ئاواره‌كان سه‌رسامن به‌ژینگه‌، كه‌لتوورى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌شارى سلێمانى

به‌شێك له‌خێزانه‌ ئاواره‌كانى ناوچه‌كانى خوارووى ئێراق كه‌ له‌ئێستادا نیشته‌جێى شارى سلێمانین ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌لتوورو ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌شارى سلێمانى جیاوازییه‌كى زۆرى هه‌یه‌ به‌به‌راورد به‌ناوچه‌كانى ترى ئێراق، خودى ئه‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش رێگاخۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى خێزانه‌ ئاواره‌كانیش هاوشێوه‌ى دانیشتووانى شاره‌كه‌ به‌شێك له‌مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى خۆیان به‌بێ هیچ جۆره‌ فشارێك موماره‌سه‌ بكه‌ن.. ژنه‌ ئاواره‌یه‌كیش بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت" سه‌رسامم به‌و ئازادییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ كچان وژنانى شاره‌كه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌".

" له‌هه‌ر جێگایه‌ك ئازادى هه‌بێت، ژیانێكى دروست بوونى هه‌یه‌ ".
سه‌مه‌ر عوبدولغه‌فار ( 41ساڵ) ژنه‌ ئاواره‌یه‌كى دانیشتووى شارى سلێمانیه‌.. ئه‌و، بۆ هه‌ڵمژینى هه‌وایه‌كى پاك وچه‌ند ساتێك دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌رقاڵیه‌كانى ژیانى رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ى ئێواره‌ گه‌شتێكى خێزانییان له‌پاركى ئازادى شارى سلێمانى به‌رێكرد... سه‌مه‌ر، وه‌كو خۆى ئاماژه‌ى پێ دا، جگه‌ له‌سروشته‌ جوانه‌كه‌ى پاركى ئازادى كه‌وایكردووه‌ له‌ڕووانگه‌ى زۆرێك له‌خێزانه‌ ئاواره‌كانه‌وه‌ پاركێكى نموونه‌یى بێت هاوكات، كه‌لتوور وژێنگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌شاره‌كه‌دا بۆته‌ جێگاى سه‌رنجیان به‌به‌راورد به‌ناوچه‌كانى ترى عیراق.. زیاتریش بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، وتى" له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ شارى سلێمانى تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌، ژێنگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وكه‌لتووریش كه‌شێكى ئازادیان ڕه‌خساندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خێزانه‌ ئاواره‌ركانیش بتوانن به‌شێك له‌مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى خۆیان به‌بێ بوونى هیچ جۆره‌ فشارێك موماره‌سه‌ بكه‌ن".. هه‌روه‌ها وتیشى" ئه‌وه‌ى زۆر سه‌رنجى راكێشاوم ئه‌و ئازادییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌به‌شێكى زۆرى ژنان وكچانى شاره‌كه‌ له‌سایه‌یدا مافه‌كانى خۆیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن دوور له‌هه‌موو سانسۆرێكى كۆمه‌ڵایه‌تى.. له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ جۆرێك له‌متمانه‌مان پێده‌به‌خشێت بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش بتوانین هاوشێوه‌ى دانیشتوانى ڕه‌سه‌نى شاره‌كه‌ ژیانێكى تاڕاده‌یه‌ك ئازاد، دوور له‌ترس وتوانجى كۆمه‌ڵگا به‌رێ بكه‌ین".

ئاواره‌بوونى به‌شێك له‌دانیشتووانى ناوچه‌كانى باشوور وخوارووى ئێراق بۆ هه‌رێمى كوردستان، وپارێزگاى سلێمانى، بۆ ساڵى 2014 ده‌گه‌رێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش پاش داگیركردنى به‌شێكى زۆرى ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن چه‌كدارانى رێكخراوى تیرۆرستى داعش، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئاواره‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌خێزان ودانیشتووانى ڕه‌سه‌نى ئه‌و ناوچانه‌ به‌ره‌و شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان وسه‌نته‌رى پارێزگاى سلێمانى به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت وه‌كو په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ژیانێكى ئارام ودوور له‌ترس وتۆقاندنى تیرۆر وده‌رهاویشته‌كانى.

س. ح ( 37ساڵ)، ژنه‌ ئاواره‌یه‌كى ترى دانیشتووى شارى سلێمانى، ده‌لێت" داب ونه‌ریتى خێزانى وهه‌روه‌ها ناوچه‌ییش له‌زۆرێك له‌ناوچه‌كانى خوارووى عیراق رێگاناده‌ن كچان وژنان ئازادانه‌ ڕوو له‌شوێنه‌ گشتییه‌كان بكه‌ن به‌ڵام، ژیانى ئاواره‌یى وئاشنابوونمان به‌ژێنگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى شارى سلێمانى كۆمه‌لێك دیدو تێروانینى نوێیان لادروست كردین، له‌وانه‌ له‌هه‌ر جێگایه‌ك ئازادى هه‌بێت واتا ژیانێكى دروست بوونى هه‌یه‌".. ئه‌و خانمه‌، كه‌3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌هۆى هێرشه‌كانى چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ى حه‌ویجه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند خێزانێكى تردا ڕوویان له‌شارى سلێمانى كردبوو، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌گه‌رچى له‌سه‌ره‌تادا هاوسه‌ره‌كه‌ى رێگاى نه‌داوه‌ ته‌نانه‌ت ڕوو له‌ماركێته‌كانیش بكات بۆ كڕین ودابین كردنى پێداویستییه‌كانى رۆژانه‌ به‌ڵام، له‌ئێستادا بازاركردن وهه‌روه‌ها ڕووكردنه‌ پاركه‌كانیش بۆ حه‌وانه‌وه‌و به‌رێكردنى كه‌شێكى خێزانى ئارام بۆته‌ به‌رنامه‌یه‌كى هه‌فتانه‌ى خێزانه‌كه‌یان، ووتى" پێشتر هاوسه‌ره‌كه‌م رێگاى نه‌ده‌دام بۆ بازاركردن ودابین كردنى پێداویستییه‌كانى رۆژانه‌ چونكه‌، پێى وابوو داب ونه‌رێتى ئێمه‌ نامۆیه‌ به‌كه‌ڵتورى كۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌كه‌، ئه‌وه‌ش جۆرێك له‌وریایى ودوودڵى لادروست كردبوو به‌ڵام، له‌ئێستادا دۆخه‌كه‌ گۆراوه‌و هه‌فتانه‌ش پێكه‌وه‌ سه‌ردانى پارك وشوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى شاره‌كه‌ ده‌كه‌ین".

كۆمه‌ڵناسێك: كه‌لتوورى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سلێمانى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى هه‌بووه‌ بوسه‌ر ژیانى ئاواره‌كان
جه‌زا والى كۆمه‌ڵناس، هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌بووارى ئه‌نسرۆبۆلۆجیاى كه‌لتوورى له‌شارى سلێمانى، پێى وایه‌  نه‌ریتى میواندۆستى لاى دانیشتووانى شارى سلێمانى له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ نه‌ریتێكى باو بووه‌، وئاواره‌كانیش له‌ئێستادا هه‌موو مافێكى هاوڵاتیبوونیان له‌شاره‌كه‌دا هه‌یه‌ وهاوكات توانیویانه‌ ژیانێكى ئازاد به‌رێكه‌ن، له‌زۆرێك له‌خزمه‌تگوزارییه‌كانیش سوودمه‌ندبن، زیاتریش بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، وتى" بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ئاواره‌كانى ناوچه‌كانى خوارووى ئێراق له‌شارى سلێمانى وایكردووه‌ ئاوێزانبوونى كه‌لتوورى له‌نێوان كۆمه‌ڵگاى ئاواره‌كان وكه‌لتوورى ڕه‌سه‌نى شاره‌كه‌دا بوونى هه‌بێت، ئه‌وه‌ش رۆڵى گه‌وره‌ى گێراوه‌ له‌گه‌شه‌پێدان به‌بنه‌ماكانى ئاوێته‌بوونى كه‌لتوورى، به‌تایبه‌ته‌یش له‌بوواره‌كانى زمانه‌وانى، ئابوورى وهه‌روه‌ها دروستبوونى كۆمه‌لێك په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى نوێ له‌سه‌ر بنه‌ماى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگێرى.. جه‌زا والى كۆمه‌ڵناس، جه‌ختى له‌وه‌شكرد" كه‌لتوورى كۆمه‌ڵایه‌تى شارى سلێمانى كاریگه‌رى ئه‌رێنى هه‌بووه‌ بۆسه‌ر ئاواره‌كان، بۆئه‌وه‌ى گه‌شه‌ى زیاتریش به‌و كاریگه‌رییانه‌ بدرێت پێویسته‌ له‌رێگاى خولى فێربوونى زمانه‌وه‌ ئاواره‌كان فێرى زمانى كوردى بكرێن چونكه‌، زمان سه‌ره‌كیترین فاكته‌ره‌ بۆ دروستبوونى كاریگه‌رى وپه‌یوه‌ندى كه‌لتوورى".

سه‌رنج: بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر ده‌رباره‌ى ژماره‌ى ته‌واوى خێزانه‌ ئاواره‌كانى ناوچه‌كانى خوارووى عیراق له‌شارى سلێمانى، ماڵپه‌رى"چاوى خه‌ڵك" بۆ پرسه‌كانى ژنان، په‌یوه‌ندى كرد به‌به‌شى راگه‌یاندن له‌فه‌رمانگه‌ى كۆچ وكۆچبه‌رانى ئێراق/ لقى سلێمانى به‌ڵام، ژماره‌كه‌ داخرابوو، له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو.

ئا/ ئه‌ڤین 


AM:10:03:09/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 62 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌