چیرۆکی کچێکی گەنج؛ "پێشتر پێم نەوترابوو شوو چییە و چۆنە"

تەمەنم سیانزە ساڵە، خەڵکی رۆژئاوام، منداڵێکم هەیە، مێردەکەم دوو ساڵ لە خۆم گەورەترە بەڵام لەگەڵم خراپە و توندوتیژی بەرامبەرم دەنوێنێت، نازانم چیبکەم. ئەرکەکانم بەباشی جێبەجێدەکەم، جلی بۆ حازردەکەم، خواردن حازردەکەم، ماڵ پاکدەکەمەوە و ئەرکی خوشک و برای مێردەکەشم ڕادەپەڕێنم.

چۆن شوومپێکرد؟ دوای پەنابەریمان لە کەمپێیک دەژیاین لە هەولێر، داعش هەردوو قاچی باوکمی بڕیەوە و برایەکمی کوشت، باوکم نەیدەتوانی کاربکات و بژێویمان دابین بکات بۆیە باری ئابووریمان خراپ بوو، ژمارەشمان زۆربوو، پێنج شەش مناڵ دەبووین، ئەگەر خوشک و برایەکمان نیوەڕۆ نانمان بخواردایە ئەوانیتر سەرەی نانخواردنیان دەکەوتە ئێوارە.

ماوەیەک تێپەڕی و هەرئەوەندەم زانی ماڵێک هاتن و منیان لەگەڵ خۆیان برد. پێشتر پێم نەووترابوو شوو چۆنە و چییە، هەرئەوەندە پێیان وتم تۆ ئیتر لەگەڵ ئەو ماڵەدا دەژیت و بە شۆفێر منیان برد، ئیتر دایک و باوکم نەبینیوەتەوە.

پورم لە کەمپی سلێمانی دادەنیشت و دراوسێی ماڵی کورەکە بوو، ئەو منی بۆ مێردەکەم دۆزیەوە. تا ماڵی پورم لێرە بوو جەژنان سەردانی دەکردم. بەڵام ئەویش لێرە نەما، بەمەش چیتر کەسم لە خێزانەکەم نەبینییەوە.

نەمدەزانی چێشت لێبنێم. هەمیشە ڕووبەڕووی سزادان دەبوومەوە، خەزوورم بە سۆندە لێیدەدام. مێردەکەم کرێکار بوو، تا درەنگی شەو نەدەهاتەوە.

ماوەیەک خەسووم دەیبردم بۆ دکتۆر دەیوت تۆ دەبێت منداڵت ببێت. تا گەیشتە ئەوەی سکپڕبووم. نەمدەزانی سکپڕی چییە. کاتێک ئازارم دەبوو هەر نەمدەزانی چییە دەیانوت هیچ نییە خۆت چاکدەبی. تا کات ڕۆیشت و لە تەوالێتدا بەتەنها منداڵم بوو، کە حاڵی خۆم بینی زۆر ترسام قیژاندم و دواتر خەسوم هات منداڵەکەی لە حەمامەکە بردە دەرەوە. تەنیا یەک رۆژ توانیم پشوو بدەم، حەزم لە هەر شتێک بوایە نەمبوو. دوای ئەو ڕۆژە هەڵیانساندم بۆ شۆردنی پەڕۆ پیسەکانی منداڵەکەم، شۆردمن.

____

ئەمە چیرۆکی کچێکی گەنجە کە لە تەمەنێکی منداڵیەوە بە شوودراوە و ئازار و نەهامەتی زۆری بینیوە کە لەگەڵ تەمەنی ئەودا یەکناگرنەوە.

هاوسەرگیری پێشوەخت، لە زۆربەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بۆتە دیاردە و لە زۆربەشیاندا وەک نەریتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروستدا و لەپێناو بەسەربردنی ژیانێکی گەنجانەی شیاو، پێویستە نەهێشتنی هاوسەرگیری پێشوەخت ببێتە یاساو قەدەغەبکرێت.



سەرچاوە/ چاوی خەڵک

 


AM:11:43:26/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 97 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌