سکاڵاکانی توندوتیژی خێزانی لە هێڵی گەرمی ١١٩ ڕوو لەزیادبوونە


هێڵی گەرمى 119 فریاکەوتنی خێزانی ، ئاماژە بە بەرزبوونەى رێژەکانى سکاڵا تۆمار کردن دەکات، کە زۆربەی سکاڵاکان لەلایەن ژنان وکچانەوە تۆمار دەکرێن.

نەقیب جوتیار ناسڕ بەرپرسى هێلى گەرمى 119ى پارێزگاى سلێمانى، تایبەت بە چاوى خەڵک، وتى" ئاستى هۆشیارى خەڵک و ڕۆڵى میدیا لەهۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگا رۆڵى گەورەیان هەیە لەزیادبوونى ژمارەى سکاڵاکان لەرێگاى هێلى 119، چ لەلایەن ژنان و چ پیاوانیش هەرچەندە زۆرترین ئەوانەى پەیوەندیمان پێوە دەکەن بریتین لەو ژن وکچانەى بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕوبەڕووى هەڕەشە یاخوود توندوتیژى خێزانى دەبنەوە"

هاوکات وتیشى" زۆرترین ئەو کێشانەى ڕوومان تێدەکەن بریتین لەکێشەى هێڵەکانى پەیوەندیکردن وهەروەها تۆرەکۆمەڵایەتییەکان و هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەى وێنە و زانیارییە تایبەتەکان، هەموو ئەو حاڵەتانەش وەکو ئامار تۆمار کراون و ساڵانە لەرۆژى جیهانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى بڵاودەکرێنەوە".

" ئەو هاوڵاتیانەى پەیوەندیمان پێوە دەکەن لەسەنتەرى پارێزگاى سلێمانى لەلایەن تیمەکانى ئێمەوە ڕێنمایى دەکرێن، پۆلیس وئاسایشی سلێمانی 104 هاوکارى تەواومان دەکەن، ئەو حاڵەتانەش کە نایانەوێت سکاڵا تۆمار بکەن ئێمە لەرێگاى پڕکردنى فۆرمێکى تایبەتەوە ڕادەستى سەنتەرى راوێژکارییان دەکەین و ئەوانیش لەرێگاى توێژەرى کۆمەڵایەتى و بەشى یاساى تایبەت بەخۆیانەوە کەسەکان بانگێشت دەکەن وکێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن." جوتیار ناسر دەربارەى چۆنییەتى هاوکارى کردنى هاوڵاتیان و دەربازبووانى حاڵەتەکانى توندوتیژى خێزانى بەتایبەت.

سەبارەت بەقەزاو ناحییەکانیش ئەگەر کەسەکان لەژێر هەڕەشەى راستەوخۆدا بوون یاخوود هیچ رێگاچارەیەکیان نەبوو بۆ دەربازبوون ئێمە دیسان لەرێگاى تیم و مۆبایلەکانى خۆمانەوە سەردانى ئەو شوێنانە دەکەین، راستەوخۆش نووسینگەکانى خۆمان لەو ناوچانە ئاگادار دەکەینەوە بۆ بەدواداچوونى زیاتر بۆ حاڵەتەکان".

هێلى گەرمى 119 له 26/10/2018 بەکارخراوە، بەمەبەستى تۆمار کردنى حاڵەتەکانى توندوتیژى خێزانى. هێڵەکە بۆ ماوەى 24 کاتژمێر کارایەو رۆژانە لەلایەن 11 کارمەندى راهێنان پێکراوەوە هاوکارى رزگاربووانى حاڵەتێکى توندوتیژى خێزانى دەکرێت، وەڵامى پەیوەندییەکانى هاوڵاتیان دەدرێتەوە کە لە 4 کچ و 7 کوڕ پێکهاتوون.



چاوى خەڵک: تایبەت


PM:12:21:07/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 90 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌