سێ ژن، سێ هاوڕێ و یەک پیشە

چیرۆکی ئەو سێ ژنە ئاوارەی سوچێکی کەمپی قۆرەتوو دەکەنە شوێنکار  
سێ ژنی ئاوارە مانەوە لە کەمپدا دەکەنە هەلێک بۆ خۆپێگەیاندن و فێربونی پیشەیەکی نوێ کە لەڕێیەوە گوزەرانی خێزانەکانیان دابین دەکەن. 

چەند ساڵێک لەمەوبەر، دایکی مەحموود، دایکی سارا و دایکی ئەیهاب لە ترسی هەڕەشەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) و هێزەکانی حەشدی شەعبی ماڵوحاڵیان لە ناوەڕاستی عیراقەوە بەجێدەهێڵن و لە کەمپی قۆرەتوو لە شاری کەلار نیشتەجێدەبن.

لە سەردانێکدا بۆ قۆرەتوو، پەیامنێری (چاوی خەڵک) سەردانی دایکی مەحموودی کرد کە لەگەڵ دوو هاوڕێیدا، دایکی سارا و دایکی ئەیهاب، دوکانێکی بەرگدروویان کردۆتەوە، دوای ئەوەی بەشداری چەند خولێکی فێربونی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)یان کردووە، ئێستا لەو رێیەوە بژێوی ژیانیان دابیندەکەن.

دایکی مەحموود، ٥٠ ساڵ،  کە خاوەنی ٣ منداڵە، بە پێکەنین و چاوێکی پڕ هیواوە ووتی، "بەهۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی کوڕ و مێردەکەم هەڵهاتین، کە گەشتینە کەمپی قۆرەتوو زۆر نیگەران بووین چونکە هیچ رانەهاتبووین و باری دەروونیمان زۆر خراپ بوو، بەڵام وردە وردە لەگەڵ هاوکاری رێکخراوەکان و ناسینی هاوسێکانمان ژیانمان باشتر بوو." 

دوای ئەوەی هێزەکانی عیراق تەواوی ناوچەکانی وڵاتیان لە چەکدارانی (داعش) سەندەوە، زۆربەی ئاوارەکان گەڕانەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان؛ ئێستا نزیکەی ٢٠٠ خێزان لە کەمپی قۆرەتوو ماون. 

دایکی مەحمود باسی لەوەکرد رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO چەندین سیمینار و خولیان بۆ کردونەتەوە، "یارمەتیدەرێکی زۆر باش بوون  بۆمان تا بتوانین دەست بە ژیان بکەینەوە و ئارامی لە ناخماندا دروستببێتەوە، زۆر شتیان فێرکردین".

ئێستا دایکی مەحموود و دایکی سارا و دایکی ئەیهاب، ژوورێکیان هەیە وەک کارگەیەکی بچووک کاری تێدادەکەن و دەڵێن، "لێرە پیشەیەکمان هەیە و لەڕێی جل دوورینەوە بژێوی خێزانەکانمان دابیندەکەین و کاتێکی خۆشیش بەسەر دەبەین".

شوێنەکە گەورە نییە بەڵام خەونەکە گەورەیە؛ دوکانێکی بەرگدرووی جوانکیلە، دوو مەکینە لەگەڵ نمونەی ئەو پۆشاکانەی کە دووریویانە و بە دیواری ژوورەکەدا هەڵیانواسیون. 

جیرۆکەکە لە پیشەیەک زیاترە، جگە لە بژێوی پەیداکردن، ئەو سێ خانمە بونەتە هاوڕێی نزیک و پێکەوە روبەڕوی نەهامەتی ئاوارەیی دەبنەوە. 

دایکی ئەیهاب، ٣٩ ساڵ، خاوەنی ٥ منداڵە و سەردەمێکە مێردەکەی بەهۆی جەڵدەی دڵەوە لەدەستداوە، بەڵام بە تەنیا پێنج منداڵەکەی بەخێودەکات، ووتی "هاتنمان سەخت بوو چونکە لە سەعدیە تەنیا باخچەی خانووەکەم لێرەوە تا خانەقین دەبوو، هەموو جۆرە میوەیەکی تیابوو، بۆیە ئەو گۆڕانە لەوپەڕی خۆشییەوە و هاتنمان بۆ ئەم کەمپە سەخت بوو، کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر باری دەروونیمان و چەند مانگێک غەمبار بووین، دۆخەکەم سەختتر بوو چونکە دەبوو ڕۆڵی دایک و باوکیش ببینم." 

بە تێپەڕبونی کات، ئەو دایکە میهرەبانە رادێت و دەڵێت، " لەبەر منداڵەکانم نەبێت هەرگیز ئارەزوو ناکەم لە کەمپەکە بچمە دەرەوە چونکە ئێرە هاوڕێ و ژیانێکی تری پێشکەشکردم کە زۆر خۆشەویستە لام".

سازدانی خولی پیشەیی و راهێنانەکانی تر تەنیا بۆ ئەوە نییە فێری پیشەیەک ببن بەڵکو یارمەتی بەشداربوانیش دەدات هاوڕێی نوێ بگرن و پێکەوە بەسەر ئاستەنگەکانی تری ئاوارەییدا زاڵبن.

دایکی سارا، ٤٢ ساڵ، کە خاوەنی سێ منداڵە و خەڵکی شیریانی مقدادیەیە دەڵێت، "ماڵوحاڵمان لە شهریان بەجێهێشت تا پارێزراوبین". ووتیشی یارمەتیدانی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان "زۆر گرنگ" بوو چونکە کچەکەم توشی دڵەڕاوکێ و ترس ببوەوە، نەیدەویست بچێتەدەرەوە، کارمەندانی ڕێکخراوەکە سەردانیان کردین، یارمەتیان داین باری دەروونی کچەکەم باش ببێت.

سارا دەڵێ، "هیوایان بۆ ماڵەکەم گەڕاندەوە، ئێستا کچەکەم ١٣ ساڵە و دەتوانێت کاری چنین و دوورین بکات ئەویش لە ڕێی ئەو ڕاهێنانەی کە پێمانکراوە".

دوای ئەو بارودۆخە ناخۆشەش کە پیایدا تێپەڕیون، ئەو سێ خانمە، هاوڕێ و خاوەن پیشەن، رۆژێکیش دێت بە باخچەی ماڵەکەشیان شادببنەوە. 

 ژنان هاوڕێیەتیان بەجدییە؛ دایکی مەحموود و دایکی ئەیهاب بڕیاریانداوە دوای بەجێهێشتنی کەمپەکەش هەر پێکەوە بن و لەو شوێنەی بۆشی دەچن پێکەوە درێژە بە پیشە نوێکەیان بدەن، درێژە بە چیرۆکەکەیان بدەن هەم هاوڕێ و هەم خاوەنکاربن. 




چاوی خەڵک/ تایبەت





PM:10:15:16/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌