کۆبوونەوەی دووەمی دەستپێشخەری سەرکردایەتیکردنی ژنانی عێراق بەڕێوەچوو


ئەمڕۆ بەرواری 12/9/2019 ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO دووەمین کۆبوونەوەی خۆی پەیوەند بە پڕۆژەی ''بەرەو پێشەوە: دەستپێشخەری سەرکرایەتیکردنی ژنانی عێراق'' لە شاری سلێمانی، لە فایڤ وەن لابس بۆ قسەکردن لەسەر ڕاستی و دروستی هەواڵە میدیاییەکان لە قۆناغی دوای ڕاستیدا ئەنجامدا.

''دیموکراسی بەبێ ڕۆژنامەوانی نابێت و ڕۆژنامەوانییش بەبێ دیموکراسییەت نابێت''

سەلام عومەر ڕاهێنەری ڕۆژنامەوانی بانگهێشتکراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی PDO تایبەت بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵکی ڕاگەیاند ''ئێمە لە قۆناغێکداین کە پێی دەگووترێت قۆناغی دوای ڕاستی، سیاسەت دوای ڕاستی، ڕۆژنامەوانی دوای ڕاستی، دەمانەوێت باس لەوە بکەین کە کاتێک لە سەردەمی ئەمڕۆدا کەسێک هەواڵێک دەخوێنێتەوە پێوەرەکانی چی بن بۆ ئەوەی لە ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵە بکۆڵێتێتەوە و لەسەر چ ئەساسێک باوەڕ بەو هەواڵە بکات. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە خودی ڕاستیی چییە و چی لای تاک ڕاستییە.'' هەرەها باسیشی لە گرنگی ڕۆژنامەوانی کرد و وتی ''ڕۆژنامەوانی گرنگە و یەکێکە لە پایەکانی دیموکراسی، دیموکراسی بەبێ ڕۆژنامەوانی نابێت و ڕۆژنامەوانیش بەبێ دیموکراسییەت نابێت.''

پرسین هاوژین خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسی و یەکێک لە خانمانی بەشداربوو لە پڕۆژەی ڕاهێنانی ڕابەرایەتیکردنی ژنان بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵکی ڕاگەیاند ''ئەم خولە خولێکی باشە و بۆ هۆشیاربوونەوەی خۆمان زۆر گرنگە چونکە زیاتر چاوکراوە دەبیت بەرامبەر بەوشتانەی ڕۆژانە لە چواردەورت ڕوودەدەن و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. گرنگە کە ئەم خولانە هەبن و کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی خانمان بکەن.''



چاوی خەڵک



PM:04:31:12/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 149 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌