گروپی تێما ..گەنج کێیە و ئەرکی چییە؟

گەنج کێیە و ئەرکی چییە؟
گروپی تێما دانیشتنێکی کراوەی تایبەت بە گفتوگۆکردنی شوناسی گەنج ڕێکخست

دوێنێ بەرواری 7/9/2019 گروپێک لە گەنجان لە شاری سلێمانی لەژێر ناونیشانی ''ژیانی هەقیقی: چەند سەرنجێک دەربارەی لاوێتی'' دانیشتنێکی کراوەیان تایبەت بە گفتوگۆکردنی شوناسی گەنج لە دنیای هاوچەرخدا ڕێکخست. ئەم دانیشتنە بە ئامانجی خولقاندنی سەکۆیەک بوو بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە پرسەکانی گەنجان و هەوڵدان بۆ داڕشتنی شوناسێکی تایبەت بە گەنجان. 
گروپی تێما، گروپێکی سەربەخۆی گەنجانەو بەشدارییەکی چالاکی کچانی گەنجی تێدایە و تێیدا وەک ڕێکخەر و بەڕێوبەری کارەکانی تێما کاردەکەن. هاوکات هەر ئەمساڵ پانێڵێکیان لەژێر ناونیشانی ''ڕزگاریی ژنان'' ڕێکخستبوو و تێیدا لەسەر بابەتە گرنگەکانی ژنانەوە دوابوون. 
بانو عبدالرحمن یەکێکە لە ستافی بەڕێوبەریی گروپەکە و تایبەت بە ماڵپەڕی میدیایی چاوی خەڵک سەبارەت بە دانیشتنە کراوەکە گووتی ''دانیشتنەکەمان بەشێکی تەرخان بوو بۆ باس کردن لەو ژیانە حەقیقییەی کە کچان دەبێت ھەوڵی بۆ بدەن و ئەو شوناسەی دەبێت خۆیانی لێ ڕزگار بکەن کە ھەم سیستمی نوێی جیھانی و ھەم دنیای کۆنی نەریتی بۆیانی پێشنیارکردووە'' 
بەشداریی گەنجان و بەتایبەتی کچان لەم جۆرە کۆڕ و دانیشتنە مەعریفییانەدا لە ئێستادا گرنگە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە کە تێیدا هێشتا ئازادی ژنان لەژێر پرسیاردایە، هەروەها لەم بارەیەوە بانو ووتی ''بەشداری کچان لە کایەی گشتیدا زەروورەتێکی لە پێشینەیە و دەکرێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکییانەوە روئیای کچان فراوان بێت لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا و ھەنگاوبنێت بە ئاراستەی دەست بردن بۆ چارەسەر کردنیان و سوور بوون لەسەر داکۆکی کردن لە مافەکانیان.''
هەروەها ساڤان عبدالرحمن، ستافی بەڕێوبەریی گروپەکە بە چاوی خەڵکی ڕاگەیاند'' ئێمە پێمان وایە کە پرسی ژنان، پرسێکی گشتگیرە و پەیوەست نییە تەنها بە ژنانەوە، بۆیە ئێمە لێرە و لەم گروپەدا ستافەکەمان لە هەردوو ڕەگەز پێکهاتووە و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی مەعریفیدا کار لەسەر پرسی ژنان دەکەین.''


چاوی خەڵک / تایبەت


AM:11:49:08/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌