بەرەو پێشەوە: دەستپێشخەری سەرکردایەتیکردنی ژنانی عێراق


ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانPDO بە هاوکاری ڕێکخراوی هارتلاندی نێودەوڵەتی پڕۆژەی ڕاهێنانی ڕابەرایەتیکردن و ڕاهێنانی خانمانی گەنجی لەژێرناونیشانی پڕۆژەی ''بەرەو پێشەوە: دەستپێشخەری سەرکردایەتیکردنی ژنانی عێراق '' ڕێکخست و ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی ڕاهێنانی پرۆگرامەکە بوو.

ئەمڕۆ بەرواری 10/9/2019 پڕۆژەی ڕاهێنانی ڕابەرایەتی کردن و ڕاهێنانی خانمانی گەنج لە عێراقدا لە ڕێکخستنی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. ئەم پرۆگرامە لە شارەکانی سلێمانی و دهۆک بەردەوامیی دەبێت و تا کۆتایی مانگی 10 دەخایەنێت

ئارام حەمە تۆفیق، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵکی ڕاگەیاند ''گرنگی ئەم جۆرە پرۆگرامانە بریتییە لە ئامادەکردن و بەخشینی توانایی و بەهرەی تایبەت بە کچانی گەنج تاکو ڕۆڵی سەرکردە ببینن لە بوارە جیاوازەکانی کارکردنیاندا، ئەویش لەڕێگەی ئاشناکردنیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی بواری مەدەنی و یاسا سیاسییەکان و بواری داکۆکی کردن'' هەروەها وتیشی ''ئامانجی سەرەکی پرۆژەکەی ئیمە ئەوەیە کە ژنان لە پێگەیەکی شوێنکەوتووەوە بێنە پێگەیەکی سەرکردایەتیکردن و وەک سەرکردە مامەڵە بکەن.''

بیست و پێنج خانمی گەنج لە بوارە جیاوازەکانی کارکردندا بەشداری پرۆگرامەکەیان کردووە.

شنروێ کامەران خوێندکار و بەشداربوو لە پرۆگرامی ڕابەرایەتیکردنی گەنجان سەبارەت بە پرۆگرامەکە بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵکی ڕاگەیاند "ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر باش و گرنگن ئەگەر بەردەوامییان پێبدرێت، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی پرۆگرامەکە بوو، بەڵام شتی زۆر فێربووین سەبارەت بە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و سوودمان وەرگرت''.

 

 


چاوی خەڵک



 


 


PM:09:59:10/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌