ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی خۆکوژی

ئەمڕۆ بەرواری 10/9/2019 ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان لە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی خۆکوژیدا سیمینارێکی بۆ خاتوو ساوێن هاوڕێ، دەروونناسی کلینیکی ڕێکخست لەژێر ناونیشانی ''خۆکوژی و لێکەوتەکانی: چۆن داوای یارمەتی بکەین؟'' بە ئامانجی گۆڕینی ئەو بیروڕایانەی خۆکوژییان پێ چارەسەرە.

ساوێن هاوڕێ، دەروونناسی کلینیکی چارەسەرکاری دەروونی تایبەت بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵک وتی ''ئێمە لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی هەوڵمان داوە کە ئەمڕۆ چالاکییەکی بچووکمان هەبێت، ئێمە هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم سیمینارە تاکو هۆشیاری سەبارەت بە کردەی خۆکوژی بڵاو بکەینەوە چونکە ئەو کردەیە هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی یەک بە یەکی تاکەکان لە کۆمەڵگەدا.''

هانا شوان فەرمانبەر لە ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان تایبەت بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵک ڕایگەیاند ''ئەو فشارە زۆرانەی لەسەر ژن هەن لەکۆمەڵگای کوردیدا، بەتایبەتی فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی، وادەکەن کە ژنان بیر لە خۆکوشتن بکەنەوە، تەنانەت ژیانی تایبەتی ژنانیش لە کوردستاندا لەژێر فشاردایە'' هەروەها ووتیشی ''هەموو کێشەیەک شایەنی چارەسەرکردنە، لە کاتی هەبوونی کێشەدا هێڵی گەرمی ١١٩ هەیە کە ٢٤ کاتژمێر وەڵامی پەیوەندی دەداتەوە، ڕێکخراوەکانی ژنانن، بۆ خزمەتکردن و یارمەتیدانی ئەوان هەن و بە پێی توانا یارمەتییان دەدرێت، دەبێت هەرچۆنێک بێت خۆیان لەبازنەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن بەڵام بە خۆکوشتن نا.'' هەروەها ئاماژەی بەوە دا ''ئامارێکی تایبەتمان هەیە کە لە بەشێک لە ئامارە فەرمییەکان وەرمانگرتووە، باس لەوە دەکات کە ڕێژەی خۆکوشتن زۆر بەرزەو لە شەش مانگی ڕابردوودا بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستماندایە، ٩٩ حاڵەتی خۆسووتاندن هەیە. ئەمە ئەو حاڵەتانەن کە تۆمار کراون، بەڵام ئیمە پێمان وایە چەندین حاڵەتیش هەن کە تۆمار نەکراون، کەواتە بوونی هەر هەنگاوێک و هەر سیمینارێک و هەر چالاکییەک ئەگەر بێت و لەلایەن هەر ڕێکخراوێکەوە بکرێت، لەلایەن ڕێکخراوەکەی ئێمەوە جێگای پشتگیری و دەستخۆشییە.''


چاوی خەڵک/ تایبەت
PM:01:49:10/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌