ژنانى ئاواره‌ به‌ربه‌سته‌كان تێكده‌شكێنن، ڕوو له‌بازاڕى كار ده‌كه‌ن

له‌گه‌ره‌كى شه‌كره‌كه‌ى شارى سلێمانى، به‌دیاریكراوى به‌رامبه‌ر ده‌رگاى دووه‌مى شوقه‌كانى پاك سیتى، ژماره‌یه‌ك ژنه‌ ئاواره‌ى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عیراق كه‌سه‌رجه‌میان له‌ئێستادا دانیشتووى شارى سلێمانین، ڕوو له‌بازارى كار ده‌كه‌ن وله‌رێگاى دامه‌زراندنى چێشتخانه‌یه‌كیشه‌وه‌ بژێوى رۆژانه‌ى خێزانه‌كانیان دابین ده‌كه‌ن.

" د. أ "، 40 ساڵ، خاوه‌نى "چێشتخانه‌ى شه‌كره‌كه‌" بۆ خواردنى به‌یانیان له‌شارى سلێمانى، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك بۆ پرسه‌كانى ژنان وتى" رۆژانه‌ كاتژمێر 7 ى به‌یانى بۆ 2ى پاش نیوه‌رۆ ده‌ستبه‌كار ده‌بین، ئه‌و خواردنانه‌ش لێره‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن ته‌نها بریتین له‌ژه‌مه‌ خواردنه‌كانى به‌یانیان.. به‌شى زۆرى میوانه‌كانیش له‌خه‌ڵكى شاره‌كه‌و وهه‌روه‌ها كه‌سانى ئاواره‌ى ناوچه‌كانى خواروو، ناوه‌ڕاستى عیراقن كه‌له‌ئێستادا دانیشتووى شارى سلێمانین، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش جێگاى خۆشحاڵییه‌ كه‌توانیومانه‌ ئاویته‌بوونى كه‌لتوورى ونه‌ته‌وه‌یى لێره‌دا جێگیر بكه‌ین وخودى چیشتخانه‌كه‌شمان بكه‌ینه‌ مالێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هه‌مووان".

چیشتخانه‌كه‌ى د. أ، هه‌موو رۆژانى هه‌فته‌، به‌رۆژى هه‌ینیشه‌وه‌ له‌خزمه‌تى میوانه‌كان ده‌بێت، ئه‌و خواردنانه‌ش پێشكه‌شى ده‌كات هه‌مه‌ڕه‌نگه‌و كه‌لتوورى خواردنى ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عیراقى تێدا به‌رجه‌سته‌كراوه‌.. وه‌كو خۆشى ئاماژه‌ى پێكرد" سیسته‌مى خواردنى عیراقى په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین وشێوازى كه‌لتوورى خواردنى ناوچه‌ جیاوازه‌كانیشمان له‌به‌رچاو گرتووه‌.. به‌شێك له‌میوانه‌كانمان به‌تایبه‌ت دانیشتووانى شارى سلێمانى خواستى زۆریان له‌سه‌ر خواردنه‌ خێراكانه‌ به‌ڵام، ئاواره‌كانى دانیشتووى شاره‌كه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌ناوچه‌كانى ترى عیراقه‌وه‌ ڕوو له‌شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن زیاتر ڕوو له‌خواردنه‌ قورسه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش پاڵنه‌رێكى باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر كار له‌سه‌ر هه‌مه‌ڕه‌نگى خوادرنه‌كان بكه‌ین وخواست وئاره‌زووى هه‌مووانیش له‌به‌رچاو بگرین".

ئه‌و ستافه‌ى له‌چێشتخانه‌كه‌ى د.أ ده‌ستبه‌كارن پێكهاتوون له‌ 4 ژنى به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب.. ئه‌وان له‌شاره‌كانى به‌غدا وناوچه‌كانى ترى ناوه‌ڕاست وخوارووى عیراقه‌وه‌ ڕوویان له‌شارى سلێمانی كردووه‌، پێشیان وایه‌ كه‌لتوورى ژیان وداب ونه‌ریتى شاره‌كه‌ یارمه‌تیده‌رێكى به‌هێزه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كار له‌سه‌ر به‌ئه‌نجام گه‌یاندنى بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى چێشتخانه‌كه‌یان بكه‌ن، له‌و رێگایه‌شه‌وه‌ په‌یامى خۆیان به‌كۆمه‌ڵگا بگه‌ێنن كه‌وێڕاى نه‌هامه‌تى وقۆرساییه‌كانى ژیانى ئاواره‌یى هیچ به‌ربه‌ستێك نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م توانا شاراوه‌كانیان" ژیانى ئاواره‌یى فێرى كۆڵنه‌دانى كردین.. ئێمه‌ هه‌ستمان به‌وه‌ ده‌كرد تواناكانمان، ویستمان له‌سه‌ر به‌ڕیكردنى ژیانيكى شایسته‌تر زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌نه‌هامه‌تییه‌كانمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بووه‌ یارمه‌تیده‌ر بۆ سه‌لماندنى ئه‌و ڕاستیانه‌ كه‌لتوورى كۆمه‌ڵایه‌تى وداب ونه‌ریتى خه‌ڵكى شارى سلێمانى بوو وه‌كو پاڵنه‌رێكى به‌هێز بۆ ئه‌وه‌ى درك به‌وه‌ بكه‌ین هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ له‌نێوان ژنان وپیاوان له‌ڕووى هێزى كارو تواناى خۆسه‌لماندنه‌وه‌"، هه‌روه‌كو د.أ خاوه‌نى چێشتخانه‌ى شه‌كره‌كه‌ وتى.

چاوى خه‌ڵك: ئه‌ڤین



PM:03:34:27/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌