ژنێک لە سعودیە بە جل و بەرگی مۆدێرنەوە پیاسە دەکات

 

ژنێکی سعودی بێ پۆشێنی عەبا بە چاکەتێکی پرتەقاڵی و پانتۆڵێکی سپییەوە بەسەر یەکێک لە شەقامەکانی ڕیازدا پیاسەدەکات، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسا پێویستە ژنانی ئەو وڵاتە عەبای ڕەش بپۆشن. 

مەشاعل جلودی، 33 ساڵ، یەکەم ژن نییە ئەم هەڵوێستەی هەبێت، بەڵکو ماوەیەکە چەند ژنێکی سعودیی وەک هەڵوێستێکی یاخیگەرانە بێ عەبا و سەرپۆش لە هەندێک شەقام و مۆڵدا دەردەکەون.

مەشاعل شارەزایەکی زانستە مرۆڤایەتییەکانە، هەفتەی ڕابردوو وەک هەڵوێستێک دژ بە یاسای پۆشینی عەبا، بە جلوبەرگێکی مۆدێرنەوە دەچێتە یەکێک لە مۆڵەکانی ڕیاز و دەڵێت، ''یاسایەک نییە بۆ پاراستنی ژیانی ئەو ژنانەی عەبا ناپۆشن، ڕەنگە لەم مۆڵەدا ڕووبەڕووی مەترسی ببمەوە، وەک ئەوەی یەکێک لە ئیسلامییە توندڕەوەکان هێرشم بکاتە سەر". 

ئەم کارەی جلود توڕەیی هەندێک کەسی لێکەوتۆتەوە، وتیشی ''لەمۆڵێکدا ژنێک داوای لێکردم ئەو شوێنە بەجێبهێڵم چونکە عەبام نەپۆشیبوو.''

هاوکات، مەنال ئوتەیبی، چالاکوان، 25ساڵ، چوار مانگە سەرپۆشی لابردووە  و بە جلێکی مۆدێرەوە بە شەقامەکانی ڕیازدا پیاسە دەکات؛ مەنال دەڵێت، ''نامەوێت کەس ناچارم بکات جلێک بپۆشم، دەمەوێت بەوجۆرە بژیم کە پێمخۆشە، بە ئازادی.''

محمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە ''یاساکان لە شەریعەتی ئیسلامدا ڕوون و ئاشکران؛ فەرز نییە (ژنان) عەبای ڕەش بپۆشن، بەڵکو دەڵێت ژنانیش پێویستە هەروەک پیاوان جلی پۆشتە لەبەربکەن. ئێستا بڕیارەکە لەدەستی ژنان خۆیاندایە کە  عەباای ڕەش دەپۆشن یان نا.''


سەرچاوە/ New Straint Times + Alaraby






PM:09:04:17/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌