"پاسه‌كه‌ى له‌رێ" بیرۆكه‌یه‌كى ترى گه‌نجانه‌ له‌دنیاى كارو بژێوی

له‌جاده‌ى سه‌هۆڵه‌كه‌ له‌شارى سلێمانى، پرۆژه‌ى پاسێكى جێگیر بۆته‌ جێگاى سه‌رنجى هاوڵاتیان.. خاوه‌نى پاسه‌كه‌ش كه‌ كچه‌ خوێندكارێكى كۆلێژى هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌، ده‌لێت" گه‌ران به‌دواى بژێوى، هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ى بیرۆكه‌ى نوێ ئامانجى سه‌ره‌كى پرۆژه‌كه‌یه‌".

له‌رێ نه‌جمه‌دین، خوێندكارى قۆناغى چواره‌مى كۆلێژى هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌ له‌زانكۆى سلێمانى.. ئه‌و به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌به‌هه‌مان شێوه‌ خوێندكارى هه‌مان كۆلێژه‌ بیرۆكه‌ى دانانى پاسێكى جێگیریان له‌جاده‌ى سه‌هۆڵه‌كه‌ كردۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ په‌یدا كردنى بژێوى ژیان، راكێشانى سه‌رنجى پیاده‌ڕه‌وانى ئه‌و شه‌قامه‌ به‌لاى كاڵاكانیاندا كه‌بریتین له‌فرۆشتنى چه‌ند جۆرێكى دیارى كراو له‌جلوبه‌رگ وپۆشاكى بڕاندى هاورده‌ كراو له‌بازاڕه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان... له‌رێ نه‌جمه‌دین، ده‌رباره‌ى بیرۆكه‌ى پرۆژه‌كه‌و شێوازى كاركردنى رۆژانه‌ى بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت" رۆژانه‌ له‌كاتژمێر ى سه‌ر له‌ئێواره‌وه‌ بۆ 12ى شه‌و پێشوازى له‌كڕیاره‌كانمان ده‌كه‌ین.. گه‌نجان به‌رێژه‌یه‌كى باش سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ئومێدى زیاترمان پێده‌به‌خشێت بۆ به‌رده‌وام بوون وهه‌وڵدان بۆ فراوان كردنى زیاترى پرۆژه‌كه‌ له‌داهاتوودا".

بیرۆكه‌ى پرۆژه‌كه‌ى له‌رئ تاكلایانه‌ نییه‌ به‌ڵكو، وه‌كو خۆى ئاماژه‌ى پێكرد پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌شى خۆى وهاوسه‌ره‌كه‌یه‌تى به‌وپێیه‌ى هه‌ردووكیان پێشتر له‌بوارى فرۆشتنى پۆشاكدا كاریان كردووه‌ به‌ڵام، به‌رده‌وام نه‌بوون، له‌ئێستاشدا سه‌رله‌نوێ ڕوویان له‌بوواره‌كه‌ كردۆته‌وه‌" پێشتر دوكانێكى تایبه‌ت به‌فرۆشتنى جل وبه‌رگمان هه‌بوو، دواتریش له‌ناو بازارى شارى سلێمانى ماوه‌یه‌ك كارى ئوتوى جل وبه‌رگمان ده‌كردو ئێستاش له‌م پرۆژه‌ نوێیه‌دا ده‌ستبه‌كارین.. بارو گوزه‌رانى ئێستاى ژیان ده‌خوازێت به‌رده‌وام به‌دواى بیرۆكه‌ى نوێ وهه‌لى كارى گونجاودا بگه‌رێین".
پاسه‌كه‌ى له‌رێ به‌ ( Saw Shop) ناسراوه‌.. ئه‌وه‌ش وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ بڕاندى یه‌ك له‌و جۆره‌ پۆشاكانه‌ى له‌نێو پاسه‌كه‌دا نمایش كراون، سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانیشیان وڵاتى توركیایه‌" ستایلى پۆشاكه‌كان گه‌نجانه‌ن، له‌لایه‌ن هه‌ردوو ڕه‌گه‌زیشه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرین، سه‌رجه‌میشیان له‌وڵاتى توركیاوه‌ هاورده‌ كراون.. سه‌باره‌ت به‌نرخه‌كانیشیان ده‌توانم بلێم تاڕادیه‌كى زۆر گۆنجاون 10ـ 20 هه‌زار دینار ئه‌وه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌تۆكمه‌یى وكوالێتى جۆرى پۆشاكه‌كان".

له‌رێ وهاوسه‌ره‌كه‌ى بۆ مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوون له‌شوێنى كاره‌كه‌یان، پێشوه‌خت ڕه‌زامه‌ندى به‌رێوبه‌رایه‌تى ئاسایشى سلێمانیان وه‌رگرتووه‌ به‌ڵام، سه‌ربارى به‌ده‌ستهێنانى ڕه‌زامه‌ندى، به‌رپرسانى شاره‌وانى، هاتوچوو وهه‌روه‌ها ژوورى بازرگانى سلێمانیش تاڕاده‌یه‌ك ئاسته‌نگیان بۆ دروست ده‌كه‌ن وداوایان لێده‌كه‌ن پاسه‌كه‌یان بۆ جێگایه‌كى تر بگوازنه‌وه‌" لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێیان وایه‌ ئێمه‌ ئاسته‌نگیمان بۆ شه‌قام دروستكردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ پێشوه‌خت ڕه‌زامه‌ندى به‌رێوبه‌رایه‌تى ئاسایشمان وه‌رگرتووه‌.. هیوادارین به‌رپرسانى شاره‌وانى وهاتوچوو وهه‌روه‌ها ژوورى بازرگانى سلێمانیش هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌كاره‌كه‌مان به‌رده‌وام بین وهاوكات، پرۆژه‌كه‌شمان بكه‌ینه‌ سیمایه‌كى ترى جوانى له‌شاره‌كه‌دا"، وه‌كو له‌رێ خۆى ئاماژه‌ى پێكرد.

ئا: ئه‌ڤین 


 


AM:11:08:11/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌