کاریگەری کولتووری و کۆمەڵایەتی لەسەر لاوازیی ڕۆڵی ژنان لە بەشداری سیاسیدا

چەمکی (بەشداری سیاسی) یەکێکە لەو چەمکە ئاڵۆزانەی هەمیشە جێگای گفتوگۆو مشتومڕێکی فراوان بووە، بەتایبەت کە بابەتەکە قسەکردن بێت لەسەر (بەشداری سیاسی ژنان). بەو پێیەی بەشداری سیاسی لە کۆمەڵگایەکی ترو بەپێی سیستەمی سیاسی و حکومرانی لەلایەک و کولتوری کۆمەڵایەتی و دابونەریتی باوی کۆمەڵگاکە لەلایەکی ترەوە، شێوەو ئاستی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت.

گومانی تێدا نییە، کە جۆری سیستمی سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک کاریگەری لەسەر ئەو بەربەست و لەمپەرانەیش دەبێت کە دێنە رێگای بەشداری سیاسی ژنان لە کایەی سیاسیدا.

بەشداری سیاسی نەک هەر لە کۆمەڵگا رۆژهەڵایەتییەکاندا، بەڵکو لە زۆرینەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی جیهاندا، جێی باس و گفتوگۆی توێژەران و نوسەر و چالاکانی سیاسی و مدەنییە. لەگەڵ زۆری مشتومڕو بۆچونە جیاوازەکان دەربارەی ئەم پرسە، هەموال لەسەر ئەوە کۆکن کە ژنان زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن،بەڵام هەرگیزو لەنێو هیچ پارتێکی سیاسی یان پەرلەمان و ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتیدا رێژەی ژنان نەگەیشتووەتە 40%، ئەمەش بەجۆرێک لە نایەکسانی و نابەرابەری دێتە ئەژمار. لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە رەخنەگرانی سیاسی و تەنانەت ئەنجامی توێژینەوەکانیش ئەو راستییە دووپات دەکەنەوە کە زۆرێک لەو ژنانەی گەیشتوونەتە ناوەندی بڕیار نەیانتوانیوە خۆیان لەژێر کاریگەری و هەژموونی پیاوان دەربهێنن و مۆدێلێکی نوێ لە کاری سیاسی پێشکەش بکەن.

هەروەک یەکێکی تر لەو رەخنانەی وەک خەوشێک ئاراستەی ژنانی سیاسی دەکرێت، نەبوونی باوەڕو متمانەیەکی بەهێزە لەنێوان ئەوان و دەنگدەرو لایەنگرانیان، کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بەو دیدە نەریتگەرایەوە هەیە، کە ژن وەک کائینێکی لاوازو کەم ئەزموون لە کایەی سیاسی دەبینێت.

بەشێوەیەکی گشتی ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت بەدوای ئەو کاریگەریانەدا بگەڕێت کە کولتووری کۆمەڵایەتی لەسەر رۆڵی ژنان لە کایەکانی کۆمەڵگا بەگشتی و بەشداری سیاسی بەتایبەتی بوونی هەیە. چونکە پێمان وایە پرسی بەشداری ژن لە کایەی سیاسیدا بەتەنها پرسێکی سیاسی یان خودی نییە، بەڵکو رەهەندێکی قوڵی کولتووریی هەیە، کە تا ئێستا کەمتر قسەی لەسەر کراوەو لایەنە شاراوەکانی وەک پێویست دەستنیشان نەکراوە.

هەر بۆیە ئەم توێژینەوەیە (کاریگەری کولتووری و کۆمەڵایەتی لەسەر لاوازیی ڕۆڵی ژنان لە بەشداری سیاسیدا)وەک تازەترین کایەی زانستی پێشکەشکراوە، کە بە شێوەیەکی گشتی کاری لەسەر کاریگەری کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان کردووە لە رۆڵی ژنان لە کایەی کۆمەڵگا بە گشتی و سیاسی بە تایبەتی. بە ئامانجی خستنەڕووی بەربەستەکانی بەردەم ژنان لە بەشداری سیاسیدا.

بۆ دەستکەوتن و خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە دەتوانن لە رێگەی ئیمەیلی سەرەکی ماڵپەری چاوی خەڵکەوە داوای بکەن.



Chawi.xalk@gmail.com



چاوی خەڵک


PM:03:20:19/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌