فه‌ره‌نسا.. رێپێوانه‌كانى ژنان كابینه‌ حكومییه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌هه‌ژێنيت

هه‌ڵكشانى ڕووداوه‌كانى توندوتیژى دژ به‌ژنان له‌وڵاتى فه‌ره‌نسا، حكومه‌ت ورێكخراوه‌كانى ژنان نیگه‌ران ده‌كات وله‌تازه‌ترین هه‌نگاوی حكومیشدا سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته‌ زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنى تایبه‌ت به‌چۆنییه‌تى بنبڕكردنى دیارده‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

له‌میانى چه‌ند رێپێوانێكى ژنانه‌ى فراواندا كه‌هه‌فته‌ى رابڕدوو ژماره‌یه‌ك له‌شاره‌ گه‌وره‌كانى فه‌ره‌نساى گرتووه‌ له‌نێوانیشیاندا پاریس ومۆناكۆ تایبه‌ت به‌رێگرتن له‌ته‌شه‌نه‌كردنى زیاترى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى دژ به‌ژنان وبه‌سزا گه‌یاندنى تاوانباران... ئیدوارد فیلیپ سه‌رۆك وه‌زیرانى فه‌ره‌نسا، به‌ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى حكومى، زیاتر له‌ 80 كه‌سایه‌تى دیارى رێكخراوه‌كانى ژنان وهه‌روه‌ها كه‌سوكارى به‌شێك له‌ژنانى قوربانى ڕووداوه‌كانى توندوتیژى خێزانی په‌رده‌ى له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنى حكومى بۆ بنبڕكردنى دیارده‌ى توندوتیژى دژ به‌ژنان له‌وڵاتى فه‌ره‌نسا هه‌ڵدایه‌وه‌.

رێوشوێنه‌كانى حكومه‌تى فه‌ره‌نسا بۆ بنبڕكردنى دیارده‌كه‌، وه‌كو سه‌رۆك وه‌زێران ئاماژه‌ى پێكرد له‌چوارچێوه‌ى كۆربه‌ندێكى فراوان بۆ بنبڕكردنى تاوانه‌كانى كوشتنى ژنان، پێكهاتووه‌ له‌ دانانى نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ چۆنییه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى حاله‌ته‌كانى توندوتێژى له‌ماوه‌ى ته‌نها 3 مانگدا، ته‌رخان كردنى بڕى 5 ملیۆن یۆروش به‌مه‌به‌ستى دامه‌زراندنى 1000 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون بۆ ژنانى قوربانى توندوتیژى خێزانى ( 750 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونى كاتى، 250 یه‌كه‌ى تایبه‌ت به‌ڕووداوه‌كانى ئیمیرجینسى) ، هاوكات دامه‌زراندنى 400 بنكه‌ى پۆلیسى تایبه‌تیش به‌تۆماركردنى خێرایى سكاڵاكان وده‌ستنیشانكردنى ووردى جۆرو قه‌باره‌ى توندوتیژییه‌كان.

هاوكات، له‌گه‌ڵ ڕاگه‌ێنراوه‌كه‌ى ئیدوارد فیلیپ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته‌شدا، رێكخراوه‌كانى ژنانى له‌فه‌ره‌نسا نیگه‌رانى خۆیان له‌باره‌ى بودجه‌ى ته‌رخانكراو بۆ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى راگه‌یاند وجه‌ختیان له‌وه‌شكرد، هه‌نگاوه‌كانى حكومه‌ت ده‌بێت سنوورى چاره‌سه‌ره‌ مادییه‌كانى تیبپه‌رێنێت وله‌ڕووانگه‌ى یاساییشه‌وه‌ كارى زیاتر بۆ بنبڕكردنى دیاره‌كه‌ بكرێت.

چاوى خه‌ڵك: ئه‌ڤین
سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان


PM:12:39:05/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 67 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌