نامیلکەی مافەکانی مرۆڤ، منداڵان و ژنان

سێ نامیلکەی گیرفانیی گرنگ لەبارەی مافە یاسایی و گەردوونییەکانەوە لەلایەن دەزگای ژیانەوە بڵاکراوەتەوە.

دەزگاى ژیان بۆ مافەکانى مرۆڤ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا سێ نامیلکەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردۆتەوە لەژێر ناونیشانی (مافەکان لە گیرفاندا: مافەکانی ژنان، مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان). ئەم نامیلکانە لە سیمینار و وۆرکشۆپەکاندا تایبەت بە هۆشیاری و ئاگایی بەسەر ئامادەبوواندا بێ بەرامبەر دەبەشکراوە.

ماڵپەڕی (چاوی خەڵک) بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن سەردانی دەزگای ژیانی کرد و لەبارەی کار و چالاکییەکانەوە گفتوگۆیانکرد.

ئامانجی دەزگای ژیان یارمەتیدانى ئەو کەسانەیە کە مافێک یان زیاتر لە مافێکیان پێشێلکراوە، هەروەها کار دەکات بۆ بەهێزکردنى بەها دیموکراسییەکان و بەرگریکردن لە ئازادییە بنەڕەتییەکانى تاک لە هەرێمى کوردستانى عێراق-دا.

سەڵاح عارف سەرۆکی دەزگای ژیان، لەپێشەکی نامیلکە گیرفانییەکەدا دەڵێت '' هەر یەکێک لەو نامیلکانە مافە هەرە سەرەکییەکانی خۆتت بۆ ڕوون دەکەنەوە و پوختەیەکت لەسەریان دەدەنێ.''

هەرەها دەشڵێت'' لەڕێی خوێندنەوە و هەڵگرتنی ئەم نامیلکانەوە دەتوانیت لە کاتی پێویستدا خۆت و کەسانی دیکە بپارێزیت. زۆرجار هێندە بەسە، کە خەڵکی ئاگاداربکەیتەوە لەوەی مافەکانی خۆت دەزانیت تا وایان لێبکەیت واز لە ئازاردانت بهێنن.''

دەزگاکە هەوڵدەدات کۆمەڵگایەک بێتە کایەوە کە تیایدا شکۆى مرۆڤ پارێزراو بێت، منداڵان و پێگەیشتوان مافى ژیان و ئازادی خۆیان وەربگرن و بەئاسوودەیى بژین، هاوڵاتیانیش بەگشتى لە تیرۆر و تۆقاندن و ئەشکەنجە بەدوور بن.


چاوی خەڵک




PM:04:10:01/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 61 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌