با چیتر ژنان نەبنە کاڵای ناو کۆمپانیا بازرگانییەکان

ئەمڕۆ 4/9/2019 لە ئۆفیسی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، کۆبەندی ''ژنان دەتوانن-کوردستان'' کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ڕێکخست، تێیدا گازندەکانی خۆیان سەبارەت بە دیاردەی بەکاڵابوونی خانمان لە ڕێکلام و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا خستە ڕوو. 


کۆبەندی "ژنان دەتوانن-کوردستان" لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە وەک بەرەنگارییەک بەرامبەر بەم دیاردەیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا یاداشتی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە دیاردەی بەکاڵابوونی ژنان خوێندەوە و تێیدا داوای خۆیان ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی ڕێکلام کرد و داوایانکرد کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڕێکلام بەرپرسیارانەتر و بە ئاگایی و وردبینی زیاترەوە بیرۆکەی ڕێکلامەکان دیاریبکەن و کاریان لەسەربکەن، بەجۆرێک کە ئەم ڕێکلامانە هیچ جۆرە بێڕێزی و بەکەمزانینێکی بەرامبەر بە ژنان تێدا نەبێت. لەو ڕووەشەوە ڕاز قادر ئەندام لە کۆبەندی ''ژنان دەتوانن-کوردستان'' تایبەت بە ماڵپەڕی چاوی خەڵک بۆ پرسەکانی ژنان ڕایگەیاند ''ئێمە دەمانەوێت لەڕێگەی ئەم کارەوە ئاگاییەک بڵاوبکەینەوە، کە خانمان بەکاڵابوونی خۆیان و جەستەیان قبوڵ نەکەن، کاری ڕێکلام ئاساییە و بەشداریپێکردنی ژنانیش ئاساییە و خەڵک ئازادە لەدەرکەوتن، بەڵام بەڕادەیەک کە نەگاتە ئاستی بوون بە کاڵا.''

 هەروەها ژیان جەلال پارێزەر و ئەندام لە کۆبەندی ''ژنان دەتوانن-کوردستان'' بە ماڵپەڕی چاوی خەڵکی ڕاگەیاند ''ئەوەی کە ئێمە ئیشی لەسەر دەکەین و بە خەلەل و کێشەیەکی گرنگی دەزانین لەئێستادا نەبوونی یاسایەکە. لەبەرئەوەی دەبینین کە ئەم ڕێکلامانە بەبێ هیچ یاسایەک ڕۆژانە پەخشدەکرێن وە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش یەکێکن لەو دەروازانەی هەموو کەس ئازادە چۆن بەکاریان دەهێنێت لەبەرئەوەی یاسایەک نییە. ئێمە لەبەرنامەماندایە کە ئاگایی بڵاوبکەینەوە و فشارێک درووستبکەین  بەرەو پێکهێنانی یاسایەک کە خەڵکی نەتوانن بە ئازادی و بێ فیلتەر ئەو ڕێکلامانە بڵاوبکەنەوە و خانمان وەک کاڵا بەکاربهێنن تێیدا.''

دەقی یاداشتەکە:


بەڕێزان/ وەزارەتى ڕۆشنبیرى، کۆمپانیاکانى بوارى بەرهەمهێنانى ڕیکلام

بابەت / یاداشتى ناڕەزایی 

وەک لاى ڕاى گشتى ڕوونە و ڕۆژانە بەرچاومان دەکەوێت و گوێبیستى دەبین، چەندین  ڕیکلامى بازرگانى کە لە لایەن زۆرێک لەکەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە پەخش دەکرێن،  پڕن لە سوکایەتى و کەمکردنەوە و تەخوینکردن بە پێگە و ڕۆڵى ژن لە کۆمەڵگەدا، پەیامیان بێدەسەڵات نیشاندان و پێدانى ڕۆڵى نەرێنییە بە کەسایەت ژن و کەمنیشاندانى تواناکانى و کورتکردنەوەى ڕۆڵى گەورە و گرنگى ژن تەنها لە کارى ناو ماڵدا.

ئێمە وەک کۆبەندى ''ژنان دەتوانن– کوردستان''  ماوەیەکە بە وردى سەرنجمان خستۆتە سەر ئەم ڕیکلامە بازرگانیانە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە و بێ هیچ فیلتەر و سانسۆرێک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بە چڕى بڵاودەکرێنەوە، لەکاتێکدا پێگە و ڕۆڵى ژن لەکوردستان لەسەرجەم بوارەکان هەنگاوى باش و پڕ لە دەستکەوتى بڕیوە و مەوداکانى دیموکراسى و یەکسانى جێندەرى لە زۆرێک لە کایەکاندا ڕەنگى داوەتەوە، ئەم جۆرە بانگەشە بازرگانیانە بەم سیناریۆ و ناوەڕۆکانە یەکانگیر نین و دژ دەوەستن لەگەڵ بەها باڵاکان و ڕێزگرتن لە پێگە و ڕۆڵى گرنگى ژن لە کۆمەڵگەدا.

بۆیە لە ڕێى  ئەم یاداشتەوە، داوا لە هەریەک لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى ڕیکلامى بازرگانى دەکەین، بەئاگایى زیاتر و سەرنجى زیاترەوە بیرۆکەى ڕیکلامەکان دیاریبکەن، بەجۆرێک کە هیچ جۆرە بێڕێزى و بەکەمزانینێکى تێدا نەبێت بەرامبەر بە ژنان، بە هیچ جۆرێک ڕەزامەندیى لەسەر ئەو ڕیکلامانە نەدەن بۆ بڵاوکردنەوە کە لەم ڕووەوە نەشیاون، بەڵکو کۆى ئەو بەرهەمانە بەرلەوەی لە شاشەکانەوە پێشان بدرێن، بە فیلتەرى وورددا تێپەڕن. هاوکات بەپێویستیشى دەزانین ڕووى قسەکانمان لەبەشێک لەخانمە ئەکتەرەکان بکەین و داوایان لێبکەین بەهیچ جۆرێک بەشداری سیناریۆ و رۆڵبینینى کارەکتەرێک نەکەن کە لاواز پیشانیان دەدات یان کار لەسەر نمایشکردنیان دەکات لەڕوانگەى پێوەرە جەستەییەکانەوە .


کۆبەندى ژنان دەتوانن 

4/9/2019

 

تایبەت بە چاوی خەڵک


 


 




PM:03:29:04/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌