كچان قوربانیی بازرگانیی سێكسی ژێربەژێرن


لێکۆڵینەوەیەکی نهێنی کەناڵێ بی بی سی ئەو نوسینگانەی هاوسەرگیری ئاشکراکرد کە لەلایەن هەندێک لە پیاوانی ئایینییەوە لە نزیک مەزارە گرنگەکانی عیراق بەرێوەدەبرێن، هەندێک لە پیاوە ئایینییەکان پەیوەندیان پێوە دەکرێت و  لە مارەکردنی "هاوسەرگیری چێژ"دا ئامادەدەبن، کە ئەم هاوسەرگیرییە کاتژمێرێک تێناپەڕێت و تەنیا لەپێناو سێکسدایە.

هەندێکیان نەک تەنیا ئەوەندە ئامادەبوون تا کڕیارەکانیان بە ئاسانی بگەیەننە لای ژنان و کچان، تەنانەت منداڵانەش کە تەمەنیان 9 ساڵ بوو.

بنکۆڵکارییەکەی بی بی سی ئاماژە بەوە دەکات پیاوە ئایینییەکان هەروەک جامباز ئیشدەکەن و بەرگێکی شەرعی بۆ کردارە سێکسیەکان و لەنێوانیشیاندا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، دەپۆشن. هەر لەم فیلمەدا کامێرە شاراوەکەی بی بی سی پیاوانی ئاینی لەوکاتەدا تۆمارکردوە کە قوربانییەکان بە ''بووکی حەڵاڵ'' ناودەبەن. 

"هاوسەرگیری چێژ" لەناو فیقهی ئیسلامی و مەزهەبی شیعیدا جێی مشتومڕە، بەڵام هەندێک لە پیاوانی ئایینی شیعە شەرعیەت بەم هاوسەرگیرییە دەدەن کە تیایدا پێویستە پیاوەکە بەرامبەر ئەو هاوسەرگیرییە مارەیی بدات.

لە ووڵاتە ئیسلامیەکاندا کە زۆربەیان سوننەن، هاوسەرگیری "میسیار" هەیە کە هاوشێوەی ئەو هاوسەرگیرییە، ئامانج لەو جۆرە هاوسەرگیریانە ڕێگە ئاسانکردنە بۆ پیاوان تا لەکاتی گەشتکردندا هاوسەرگیری بکەن، بەڵام  ئێستا ئەو هاوسەرگیرییە بۆ ئەو ژنان و پیاوان بەکاردێت تا بتوانن بچنە ماوەیەکی دیاریکراوی پەیوەندیەکی سێکسییەوە .

ئەم کردارە پیاوانی ئایینی کردوە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان وای دەبینن ئەو پرۆسەیە شەرعییە و  لەسەر ماوەی کورتی ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە مشتومڕیانە.

لێکۆڵینەوەکەی بی بی سی 10 مانگی خایاندووە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو کچانەدا کردووە کە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و ئەو پیاوانەش کە  پارە دەدەن بە پیاوە ئاینییەکان تا هاوسەریگیریەکی چێژیان بۆ بدۆزنەوە.

لەدوای ئەو جەنگانەی عیراق بەخۆیەوە بینی، مەزەندە دەکرێت نزیکەی ملیۆنێک ژن بێوەژن و بێلانە بوبن، بەهۆی ئەوەشەوە زۆربەیان بە هاوسەرگیری چێژ ڕازیبوون، هەروەک بۆ بی بی سیان باسکردبوو .

بەپێی ئەو بەڵگانەی تیمەکە دەستیانکەوتووە، هاوسەرگیریی چێژ لەناوچەکانی نزیک مەرقەدەکان لە عیراق پێکدەهێنرێن، بۆنمونە، تیمەکە لەگەڵ 10 پیاوی ئایینی لە ناوچەی کازمییە قسەیانکرد، کە یەکێکە لە گرنگترین ئەو ناوچانەی مەزار و مەرقەدی مەزهەبی شیعەی لێیە.

هەشت لەوانە دانیان بەوەدا ناوە ئامادەن گرێبەستی هاوسەرگیریی چێژ بکەن و نیوەیان ووتویانە دەتوانن گرێبەستی هاوسەرگیری چێژ بۆ منداڵانی 12 و 13 ساڵان ئەنجامبدەن.

هەروەها تیمەکە لە کەربەلا پەیوەندیان بە چوار پیاوی ئاینییەوە کردووە، کە گەورەترین شوێنی کۆکردنەوەی گەشتیاری شیعەیە، دوانیان دانیان بەوەدا ناوە ئامادەن هاوسەرگیریی چێژ بۆ ئەو منداڵان رێکبخەن.

هاوکات تیمەکە وێنەی چوار پیاوی ئاینییان بە شاراوەیی گرتووە کە سیانیان خەریکی بەردەستخستنی ژنان بوون بۆ ئەو جۆرە هاوسەرگیریانە، لە هەمانکاتدا خەریکی بەردەستخستنی منداڵانیش بوو.

سەید رەعد، کە پیاوێکی ئاینییە لە بەغداد، بە شاراوەیی و بێئاشکراکردنی پیشەکەی بۆ رۆژنامەنوسێکی بی بی سی دوا "شەریعە کاتێکی دیاریکراوی دانەناوە بۆ هاوسەرگیریی چێژ و پیاو دەتوانێت بەپێی توانا هاوسەرگیری لەگەڵ چەند ژن بکات کە دەتوانێت، دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک بکات بۆ ماوەی نیو کاتژمێر و دوای کۆتاییهاتنی هاوسەرگیرییەکە کچان دەتوانن دەستبەجێ هاوسەرگیری بکەنەوە."

سەید رەعد، سەبارەت بە  هاوسەرگیری کچانی منداڵ دەڵێت" تەنیا ئاگاداری ئەوە بە کچەکە کچێنیەکەی لە دەستنەدات."

هەروەها ووتی" دەتوانی دەستی لێبدەیت، لایەوە پاڵبکەویت، دەست لە جەستە و سنگی بدەیت و ناتوانیت لە پێشەوە هیچی لێبکەیت، بەڵام لە دواوە دەتوانیت کاری خۆت بکەیت".

پرسیاری لێکرا چی روودەدات ئەگەر کچەکە ئازاری پێگەیەنرا، پیاوە ئاینییەکە زۆر بێباکانە وەڵامی دایەوەو ووتی " ئەوە لەنێوان هەدوکتانە و دەکەوێتەوە سەر ئەوەی چەند بەرگەی ئازار دەگرێت."

هەر لەوبارەیەوە، پرسیار لە شێخ سلاوی کرا، ئەویش پیاوێکی ئایینییە لە کەربەلا و بەهەمانشێوە بە شاراوەیی وێنەی گیراوە..

ئایا ئاساییە هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی 12 ساڵاندا بکرێت؟ وەڵامی دایەوە و ووتی، "بەڵێ، لە تەمەنی 9 ساڵییەوە بەرەو سەر بەهیچ شێوەیەک بەپێی شەریعەت کێشە نابێت."

بەهەمان شێوەی سەید رەعد، شێخ سلاوی وەڵامی دایەوە دەربارەی " ئەگەر کچ بوو ئەوا تەنیا دەتوانرێت دەستی لێبدەیت و سێکسکردن  تەنیا لە دواوە دەبێت بەمەرجێ ئەگەر کچەکە قایلبێت" بەرلەوەی بڵێت "حەزت لە چییە بیکە".

بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە رێکخستنی هاوسەرگیریی چێژ لەگەڵ منداڵان، کاتێک لە تەکسیەکدا دانیشتبوون، پەیامنێری بی بی سی لە سەید رەعدی پرسی کە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی ١٣ ساڵدا بکات، بەناوی شەیما کە رۆڵی دەگێڕا و لە بی بی سی هاوپیشەیەتی .

سەید رەعد داوای بینینی کچەکە و خێزانەکەی نەکرد، بەڵکو دەستبەجێ قایلبوو بۆ بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیریی چێژ لە رێی تەلەفونەوە و لێی پرسی" شەیما، رازی بوونی خۆتم دەدەیتێ کە هاوسەرگیری لەگەڵ فڵان (پەیامنێری شاراوە) بکەی بۆ ماوەی یەک رۆژ بەرامبەر 150 هەزار دینار؟ دوای بیستنی قایلبونەکەی، بە پەیامنێرەکەی ووت " ئێستا ئێوە هاوسەرگیریتان کردووە و حەڵاڵە بەیەک بگەن".

بری 200 دۆلاری داواکرد لە پەیامنێرەکە بۆ گرێبەستەکە کە تەنیا چەند خولەکێکی خایاند و هیچ گرنگیەکی نەدا بە سەلامەتی منداڵەکە، کە تەمەنی 13 ساڵان بوو.

پیاوێکی خێزاندار، کە لەسەر هاوسەرگیریی چێژ لەگەڵ ژنانی نەناسیاو راهاتووە و پیاوانی ئایینی بۆیان دابینکردووە، دەڵێت، ' ئەو کچانەی تەمەنیان 12 ساڵانە وەک پاداشت وان چونکە هێشتا منداڵن، بەڵام تێچویان زۆرە، تەنیا پیاوی ئایینییەکە بۆخۆی بڕی 500، 700یان 800 دۆلار وەردەگرێت."

ئەم پیاوە پێیوایە کە پەردەیەکی شەرعی ئایینیی هەیە بۆ کردەوە سێکسییەکانی بەوەی دەڵێت"ئەگەر پیاوانی ئایینی پێیان ووتی هاوسەرگیریی چێژ حەڵاڵە، کەواتە بە گوناه هەژمارناکرێت و هیچ گوناهێک هەڵناگرێت."

یەنار مەحەمەد، چالاکوان لە بواری مافەکانی ژنان، کە تۆڕێک لە شێڵتەری ژنان لە سەرتاسەری عیراقدا بەڕێوەدەبات، ووتی" کچان وەک کاڵا نەک مرۆڤ مامەڵەدەکرێن، دەتوانیت کاڵایەکی دیاریکراو بەپێی مەرجی دیاریکراو و رێپێدرا بەکاربهێنیت،  واتە هەرچیت دەوێت بیکە بێئەوەی دەست لە کچێنی بدەیت، کە بۆ گرێبەستێکی گەورەتر لە داهاتودا هەڵدەگیرێت،" مەبەست لەوەش هاوسەرگیرییە.

لەکاتی لەدەستدانی کچێنیدا "(کچەکە) بەشێوەیەک تەماشادەکرێت کە بۆ هاوسەرگیری نەگونجاوە، بەڵکو توشی هەڕەشە و مەترسی کوشتن دەبێتەوە لەلایەن خێزانەکەی چونکە بۆتە مایەی شەرمەزاریی خێزانەکەی" چونکە بە ڕای یەنار، کچان و ژنان هەمیشە باجەکە دەدەن.

غیث ئەلتەمیمی، پیاوێکی ئایینی شیعەیە پێشتر لە عیراق ژیاوە و دواتر بەهۆی دژایەتیکردنی توندڕەویی ئایینی دەربەدەر بووە و ئێستا نیشتەجیێ لەندەنە، ئیدانەی ئەو کردەوەیەی پیاوانی ئایینی کرد کە هاوسەرگیریی چێژ بەکاردەهێنن  بۆ ئیستغلالکردنی ژنان بەتایبەتی ڕێکخستنی هاوسەرگیریی چێژ بۆ منداڵان، و ووتی: " ئەو ووتانەی ئەو پیاوە بە پەیامنێرەکەی وتووە تاوانە، پێویستە بەپێی یاسا سزابدرێت."

هەندێک لە پیاوانی ئایینی شیعە دەڵێن مەزهەبی شیعەی ئیسلام رێ بە سێکسکردن لەگەڵ کچانی منداڵ و پێنەگەشتوو دەدات.

دوو لە هەر سێ پیاوێکی ئایینی کە بی بی سی وێنەیگرتوون وتویانە کە شوێنکەوتەی سەید ئایەتوڵا سیستانین  کە یەکێک لە بەرزترین پێگەی ئایینی هەیە لای شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە.

بەڵام نوسینگەی سەید ئایەتوڵا سیستانی لە وەڵامێکدا بۆ بی بی سی، ووتی" ئەو کردەوانەی باستانکرد ئەگەر ڕاست بن دەبێت بە هەموو شێوەیەک ئیدانە بکرێن و بەدڵنیاییەوە کارێکی نەخوازراون، هەر کەسێک بەڕاستی سەر بەم پێگە ئایینییەیە بە دڵنیاییەوە ئەو کارانە ناکات. هاوسەرگیری کاتی کە ڕێپێدراوە لە مەزهەبی ئیمامییدا لەگەڵ ئەو هاوسەرگیرییانەی بنیادنراون لەسەر مەرجی دەستبەرداربوون لە مافەکانی هاوسەرگیری جگە لە مافی سەرجێیکردن- ناکرێت بکرێنە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن بە سێکس، بەو ڕێیەی ئاماژەیپێکراوە دەبێتەهۆی سوکایەتیکردن بە کەرامەت و کەسایەتی ژنان، تەنیا کەسانی نەفسنزم ئەو کارانە دەکەن کە سڵناکەنەوە لە بەکارهێنانی ئایین بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناشەرعییەکانیان."

وتەبێژێکی حکومەتی عیراق بە بی بی سی عەرەبی ووت "ئەگەر ژنان خۆیان سکاڵا دژی پیاوانی ئایینی تۆمارنەکەن، زۆر ئەستەمە لەسەر لێپرسراوان رێوشوێن بگرنە بەر."

 

 

سەرچاوە/ بی بی سی عەرەبی



 



PM:02:37:07/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 929 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌