له‌پشكه‌كانى میرات، ژنان ڕوبه‌رووى هه‌ڕه‌شه‌و فشارى خێزانی ده‌بنه‌وه‌

ئه‌گه‌ر لاى پیاوان به‌ده‌ستهێنانى به‌شه‌میرات به‌ماناى گه‌شتن بێت به‌یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین مافه‌ یاساییه‌كانى خۆیان به‌ڵام، بۆ زۆرێك له‌ژنان هاوشێوه‌ى بوواره‌كانى تر، وه‌رگرتنى ئه‌و مافه‌ یاساییه‌ بۆته‌ دۆزه‌خ، جارێكى تر ژنان به‌گڕى ئه‌و دۆزه‌خه‌وه‌ بونه‌ته‌وه‌ سووتماكى ئه‌قڵییه‌تى نێرگه‌رایه‌تى پباوانى باڵاده‌ست له‌نێو خێزانه‌كاندا.

" ئابرۆى خێزانه‌كه‌مان ده‌به‌یت ؟"
ش. م ( 37 ساڵ) ژنێكى دانیشتووى شارى سلێمانییه‌،  له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م راپۆرته‌دا ئاماژه‌ى به‌كۆمه‌لێك فشاركرد كه‌ له‌ساته‌وه‌ختى دابه‌شكردنى به‌شه‌ میراتدا ڕوبه‌رووى بۆته‌وه‌.. بۆ ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، وتى" له‌پاش كۆچى دواى باوكم هه‌ستم به‌جیاوازییه‌كى زۆر كرد.. براكانم پشكه‌كانى خۆیان له‌میرات دابه‌شكرد ودواتریش یه‌كێكیان به‌زۆره‌ملێ بڕى 6هه‌زار دۆلارى له‌و پشكه‌ى تایبه‌ت بوو به‌من لێوه‌رگرتم به‌پاساوى كاسبى وخستنه‌كاره‌وه‌ ".. زیاتریش وتى" ویستم په‌نا بۆ دادگا ببه‌م به‌ڵام، رێگریان لێكردم وتیان ئابرۆى خێزانه‌كه‌مان ده‌به‌یت! ".

دۆسیه‌ى میرات، به‌یه‌كێك له‌هه‌ستیارترین دۆسییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌تێدا زۆرجار ژنان ڕووبه‌رووى جۆره‌ها فشارو ده‌ستێوه‌ردانى خێزانى ده‌بنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى ناچاركردنیان به‌سازش كردن له‌سه‌ر مافى یاسایى وشه‌رعى خۆیان، سه‌ره‌نجام به‌هۆى ئه‌و فشارانه‌وه‌ كه‌زۆر جار له‌لایه‌ن كه‌سانى پله‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن روبه‌ڕووى كۆمه‌لێك كێشه‌ى خێزانى وكۆمه‌لایه‌تى  جۆراوجۆر ده‌بنه‌وه‌، له‌هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا ده‌بنه‌ مایه‌ى دروستبوونى مه‌ترسى ڕاسته‌قینه‌ بۆ سه‌ر ژیانیان.

یه‌كێكى تر له‌و ژنانه‌ى به‌شدارى ئه‌م راپۆرته‌یان كردووه‌،  ف. م ( 65 ساڵ)، مامۆستا له‌خۆێندنگایه‌كى ده‌ره‌وه‌ى شارى سلێمانییه‌.. ناوبراو، پیێ وایه‌ له‌سه‌رده‌مى ئێستادا به‌ها مرۆییه‌كان ڕوویان له‌كاڵبوونه‌وه‌ كردووه‌و پاره‌ پێوه‌ره‌ مادییه‌كان بۆنه‌ته‌ جێگره‌وه‌یان كه‌ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ژنان وكچان به‌تایبه‌ت به‌جۆره‌ها شێوه‌ ناچار بكرێن به‌سازش كردن له‌سه‌ر مافه‌كانى خۆیان به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر هاتوو بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندى به‌لایه‌نى مادیی ومیراتگرییه‌وه‌ هه‌بوو.. ده‌لێت" ماندووبوونى زیاتر له‌30 ساڵى ژیانى پیشه‌ییم وه‌كو مامۆستایه‌ك ته‌نها پارچه‌ك عه‌رز بوو كه‌حكومه‌ت پێی دابووم كه‌چى، له‌ئێستادا یه‌كێك له‌كوڕه‌كانم داواى پشكى خۆى ده‌كات له‌عه‌رزه‌كه‌ بۆیه‌ ناچار بووم دوور له‌ویستى خۆم بیفرۆشم".. هه‌روه‌ها وتیشى" فرۆشتنى عه‌رزه‌كه‌ به‌هۆى فشارو هه‌ڵچوونه‌ به‌رده‌وامه‌كانى كوڕه‌كه‌مه‌وه‌ بوو به‌ڵام، به‌داخه‌وه‌ سنوورى داواكارییه‌كانى ئه‌و له‌ئێستادا فراوانتر بوون چونكه‌، داواى برێكى زیاتر له‌پاره‌ ده‌كات وپێیوایه‌ له‌پشكى خۆشم له‌عه‌رزه‌كه‌ پشكى ترى به‌رده‌كه‌وێـت  له‌كاتێكدا هێشتا من له‌ژیاندام وله‌ڕووى یاساییشه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ رێگه‌پێدراونییه‌". 

پارێزه‌رێك: بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌یسانه‌، ژنان ده‌توانن په‌نا بۆ دادگا ببه‌ن
ئاشنا حه‌مه‌ عه‌زیز پارێزه‌ر له‌دادگاى سلێمانى، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ناچاركردنى كه‌سه‌كان به‌ته‌نازول كردن له‌سه‌ر پشكێك یاخوود به‌شه‌ میراتێك له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ رێگه‌پێدراونییه‌، له‌ئه‌گه‌رى ڕوودانى هه‌ر حاڵه‌تێكى له‌و شێوه‌یه‌ش كه‌سان به‌گشتى، زۆریش به‌تایبه‌ت ژنان ده‌توانن په‌نا بۆ دادگا ببه‌ن بۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كانیان، تایبه‌ت به‌ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك، ده‌لێت" له‌حاڵه‌تى سه‌لماندنى بوونى فشار وناچاركردنى ژنێك یاخوود هه‌ر كه‌سێكى كه‌ به‌ته‌نازول كردن له‌سه‌ر هه‌ر جۆره‌ موڵكێك له‌ژێر ناوى میراتدا بۆى مابێته‌وه‌ سه‌رپێچى ده‌قه‌ یاساییه‌كانه‌، دادگا ده‌توانێت سه‌رجه‌مى رێوشوێنه‌كانى تایبه‌ت به‌و ته‌نازول پێكردنه‌ هه‌ڵبووه‌شێنێته‌وه‌و هاوكات هه‌ر مامه‌ڵه‌كردنێكیش كه‌به‌و هۆیه‌وه‌ ڕوویدابێت به‌تاڵ ببێته‌وه‌"، ئه‌و خانمه‌ پارێزه‌ره‌، جه‌ختى له‌وه‌ش كرد" بۆ رێگرتن له‌ڕوودانى سه‌رجه‌مى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ده‌ستگرتن به‌سه‌ر به‌شه‌ مێراتى ژنێك به‌شێوازێكى زۆره‌ملێ ونایاسایى پێویسته‌ ژنان به‌تایبه‌ت هۆشیارى ته‌واویان هه‌بێت ده‌رباره‌ى ده‌قه‌ یاساییه‌كان وهاوكات دۆخى یاساییشیان هه‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ كه‌یسانه‌ كه‌زۆرجار ده‌چێته‌ خانه‌ى سه‌رپێچى وپێویستى به‌رێوشوێنى دادگایى ده‌بێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى، هه‌روه‌ها بۆ به‌سزاگه‌یاندنى كه‌سانى سه‌رپێچی كاریش ده‌توانرێت ده‌عواى ته‌عویز واتا قه‌ره‌بوو تۆمار بكرێت".

بۆ به‌دواداچوونى زیاترى كێشه‌كانى میرات، ئه‌و گرفتانه‌ى له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ڕووبه‌ووى ژنان ده‌بنه‌وه‌.. ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك بۆ پرسه‌كانى ژنان، سه‌ردانى دادگاى سلێمانى كرد به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى هه‌ر جۆره‌ ئامارێك كه‌تێیدا ژماره‌و جۆرى حاڵه‌ته‌كانى سكاڵا تۆماركردن له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ ڕوونبكاته‌وه‌ تایبه‌ت به‌دۆسییه‌كانى میرات به‌ڵام، هه‌وڵه‌كان به‌بێ ئه‌نجام بوون به‌هۆى نه‌بوونى به‌ش ودادگای تایبه‌ت به‌میرات له‌دادگاى سلێمانى.

چاوى خه‌ڵك/ ئه‌ڤین




PM:09:23:12/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 74 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌