کچانی بەهرەدار دیوارەکان بە هونەر ڕەنگ دەکەن


چەند کچێکی گەنج کە خوێندکارن و خولیای وێنە کێشانیان هەیە، بۆ دەورەی هاوینەیان کۆرسێکی وێنەکێشانیان هەڵبژاردووە.

پەیمانگای پایدیا لە سلێمانی لە چوارچێوەی کۆرسێکی وێنەکێشاندا کە چەند کچێکی گەنج بەشدارییان تێدا کردووە، هەلێکی بۆ ئەو گەنجانە دابین کردووە کە دیوارەکانی پەیمانگاکە وەک دەفتەرەکانیان بەکاربهێنن و وێنەی هونەری بکێشن.

لاوک ئەبوبەکر بەڕێوبەری پەیمانگاکە تایبەت بە ماڵپەڕی چاوی خەڵکی ڕاگەیاند '' لێرە جگە لە فێرکردن هەوڵدەدەین کەشێکی کەلتووری و مەعریفی بۆ خوێندکارەکان بخولقێنین کە تێیدا پەرە بە توانا هونەرییەکانی خۆیان بدەن، ڕەنگکردنی ئەم دیوارانە هەم شێوەیەکی جوان دەبەخشێ بە پەیمانگاکە و هەم ئەزموونێکە بۆ خوێندکارەکان.''

باسم ڕەسام یەکێک لە دیارترین وێنەکێشەکانی کوردستانی ئێران و کورستانی عێراق و وەک مامۆستا و هاوڕێ هەوڵدەدات بەهرەی خوێندکارەکانی بەرەوپێشەوە ببات و یارمەتی دونیابینیان بدات لە وێنەکێشاندا. خەلان ئاکۆ یەکێک لە خوێندکارەکان وتی ''خۆم پێشتر خولیای وێنەکێشانم هەبوو، بەڵام کاتێک دێیتە خولێکی لەمشێوەیە ئەزموونەکانت زیاتر دەبن چونکە لەگەڵ هونەرمەندێکی شارەزادا ڕۆژانە فێردەبیت و دەتوانیت لەڕووی تەکنیک و فیکرەوە تواناکات بەرەو پێشەوە بەریت.''

هەروەها وتیشی '' کێشانی ئەم وێنانە لەسەر دیوار بۆ ئێمە ئەزموونێکی نوێیە و چێژی لێدەبینین، بەشێکی زۆری کاتەکانانی ڕۆژانەمان لێرە بە وێنەکێشانەوە بەسەر دەبەین و شتی تازە فێردەبین.''


سەرچاوە/ چاوی خەڵک

 

 



PM:01:08:15/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌