سارا عوسمان لە باسی ''سەوز و سور''دا: ئەوشتانەی ئێمە دەمانەوێت ئەو شتانەیە ئێوە بەریدەکەون

 

''سەوز و سور'' کورتە فیلمێکی دەرهێنەر سارا عوسمانە، کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە کێبڕکێ و نمایشدایە. فیلمەکە باس لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات کە وەک کەسانیتر خاوەن خولیا و ئارەزوون.

سارا دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، ئەم فیلمە یەکەمین ئەزمونی کارکردنییەتی وەک دەرهێنەر و سیناریست. پەیامنێری (چاوی خەڵک) سارای لەدەرەوەی هۆڵی نمایشی یەکێک لە فیلمەکانی ڤیستیڤاڵەکە بینی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەو خانمە دەرهێنەرەدا سازکرد.

سارا، سەرەتا پیرۆزبایی یەکەم ئەزمونی دەرهێنانت لێدەکەین، دەتوانیت پێمان بڵێیت ''سەوز و سور'' باسی چی دەکات؟

زۆر سوپاس. فیلمەکە باس لە خۆشەویستی لای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات؛ ویستومە لەم کارەدا پیشانی کۆمەڵگەی بدەم ئەو مافە زۆر سەرەتاییەی هەر کچێک حەزی لە خۆشەویستی و ژیانکردنە، هەمانشێوە مافی ئەو کچانەشە کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و ئەوانیش هەمان حەز و ویستیان هەیە. بۆیە بە کورتی، ویستومە ئەمە پیشان بدەم چونکە هەمیشە ئەو توێژە بە چاوێکی بەزەیی و کەم سەیردەکرێن، بۆیە دەمەوێت بڵێم ئێمە وانین، دواجار ئەوشتانەی ئێمە دەمانەوێت هەر ئەو شتانەیە کە ڕۆژانە ئێوە بەریدەکەون.

فیلمەکە ئاوا دەستپێدەکات؛ کوڕ و کچێک هەموو بەیانیەکی زوو لەهەمانکاتدا لەترافیک لایتێکدا دەوەستن، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەم بەیەکگەشتنەدا، نیگا دەگۆڕنەوە، پاشان ئەوە دەگۆڕێت بۆ زەردەخەنە و سڵاوکردن. ڕۆژێک لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، کوڕەکە لەنزیک کچەکەوە لێدەخوڕێت و داوای لێدەکات بۆ ژووانێک بڕۆنە دەرەوە.

بەدەست ئەم فیلمەوە زۆر هیلاکبویت؟

دوو ساڵ بەر لە ئێستا سیناریۆی فیلمەکەم نووسیووە، سێ ساڵیش دەبێت خەریکم بودجە بۆ دەرهێنانی ئەم فیلمە کۆدەکەمەوە چونکە نەمویستووە هیچ کەسێک لەم فیلمەدا بە خۆبەخشی کاربکات، تەنانەت ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی خۆیشم یارمەتی دابم، من حەزمکردووە هەقی خۆی پێبدەم. نەمویستووە کەس بەخۆبەخشی کارم بۆ بکات، مەبەستم لە ئەکتەر و ستافە. بەڵام کام پرۆدەکشن کە لێرەوە سوپاسیان دەکەم بێبەرامبەر ئامێرەکانیان بۆ دابینکردووین و ڕێکخراوی CDOش بودجەی خواردنی بۆ دابینکردووین.

فیلمەکە بە مۆنتاژ و وێنەگرتن و هەموو پێویستییەکانییەوە، بە نۆ مانگ تەواوبوو؛ بەڵام کە تەواوبوو بەڕاستی چێژێکی زۆری پێبەخشیم چونکە هەستمدەکرد نەک فیلم، کچێکی جوانی خۆم لەدایک بووە.

ئێستا فیلمەکەت لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە نمایش و کێبڕکێدایە، چاوەڕوانییت لە بینەران لەبەرامبەر نمایشکردنی فیلمەکەتدا چییە؟

پێمخۆشە زۆرترین کەس ئەم فیلمە ببینێت لەبەر ئەوە نا کە کارەکە هی منە، واتە تەنها وەک ڕێکلامێک نا بۆ کارەکەم بەڵکو وەک بانگەشەیەک بۆ پەیامی ناو کارەکەم. بۆیە تا زۆرترین چاو فیلمەکەم ببینێت زۆرترین هۆشیاری دەربارەی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دروستدەبێت.


دوای فێستیڤاڵەکە فیلمەکە لەکوێ نمایش دەکەیت؟

هەڵبەتە پێمخۆشە فیلمەکەم بنێرمە فێستیڤاڵەکانی دەرەوە و هەروەها لە ڕۆژی جیهانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا پێمخۆشە جارێکیتر لە کوردستان نمایشی بکەمەوە تا زۆرترین بینەری هەبێت.


بەرهەمی داهاتوت چییە؟

لەبەرئەوەی شێوەکاریم خوێندووە، ڕەنگ ئەوشتەیە هەموکات لەناو مندایە، هاوکات ئەگەر لە هەر کایەیەکی دیکەی هونەردا کاربکەم، ئامانجم گەیاندنی پەیامێکی مرۆڤانەیە، جا ئەگەر ئەم پەیامە لەڕێی فیلمێکەوە، شانۆییەک، یان لە وێنەکێشاندا بێت. تەنیا دەمەوێت ئەوەی بیگەیەنم لەڕێی هونەرەوە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، فیلم باشترین ڕێیە تا بتوانی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش برینەکان پیشان بدەیت و هزری بینەر ئاڕاستەی چارەسەر بکەیت.




چاوی خەڵک/تایبەت


 


PM:09:14:06/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌