هه‌ڕه‌شه‌، گێچه‌ڵى سێكسى فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانى عيراقیان ته‌نیوه‌

حاڵه‌ته‌كانى هه‌ڕه‌شه‌، وگێچه‌لى سێكسى به‌رامبه‌ر به‌كچان وژنان له‌نێو فه‌رمانگه‌ حكومییه‌ ئێراق تادێت زیاتر په‌ره‌ ده‌سه‌نێت، بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كى ده‌نگى تۆماركراویش له‌لایه‌ن میدیا ئێراقییه‌كانه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ ئه‌و ڕاستییه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌ كه‌بوونى ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ئاستێكى مه‌ترسیدار دایه‌و بێده‌نگ بوونى ژنان، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش له‌به‌رامبه‌ریدا جگه‌ له‌هاندان بۆ ته‌شه‌نه‌كردنى زیاترى ئه‌و ڕووداوانه‌ هیچ سوودێك به‌ژنانى هه‌ڕه‌شه‌ لێكراو ناگه‌ینێت.

" رێوشوێنى یاسایى به‌رامبه‌ر به‌تاوانبارن ناگیرێته‌به‌ر"
ع.ر، ژنه‌ دانیشتوویه‌كى گه‌ره‌كى كه‌راده‌ى شارى به‌غدایه‌، ده‌لێت" پاش كۆچى دواى باوكم، سه‌ردانى فه‌رمانگه‌ى خانه‌نیشینم كرد به‌مه‌به‌ستى ته‌واوكردنى رێوشوێنه‌ یاسایه‌كانى تایبه‌ت به‌وه‌رگرتنى مووچه‌ى خه‌نه‌نیشینى"، وتیشى" ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ى كه‌به‌رپرس بوو له‌به‌رێكردنى دۆسییه‌كه‌م له‌سه‌ره‌تادا كارئاسانى زۆرى بۆكردم، به‌ڵام دواتر به‌بیانووى ئه‌وه‌ى رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانى دۆسییه‌كه‌ پێوستییان به‌كاتى زیاتره‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنى خۆى پێدام وداواى لێكردم له‌رێگاى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندى پێوه‌بكه‌م بۆ ئاگاداربوون له‌هه‌نگاوه‌كانى دواترى دۆسییه‌كه‌".. هه‌روه‌ها وتیشى" دواى هه‌فته‌یه‌ك په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرد، به‌ڵام شێوازى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى تاڕادیه‌كى زۆر گوماناوى بوو، داواى لێكردم له‌یه‌كێك له‌كافتریاكاندا یه‌كتر ببینین به‌مه‌به‌ستى له‌نزیكه‌وه‌ تاوتوێى كردنى هه‌نگاوه‌كانى كۆتایى دۆسییه‌كه‌، منیش داواكه‌یم ڕه‌تكرده‌وه‌ ئیدى ناوبراو، هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌كه‌ى لێكردم به‌بیانووى هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكدا له‌كاتێكدا من هاوسه‌رگیریم ئه‌نجام نه‌داوه‌.. دوابه‌دواى ڕووداوه‌كه‌ش په‌نام بۆ هۆبه‌ى یاسایى فه‌رمانگه‌ى خانه‌نیشى برد، سكاڵاى یاسایم له‌دژى فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ تۆماركرد، به‌لام به‌داخه‌وه‌ ناوبراو تاوه‌كو ئێستا ئازاده‌و وهیچ جۆره‌ رێوشوێنیه‌كى یاسایشى له‌به‌رامبه‌ردا نه‌گیراوه‌ته‌ به‌ر".
 
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌شێك له‌مالِپه‌رو میدیا ئێراقییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كى ده‌نگى تۆماركراویان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌تێدا فه‌رمانبه‌رێكى باڵاده‌ستى ده‌سته‌ى گشتى باج ودارمه‌ت له‌شارى به‌غدا، گێچه‌ڵى سَكسى به‌ژنه‌ پارێزیك كردبوو، له‌رێگاى دیدارێكى تایبه‌تیشه‌وه‌ داواى یه‌كتربینینى لێكردبوو.. دوابه‌دواى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى داواكه‌شى له‌لایه‌ن ژنه‌ پارێزه‌ره‌كه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رى ناوبراو، هه‌ڕه‌شه‌ى وه‌ستاندنى سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌ یاساییه‌كانى ژنه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ى كردبوو له‌فه‌رمانگه‌ى ناوبراودا..  ڕووداوه‌كه كه‌دواتر له‌لایه‌ن میدیا وتۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌خێراییه‌كى زۆر بڵاوه‌ى پێكرا، كاردانه‌وه‌یه‌كى زۆرى به‌كارهێنه‌رانى تۆره‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانیشى به‌دواى خۆیدا هێنا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تى دارایى ئێراق وه‌كو لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار لێژنه‌یه‌كى لێكۆلێنه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى ڕووداوه‌كه‌ پێكهێنا به‌مه‌به‌ستى گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى یاسایى به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر كه‌س ولایه‌نێك له‌و جۆره‌ ڕووداوانه‌ تێوه‌گلابن ئه‌گه‌رچى تاوه‌كو ساته‌وه‌ختى ئاماده‌كردنى راپۆرته‌كه‌ وه‌زاره‌تى ناوبراو هیچ كه‌س ولایه‌نێكى ڕوبه‌ڕووى لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى نه‌كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌.


به‌بۆچوونى به‌شێك له‌ چالاكوانانى بوارى ژنان، حاڵه‌ته‌كانى هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ژنان وكچان له‌نێو به‌شێك له‌فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى ئێراقدا، له‌ئێستادا ڕووى له‌به‌دیارده‌بوون كردووه‌و پێویسته‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان وهه‌روه‌ها سه‌رجه‌مى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش به‌دواداچوونى ته‌واو ئه‌نجام بده‌ن وچێتر رێگا نه‌ده‌ن بوونى دیارده‌كه‌ ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌كى ڕاسته‌قێنه‌ بۆ سه‌ر ژیانى ژنان وكچان.. هاوكات هۆكارى ته‌شه‌نه‌كردنى زیاترى حاڵه‌ته‌كانى هه‌ڕه‌شه‌و گێچه‌ڵى سێكسيش بۆ بێده‌نگى به‌شێ زۆرى ژنان ده‌گه‌رێننه‌وه‌.

ڕه‌وا موسه‌وى پارێزه‌رو چالاكوانى بوارى ژنان، ده‌لێت" ژنان به‌گشتى، ژنانى پارێزه‌ریش به‌تایبه‌تى به‌شێوازێكى به‌رده‌وام ڕوبه‌ڕووى ئه‌و جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌میشه‌ بێده‌نگى هه‌ڵده‌بژێرن وه‌كو رێگاچاریه‌ك بۆ پاراستنى ناوبانگ وكه‌سایه‌تى خۆیان وهه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و فشاره‌ خێزانی وكۆمه‌لایه‌تییانه‌ى كه‌ده‌كرێت له‌ساته‌وه‌ختى دركاندنى ڕووداوه‌كان ڕوبه‌رووى ببنه‌وه‌"، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات" بێده‌نگ بوونى ژنان وكچان وهه‌روه‌ها لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش به‌رامبه‌ر به‌دیارده‌كه‌ پاڵنه‌رێكى به‌هێزه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونى حاڵه‌ته‌كانى هه‌ڕه‌شه‌و گێچه‌ڵ پێكردن.. هه‌رچه‌نده‌ یاسایى ئێراقیش كارى له‌سه‌ر پاراستنى ژنان كردووه‌ له‌و جۆره‌ ڕووداوانه‌ به‌ڵام، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى وایكردووه‌ ژنان بێده‌نگى هه‌ڵبژێرن رێوشوێنى رۆتینى ودرێژه‌دانى زیاد له‌پێویسته‌ به‌هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانى سكاڵا تۆماركردن كه‌ئه‌وه‌ش لاى به‌شى هه‌ره‌زۆرى ژنان كارێكى بێزاركه‌ره‌و ده‌شێت كۆمه‌لێك رێگر ورێوشوێنى تر به‌دواى خۆیدا بهێنێت كه‌خزمه‌ت به‌پێگه‌ى ژنان نه‌كات له‌ناو دۆسییه‌كاندا".

ڕه‌وا موسه‌وى پارێزه‌رو چالاكوانى بوارى ژنان، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كات بۆ بنبڕكردنى دیارده‌ى گێچه‌لى سێكسى وهه‌ڕه‌شه‌ به‌رامبه‌ر به‌ژنان له‌ناو فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا پێویسته‌ لایه‌نه‌ یاساییه‌كانى نێو فه‌رمانگه‌كان به‌تایبه‌ت گرنگى زیاتر به‌بابه‌ته‌كه‌ بده‌ن وهاوكات له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مانیشدا كار له‌سه‌ر ده‌رچوونى یاساى تایبه‌ت بكرێت، ڕونیشیده‌كاته‌وه‌" له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مان هه‌وڵى چر هه‌یه‌ بۆ چۆنییه‌تى پاراستنى ژنان له‌شوێنه‌كانى كارو له‌نێو فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانى ده‌وڵه‌تدا، هاوكات له‌هه‌وڵى ته‌واویش داین بۆ خستنه‌ڕووى ته‌واوى لایه‌نه‌ نه‌رینییه‌كانى دیارده‌كه‌و هه‌روه‌ها تیشك خستنه‌سه‌ر رۆڵى پۆلیسى ژنان بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ ڕووداوانه‌.. هاوكات، پێویستمان به‌زنجیره‌ك هه‌ڵمه‌تى هۆشیار كردنه‌وه‌شه‌ به‌هاوكارى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى، لایه‌نه‌ ته‌شریعى ویاساییه‌كان وهه‌روه‌ها ده‌زگا میدیاییه‌كانیش به‌مه‌به‌ستى به‌كه‌لتوور كردنى ناساندنى كه‌سانى تاوانبار به‌ڕووداوه‌كانى گێچه‌ڵى سێكسى له‌لایه‌ن ژنان وكچانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕوبه‌ڕووى سزاى یاسایى شیاو بكرێنه‌وه‌".

چاوى خه‌ڵك: sky news


PM:01:10:24/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌