنەوەی ڕارایی و نیگەرانییەکانی.''

دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ کار بۆ مافى ژیان و ئازادی و ئاسوودەیی ژیانی منداڵان و پێگەیشتوان و بەدووربوونی هاوڵاتیان لە تیرۆر و تۆقاندن و ئەشکەنجە دەکات. هەربۆیە باخچەی هێلینیان سەرپێخستووە کە شوێنێکە بۆ ڕاهێنان بە قوربانیانی توندوتیژی یان ئەوانەی کە چارەسەری دەروونییان پێویستە.

سەرچاوە/چاوی خەڵک


PM:12:00:10/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌