پۆشینى" نیقاب" له‌شوێنه‌ گشتیه‌كان قه‌ده‌غه‌كرا

دوابه‌دواى ئه‌و دوو ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌ى چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر شارى تونسى پایته‌ختى كرده‌ ئامانج.. حكومه‌تى وڵاتى تونس بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى پۆشینى په‌چه‌ "نیقاب"ى له‌ده‌م وده‌زگا وشوێنه‌ گشتییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ خسته‌بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ .

له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ یوسف الشاهد سه‌رۆك وه‌زیرانى تونس، له‌لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى "فرانس پرس"ى فه‌ره‌نسى، وتى" بڕیاردرا به‌قه‌ده‌غه‌كردنى پۆشینى  نیقاب له‌دام وده‌زگا وشوێنه‌ گشتییه‌كاندا، هۆكارى ئه‌و هه‌نگاوه‌ش بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان و دام وده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ته‌ له‌هه‌ر جۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆرستى له‌داهاتوودا"، وهه‌روه‌ها وتیشى" لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان ڕاسپێدراون به‌چاودێری كردنى  ووردى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى رۆژانه‌ ڕوو له‌ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، له‌رێگاى پۆشینى نیقابه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ شاردنه‌وه‌ى ڕوخسار وناسنامه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان ده‌ده‌ن".

بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى" نیقاب" له‌وڵاتى تونس، بۆ سه‌رده‌مى زین العابدین بن عه‌لى سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، به‌ڵام دوابه‌دواى ڕاپه‌رینه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بى له‌ساڵى 2011، سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى ململانێى سیاسى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌گشتى، پارته‌ ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌ت جارێكى تر دیاره‌ى پۆشینى نیقاب له‌و وڵاته‌ ڕووى له‌ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ كرد.

سه‌رچاوه‌: DW


PM:05:46:05/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 178 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌