بەیان محمود: هەمیشە دژ بەوە بووم کە خوێندکارەکانم خۆیان بکەن بە کاڵا و وابەستەی خۆڕازاندنەوە بن تا سەرنجی کۆمەڵگە بەدەستبهێنن

ماڵپەڕی (چاوی خەڵک) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مامۆستایانەوە 5/10/2019 پیرۆزبایی ئاڕاستەی گشت مامۆستاکانی جیهان و بەتایبەتی مامۆستایانی کوردستان دەکات.

هاوکات چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەیان محمود عبداللە، بەڕێوەبەری قوتابخانە ی مە ستورەی ئێوارانی کچان سازدەکات و تێیدا باس لە ڕۆڵ و ئەرکی مامۆستایان و بەرقەراربوونی یەکسانی جێندەری دەکرێت.

سەرەتا ڕۆژی جیهانی مامۆستایانت لێ پیرۆز بێت، لەم ڕۆژەدا بەرێزتان وەک مامۆستایەک چۆن خوێندنەوە بۆ دۆخی مامۆستایان دەکەن؟ ئایا مامۆستایانی باشوری کوردستان توانیویانە ڕۆڵێکی داهێنەرانەیان هەبێت لە بونیادنانی خوێندکاردا؟

سوپاست دەکەم، مامۆستایان لە قوتابخانەدا بە گشتی ئەرکیان زۆرە، بەڵام بە نیسبەت ڕۆڵەوە، کە حەزدەکەم باسی بکەم و ڕەنگە ئەم بیروڕایە بەشێکی مامۆستایان دڵگران بکات، پێموایە مامۆستایان بە ڕۆلی خۆیان هەڵناستن، ئەویش ئەوەیە کە مامۆستا دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە بونیادنانی کۆمەڵگە، پەروەردە و کەسایەتی خوێندکار و ڕۆڵی هەبێت لە کردنەوەی بەرچاوی خوێندکاردا. بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین بەداخەوە هۆکارەکەی چ قورسی ژیان بێت یان ئەو بارودۆخە بێت کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت وادەکات مامۆستا بەم ڕۆڵە هەڵنەستێت و هەندێکجار بە ئەرکی خۆشی نەبینێت. ئەمەش وا دەکات بڕێکی کەم کاریگەری هەبێت لەسەر بونیادی خوێندکار.

بە بڕوای من مامۆستا لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرکی وانەوتنەوەکەیدا بە چالاکییەکانی و مامەڵەی لەگەڵ خوێندکاراندا، دەتوانێت ڕۆڵێکی باشتر ببینێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا، بەڵام مامۆستای ئێمە هەمیشە خۆی دوورەپەرێز گرتووە لەوەی چالاکی دەرەکی بکات و ڕێنمایی خوێندکار بکات، بەڵکو دێت و تەنها خاڵی لاوازی خوێندکار دەستنیشان دەکات.

ئایا ئەو ئاستەنگیانەی لەبەردەم ژنانی مامۆستادا هەن چین؟

بە نسبە ت دۆخی مامۆستای ژن، بە ڕاستی ژنان لە دۆخێکی ناهەموارادا کاردەکەن کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەسەرئاستی ئەدای ئەو ژنە وەک مامۆستایەک، دەبێت بێگومان. چونکە ژنان دوو هێندەی مامۆستایانی پیاو ئەرکیان لە ئەستۆدایە، کاتێ قوتابخانە بەجێدەهێڵن دەبێت بەپەلە بگەنە ماڵەوە تاکو ئەرکەکانی دایکایەتییان جێبەجێبکەن، کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە کاری چێشتلێنان، ماڵ پاککردنەوە، پێشوازی میوان، چونە میوانی و هەروەها سەعیکردن بە منداڵ و بەم دواییانەش ئەرکی هاتوچۆکردن بە منداڵیان بۆ خوێندنگە هاتۆتە سەرشان. ئەمە لەکاتێکدایە کە مامۆستایانی پیاو زۆربەیان کە گەڕانەوە دەحەسێنەوە و خزمەت دەکرێن، هەرچەندە لەگەڵەل هەموو ئەمانەشدا تێبینی دەکەین لەگەڵ خوێندکاراندا میهرەبان و لەخۆبوردەن.

ئایا کوردستان توانیویەتی یەکسانی جێندەری لە نێوان مامۆستایاندا بەرقەرار بکات؟

ژمارە و ڕێژەی مامۆستایانی ژن و پیاو تا ڕادەیەک لێک نزیک و هاوسەنگە ئەویش بە وحوکمەی خێزانی کوردی پیشەی مامۆستایی بۆ کچانیان بە گونجاو دەزانن و زیاتر بەجێی متمانە و ڕێزی کۆمەڵایەتی دادەنێن. سەبارەت بە یەکسانی جێندەریش هەرگیز لە کوردستاندا بەرقەرار نەبوە و نابێت، ئیتر چۆن لە ناو مامۆستایاندا بەرقەراربێت. بەڵام ڕاست بڵێین لە ناو قوتابخانەکاندا هەمان مامەڵە لەگەڵ مامۆستای ژنو پیاودا دەکرێ و هیچ ئە رکی زیاتر یان کەمتریان پێ ناسپێردرێ ئەگەریش جیاکاری بکرێ خۆیان قبوڵی ناکەن و بەرهەڵستی دەکەن وە جیاکاریەکە سەرناگرێ.

وەک مامۆستایەکی ژن، کاتێک وانە بە خوێندکارەکانت دەڵێیتەوە، ھەوڵدەدەیت جگە لە مەنھەج و وانەی سەرەکی، گفتوگۆ لەگەڵ خوێندکارەکانت بکەیت و لەگەڵیان باس لە یەکسانی جێندەری بکەیت؟

ڕاستە من بەڕێوبەرم بەڵام هەرگیز لە وانەوتنەوە دانەبڕاوم و بەردەوام پۆلێکم هەیە کە وانەیان پیدەڵێمەوە. هەموکات هەوڵدەدەم ئاوێتەی خوێندکاران بم، بەتایبەتی خوێندکارانی کچ بۆ من زۆر مایەی خۆشحاڵییە کە وانەیان پێ بڵێمەوە. هەموو هەوڵی من بۆ ئەوەبووە خوێندکارەکانم چەکی خۆپەروەردەکردن بەکاربهێنن تا مافیان نەخورێ، هەمیشە دژ بەوە بووم کە خوێندکارەکانم خۆیان بکەن بە کاڵا و وابەستەی خۆڕازاندنەوە بن تا سەرنجی کۆمەڵگە بەدەستبهێنن. هەمیشە هانمداون کەسایەتییان دارێژراو بێت و هەنگاوەکانیان گورج و گۆڵ بێت. لە هە رقوتابخانەیەک کارم کردبێت چالاکی جۆراوجۆرم ڕێکخستوە تا قوتابیان بەشداری بکەن. کەلتووری ووتاردانم خستۆتە هەموو ئەو قوتابخانانەی کە لێی بووم.

لە خوێندنگەیەک بەڕێوەبەربوم، پێشبڕکێیی مەلەوانی کچان لەلایەن پەروەردەوە ڕێکخرا بۆ ناوەندەکەی ئێمە و هیچ وانەیەکی مەلەوانیش نەخوێندرابوو. من پێداگریمکرد کە بەشداربین، گەڕاین و سێ قوتابیمان دۆزییەوە و خەڵاتی دووهەممان لە سەرئاستی پەروەردەکەمان بە دەستهێنا. کاتێک کچان هەستدەکەن لەگەڵ کوڕان بە یەکچاو تەماشا دەکرێن، لە یەکسانی خۆیان و ڕەگەزی بەرامبەریان دڵنیادەبن.


چاوی خەڵک/ تایبەت


AM:11:28:06/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 94 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌