بەووردی چاودێری شێوازی كاركردنی ئارایشتگەكان دەكرێت

لە سلێمانی ژمارەیەك ئارایشتگا بەهۆی تاتۆكردن و بونی مەوادی بەسەرچوو زیان بەخش سزادراون و چەندین ئارایشتگەش بەهۆی جۆرەكانی سەرپێچیەوە داخراوە، سەرۆكی لیژنەكە دەڵێت بەووردی چاودێری ئارایشتگەكان دەكەن و رێگری لە هەموو جۆرە سەرپێچیەك دەكەین.

بەپێی راپۆرتی لیژنەی ئارایشتگەكانی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی نزیكەی هەزار و 200 ئارایشتگە لە سلێمانی مۆڵەتی رەسمی كاركردنیان پێدراوە و لەو ژمارەیەش زۆرینەی ئارایشتگەكان پابەندن بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانەوە، ئەو ئارایشتگانەش كە پابەند نین بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێنەوە .

گۆنا سەردار سەرۆكی لیژنەی ئارایشتگەكان لە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بە ئامانجی رێكخستنی شێوازی كاركردنی ئارایشتگەكان و رێگری كردن لە سەرپێچی رۆژانە لیژنەكەیان سەردانی ئارایشتگەكان دەكات و بەووردی بەدواداچون بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان دەكات بەتایبەت رێنماییە تەندروستیەكان.

سەرۆكی لیژنەی ئارایشتگەكان دەشڵێت : لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەك ئارایشتگەیان سزاداوە بەهۆی بونی سەرپێچی، لەوانە "بونی مەوادی بەسەرچوو زیان بەخش و كەموكورتی لە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییە تەندروستیەكان و نەبونی مۆڵەت" هەروەها بەهۆی تاتۆكردن چەند ئارایشتگایەكیان داخستووە, چونكە بەپێی مەرج و رێنماییەكان لە ئارایشتگەدا تاتۆ كردن قەدەغەكراوە و تەنیا لەو شوێنانەدا رێگە پێدراوە كە مۆڵەتی رەسمی تاتۆكردنیان هەیە

گۆنا سەردار سەرۆكی لیژنەی ئارایشتگە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لیژنەكەیان چەندین ساڵە لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی دروستكراوە و لە نوێنەری فەرمانگەپەیوەندارەكان پێكهاتووە و بەهۆی چاودێری و بەدواداچونەكانیان ئێستا زۆرینەی ئارایشتگەكان پابەندن بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانەوە .

لیژنەی ئارایشتگەكان یەكێكە لەو 36 لیژنەیەی سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و رۆژانە بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان دەكات لە ئارایشتگەكاندا ئامانجی لیژنەكە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێكخستنەوەی شێوازی كاركردنی ئارایشتگەكانە.



سەرچاوە/ قائیمقامیەتی سلێمانی


AM:08:46:25/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌