'ژینوار'' گوندی ژنانی ئازاد



گوندی ژنانی ئازادی ژینوار، گوندێکە لە باکوری سوریا و خۆرئاوای کوردستان. ئەم گوندە تایبەتە بە ژنان و منداڵەکانیان، لێرەدا جێگایەک بۆ پیاوان نییە.


دەستکردن بە ئەنجامدانی بیرۆکەی گوندەکە لە بەرواری 25/11/2016 ەوە دەستیپێکردووە و ساڵی 2017 لەکاتی جەنگی ناوخۆی سیریادا بونیادنانی خانوەکانی گوندەکە دەستیپێکرد. لە بەرواری 25/11/2018 کە هاوکات دەکاتە ڕۆژی جیهانی بنەبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان، گوندەکە کرایەوە. 

لەدوای هێرشی سەرسەختی داعش بۆ سەر ئەو ناوچانە و بەرگری ژنانی ڕۆژئاوا، بیرۆکەی ئەم گوندە لەژێر کاریگەری گوندی ئومۆجا، لە قۆنیا بونیادنرا، کە بەهەمان شێوە گوندێکی تایبەت بە ژنانە و ئامانجی خۆبەڕێوەبەری ژنان و دابینکردنی شوێنێکی پارێزراو و دوور لە توندوتیژییە بۆ ژنان. ئەم گوندە لە سی خانوو، مۆزەخانەیەک، ئەکادیمیایەک و کلینیکێک کە بە گژ و گیا چارەسەری نەخۆشەکانی دەکات، پێکهاتووە، هەروەها خوێندنگەیەک بە ناوی ''عائیشە'' کە بەناوی دایکی عەبدوڵا ئۆجەلان ناونراوە، ناسراو بە ئاپۆ. ئەم گوندە لەلایەن گشت ڕێکخراوەکانی ژنانەوە لە سەرتاسەری جیهاندا وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ پاڵپشتی دەکرێت.  

لەم گوندەدا ژنانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان و منداڵەکانیان پێشوازییان لێکراوە. تا ئێستا ژنانی کورد، عەرەب و تەنانەت یەزیدیشمان هەیە کە لەوێ نیشتەجێن. ئەم گوندە بۆ ئەو ژنانەیە کە مێردیان نییە، واتە ئەو ژنانەی کە بە هەڵبژاردەی خۆیان بڕیاریان داوە مێردیان نەبێت، یان ئەو ژنانەی مێردەکانیان لە جەنگدا مردوون یان دووچاری توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن برا و باوک و مێردەکانیانەوە. 

ژنانی ژینوار دەڵێن ''بونیادنانەوەی ماڵەکانمان لە چەشنی بەهەشتێکدا، ئاکتێکی بەرەنگارانەی ئێمەیە دژ بە جەنگ و توندوتیژی. هەروەها ئێمە جگە لەوەی تەنها کۆمەڵێک خانوو بین، پێشنیارکردنی بەدیلێکی نوێین بۆ ژیان. ئامانجی ژینوار ئەوەیە جۆرە ژیانێک بونیاد بنێت کە تێیدا هەموو ژنان بتوانن دوور لە هێزی دەسەڵاتی چەوسێنەری باوکسالاری و کاپیتاڵیزم، بگەن بە خواست و ئاواتەکانیان''.


ئامادەکردنی: ساڤان 

سەرچاوە: پەڕەی فەرمی گوندی ژینوار











PM:12:47:05/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 73 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌