ژنانی ڕاهێنراو بۆ سەرکردایەتیکردن لەگەڵ ڕێکخراو و دەزگا حکومییەکاندا گفتوگۆی داهاتوو دەکەن


ژنانی ڕاهێنراو بۆ سەرکردایەتیکردن لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراو و دامەزراوە حکومییەکانی سلێمانی کۆبوونەوە بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی، زیاتر ئاشنابوون بە شێوازی کارکردنی ئەو دەزگایانە و هاریکاریی نێوانیان لە داهاتوودا. 

نوێنەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO، ئەمڕۆ 12/9/2019 لە هۆتێل ڕامادا، بەشداری ئەو چالاکییەی ڕێکخراوی ژن بۆ ژنی نێودەوڵەتی کرد کە چەند کاتژمێرێکی خایاند و ئامانج لێی لێکنزیکردنەوەی ژنانی ڕاهێنراو بوو بۆ سەرکردایەتیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە و دامەزراوە حکومییەکاندا. 

بنار عومەر، توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕاهێنەری هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە سەنتەری خەبات کە بەشداری کۆبونەوەکەی کردوە، بە ماڵپەڕی (چاوی خەڵک)ی راگەیاند، ''دانیشتنەکە تایبەت بوو بە ناساندنی بەشداربووانی خولی ڕێکخراوی ژن بۆ ژنی نێودەوڵەتی بە ڕێکخراو و دەزگا حکوییەکان تا پەیوەندی دروستبکەن.'' 

دەربارەی بەشداربوانی خولەکە، بنار ووتی، بۆ هەر خولێک نزیکەی 50 ژن وەردەگیرێت و بەدرێژایی خولەکە دەربارەی گەشەپێدانی تواناکانیان ڕاهێنانیان پێدەکرێت، لەکۆتاییشدا هەریەکێک لەو ژنانە پڕۆژەی خۆیان سەرپێدەخەن و کاری تیادادەکەن."

سەنتەری خەبات یەکێکە لە لقەکانی ڕێکخراوی ژن بۆ ژن لە سلێمانی و پڕۆژەیەکیان کردنەوەی خولی ڕاهێنانی ژنانە دەربارەی سەرکردایەتیکردن، بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەڵمەتی داکۆکیکردن.

 

 

سەرچاوە/ چاوی خەڵک

 



 


AM:10:56:12/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌