ئەو کەسەی بێدەنگییەکەی دنیایە

گالی-دانا سینگەر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان

ئەو کەسەی بێدەنگییەکەی دنیایە

 

تەنیا ئەوانەی دەزانن ئەفسانەکان ڕوو نادەن

دەتوانن بڕوای پێ بهێنن.

ئەوانەشی دەزانن ئەفسانەکان ڕوو دەدەن

ناتوانن بڕوای پێ بهێنن.

تۆ کامیان هەڵدەبژێریت؟

بۆ من کات درەنگە تا هەڵبژێرم.

من دواهەلی ئازادیی هەڵبژاردنم بەکار هێناوە.

 

ئەو کەسەی بێدەنگییەکەی دنیایە

دەبێت پاراوتر بێدەنگ بێت

ناتوانم زمان بەکار بهێنم

بەڵام زمان دەتوانێت من بەکار بهێنێت

ئەگەر حەز بکات و هەر کاتێک بیەوێت

بەکارم دەهێنێت؟

کەی؟

 

لە کۆتاییدا دەگەم بە کوێ؟

من لە خاڵی کۆتاییدا.

تۆیش بێکۆتایت

لە خاڵی کۆتاییدا نیت.

خاڵی کۆتایییشت نابێت و

لە خاڵی کۆتاییدا نابیت.

بۆیە لە کۆتاییدا یەکتر نابینین.

لە خاڵی کۆتاییدا، بە تەنیا دەبم

لە خاڵی کۆتاییدا، خۆم دەبم و

لە خاڵی کۆتایییشدا نابم

گەر منیش نەبم لە کۆتاییدا

ئەوا من نابم لە کۆتاییدا؟

گەر منیش لە کۆتاییدا نابم

ئەوا من نابم لە کۆتاییدا؟

گەر لە کۆتایییشدا تەنیا نەبم

کۆتایییەک بۆ کۆتایی دەبێت لە کۆتاییدا؟

 

وشەکان

موڵکی ئەو کەسەن کە بێدەنگییەکەی هەموو دنیایە

چ بەخشندەیی و

چ فریودانێکە؟

هەر کەسێکیش دەمی دادەخات و

هەموویان لووش دەدات

ڕزگارکەری چی بووە؟

ئایا وشەکان

موڵکی ئەو کەسەن کە بێدەنگییەکەی هەموو دنیایە و

هەموو دنیاش،

موڵکی ئەو کەسەن کە بێدەنگی دەشکێنێت؟ 


شیعرێکە بۆ وردبوونەوە لە بێدەنگی، وشەکان و زمان . تێکستەکە دەیەوێت لەگەڕان بەناو بێدەنگیدا خۆی دەرببرێت



شینی پاسەوانی
سنوورەکە

 

”نامەوێت ببمە پاسەوانی سنوورەکان،” پاسەوانێکی سنوور وای گوت.

نامەوێت ببمە پاسەوان.

نامەوێت ببمە فریشتەیەکی پاسەوان.

نامەوێت ببمە ڕێبەر.

نامەوێت ببمە دەستاڕ.

نامەوێت ببمە بەردی عەقیق.

نامەوێت ببمە بەخشش.

نامەوێت هۆی ڕازاندنەوە بم

بەڵام نابەدڵیی خۆم دەمهاڕێت و سزام دەدات

وەک پاسەوان وەستاوم، لە باخچە هەشتلایەکەی خۆمدا.

 

نامەوێت ببمە چاودێر، چاودێرەکە وەڵامی دایەوە.

نامەوێت ببمە پاسەوان.

نامەوێت ببمە یاساوڵ.

بەڵام نابەدڵیی خۆم چاودێریم دەکات،

بە تەنیا وەستاوم، لە بادا ڕادەژێم.

 

دەرگەوانم، چاودێریی بەندەر دەکەم.

بەڵام هیچ کەسێک،

دەربارەی ویستی خۆم،

پرسیاری لێ نەکردم.

گالی-دانا سینگەر شاعیر، وەرگێڕ، هونەرمەند و فۆتۆگرافەر ساڵی ١٩٦٢ لە سانت پێترسبۆرگ لە دایک بووە و ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی ئیسرائیل بووە. بە هەردوو زمانی ڕووسی و عیبری شیعری نووسیوە. نوێترین کتێبی شیعریی ”ڕۆشن” بە زمانی عیبری لە ساڵی ٢٠١٧ـدا چاپ و بڵاو بووەتەوە

سەرچاوە/ ماڵپەری باڵندە



 


PM:04:16:30/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 66 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌