جینا دەیڤس ''ئەگەر بێت و ئێمە بتوانین منداڵەکانمان بەبێ لایەنگیرییە جێندەرییە نائاگاییەکان پەروەردە بکەین، ئەوا ئێمە توانیومانە دنیا بگۆڕین.''

جینا دەیڤسی چالاکوان و ئەکتەر فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەژێر ناونیشانی '' ئەمە هەمووشتێک دەگۆڕێت'' بڵاوکردەوە کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو نایەکسانییە جێندەرییەی لە میدیادا بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بەتایبەتی لە دەرکەوتن لە شاشە و کەناڵەکانەوە کە ڕێژەیەکی کەمی ژن بەرامبەر بە پیاو پیشان دەدەن. جینا دەیڤس دەڵێت ''وا بۆ نزیکەی دوو ساڵ دەچێت توێژینەوە لەبارەی نایەکسانی جێندەری و بەشداریی کەمی ژنان هەم لەسەر شاشە و هەم لە پشت شاشەکانەوە لە هۆڵیود دەکەم، هەروەها پرسیاری توێژینەوەکەم ئەوەیە ئەم نایەکسانییە جێندەرییە چ کاریگەرییەکی لەسەر منداڵانی گەنج دەبێت پەیوەند بە داهاتوویەکی باوکسالارەوە.''

ئەم توێژینەوەیەی جینا دەیڤس پیشانی دەدات کە یەکسانی جێندەری هێشتا تەنانەت لە شاشەکانیشەوە بەدینەهاتووە. یەک لەسەر سێی پێشکەشکاران و ئەکتەرانی سەرەکی لە فیلمەکاندا ژنانن و زۆر کەمیشن ئەو ژنانەی خاوەن بڕیار و پێگەن. 

بەمجۆرە لەڕێگەی پیشاندانی کاراکتەری کوڕانەوە کە کاری گرنگ و باش دەکەن ئێمە خەریکین پیشانی منداڵەکانمانی دەدەین کە کوڕان گرنگترن لە کچان. هەروەها لەسەر شاشەکان بڕیار لەسەر ژنان بەهۆی شێوازی دەرکەوتنیانەوە دەدەین. کاتێک کچان تەماشای تەلەفزیۆن دەکەن بۆیان دەردەکەوێت کە هیچ هەڵبژاردەیەکی تریان نییە لەژیان تەنها شێوازی دەرکەوتنیان نەبێت، هەروەها کاتێکیش کوڕان تەماشای تەلەفزیۆنەکان دەکەن تا دێت زیاتر و زیاتر سێکسیست دەبن لە بیروڕاکانیاندا سەبارەت بە ژنان. جینا دەیڤس دەڵێت ''ئەگەر بێت و ئێمە بتوانین منداڵەکانمان بەبێ لایەنگیرییە جێندەرییە نائاگاییەکان پەروەردە بکەین، ئەوا ئێمە توانیومانە دنیا بگۆڕین.''

سەرچاوە / UnWomen



PM:06:37:11/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌