خه‌رمان كۆلینه‌دا، پرۆژه‌كه‌ى ده‌ستپێكرد

ناله‌بارى دۆخى ئابوورى، نه‌بوونى هه‌لى دامه‌زراندن ورده‌ ورده‌ كچانى شارى سلێمانى به‌ره‌و دنیاى كارو سه‌ربه‌خۆیى مادى ده‌بات وپێگه‌شیان له‌بازارى كاردا چڕتر ده‌كاته‌وه‌.. خه‌رمان عوسمان كچه‌ دانیشتوویه‌كى شارى سلێمانییه‌.. ئه‌و، ده‌رچووى كۆلێژى زمانه‌ ـ به‌شى ئینگلیزی له‌زانكۆى سلێمانى 2016، به‌هۆى نه‌بوونى هه‌لى دامه‌زراندن له‌ئێستادا بڕیارى داوه‌ ویستگه‌كانى چاوه‌ڕوانى تێپه‌رێنیت، به‌ئیراده‌و بازووى خۆى ژیانێكى جیاوازتر له‌وه‌ى ئێستاى بونیات بنێت، ئه‌وه‌ش له‌رێگاى دانانى كه‌ڕه‌ڤانێكى بچووك بۆ دروستكردنى خواردنى Food ـ Fast له‌شه‌قامى سه‌هۆڵه‌كه‌ى شارى سلێمانى .

خه‌رمان، به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌دى براى كاروباره‌كانى رۆژانه‌ى میوانخانه‌ بچووكه‌كه‌یان به‌رێده‌كه‌ن كه‌ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌رچووى به‌شى ژمێریارى ـ په‌یمانگاى ته‌كنیكى سلێمانییه‌، له‌هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى حكومى وتایبه‌تدا دانه‌مه‌زراوه‌،  له‌ئێستاشدا زیاتر له‌دوو مانگه‌ بیرۆكه‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه‌یان خستۆته‌ بوارى جێبه‌جكردنه‌وه‌.. له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ خه‌رمان، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت "رۆژانه‌ له‌كاتژمێر سه‌ر له‌ئێواره‌وه‌ بۆ 11 شه‌و سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى خواردن وبه‌رێكردنى میوانه‌كانین.. له‌ڕاستیدا نه‌بوونى هه‌لى دامه‌زراندن پاڵنه‌رى سه‌ره‌كى پرۆژه‌كه‌ بوو به‌ڵام، بیرۆكه‌كه‌ى بۆ خوشكێكم ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌هانده‌رى سه‌ره‌كیمان بوو.. هه‌روه‌ها خۆشم شاره‌زایه‌كى باشم هه‌یه‌ له‌بووارى ئاماده‌كردنى خواردن، وپێشتریش له‌گه‌ڵ شێفێكى به‌ره‌گه‌ز ئیتاڵى له‌ریستۆرانێكى شارى سلێمانیدا كارمكردووه‌"... كه‌ڕڤانه‌ بچووكه‌كه‌ى خه‌رمان ( Black burger )، ده‌كه‌وێته‌ نزیكى بیناى ژوورى بازرگانى سلێمانى، چه‌ند جۆره‌ خواردنێكى تێدا ئاماده‌ ده‌كرێت ( بورگه‌رى كۆشت ومریشك، كنتاكى وهه‌روه‌ها فنگه‌ر)، كه ئه‌وه‌ش بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى گونجاو بۆ به‌ده‌ستهێنانى داهاتێكى جێگیر بۆ خه‌رمان وبراكه‌ى كه‌بتوانن له‌رێگایه‌وه‌ به‌شێك له‌پێداویستییه‌كانى ژیانى رۆژانه‌یان به‌ده‌ست بهێنن.

پرۆژه‌كه‌ى خه‌رمان ومحه‌مه‌د، له‌ئێستادا ته‌نها گه‌ڕه‌ڤانێكى بچووكه‌ به‌ڵام، خه‌ونى ئه‌وان بۆ داهاتوو فراوانكردنى زیاترى پرۆژه‌كه‌و هاوكات دامه‌زراندنى ژماره‌یه‌كى دیاریكراویشه‌ له‌و كچانه‌ى تاوه‌كو ئێستا دانه‌مه‌زراون وخاوه‌نى هیچ جۆره‌ داهاتێكى مادی تایبه‌ت به‌خۆیان نین" له‌ئه‌گه‌رى به‌رده‌وامبوونمان بیر له‌فراوانكردنى پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.. مه‌به‌ستیشمانه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كچانه‌ دابمه‌زرێنین كه‌خاوه‌نى هیچ داهاتێكى مادى نین.. هه‌ڵبه‌ته‌ ئیدى كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ چیتر كچان تواناكانى خۆیان  له‌چوارچێوه‌ى دیواره‌كانى ماڵه‌وه‌ قه‌تیس نه‌كه‌ن به‌ڵكو، ڕوو له‌بازارى كار بكه‌ن وببنه‌ خاوه‌نى پێگه‌و داهاتى خۆیان".

دوابه‌دواى له‌دایك بوون وكه‌وتنه‌سه‌ر پێی پرۆژه‌كه‌شیان، خه‌رمان عوسمان، باس له‌كۆمه‌لێك رێگرى ده‌كات وپێیوایه‌ له‌بڕى ئه‌و رێگرییانه‌ ده‌بوو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هاوكاریان بوونایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش بتوانن ببنه‌ خاوه‌نى پرۆژه‌و داهاتى خۆیان، ده‌لێت" شاره‌وانى وژوورى بازرگانى سلێمانى، رێگریمان بۆ دروست ده‌كه‌ن.. له‌ئێستادا ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رپرسانى شاره‌وانى به‌نیازن كۆشك وكه‌ڕه‌ڤانه‌كانى جاده‌ى سه‌هۆڵه‌كه‌ لاببه‌ن، وهه‌روه‌ها ژوورى بازرگانیش به‌بیانووى ئه‌وه‌ى رێگه‌مان لێگرتوون پێیان باشه‌ شوێنه‌كه‌مان بگوازینه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌وامى فه‌رمى ئه‌وان تاوه‌كو ده‌ورووبه‌رى كاتژمێر 3ى پاشنیوه‌رۆیه‌، ئێمه‌ش له‌كاتژمێر 5ى سه‌رله‌ئێواره‌وه‌ ده‌ست به‌كارو كاسبى رۆژانه‌ى خۆمان ده‌كه‌ین".

ئا: ئه‌ڤین 


PM:05:11:12/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌