د. لاڤه‌ دارا: له‌ناو ژناندا خه‌مۆكى، ترس ودڵه‌راوكێ به‌ربڵاوترین نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌كانن

كاریگه‌رییه‌كانى جیهانى ته‌كنۆلۆژیا، هه‌روه‌ها فشارو كاریگه‌رییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و بۆماوه‌ییه‌كان، له‌ئێستادا بونه‌ته‌ دوو له‌سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى خه‌مۆكى وه‌كو یه‌كێك له‌دیاریترین نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كانى ژیانى سه‌رده‌میانه‌ى كۆمه‌ڵگا.. پسپۆرێكى ده‌روونیش ده‌لێت " خه‌مۆكى، ترس ودڵه‌راوكێ له‌به‌ربلاوترین ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیانه‌ن كه‌زیاتر تووشى ژنان ده‌بن".
د.لاڤه‌ دارا پسپۆرى نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌كان، به‌رێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى سۆزى ده‌روونى له‌شازى سلێمانى، له‌دیدیارێكى ماڵپه‌رى چاوى خه‌ڵك بۆ پرسه‌كانى ژنان، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌" دنیاى ته‌كنه‌لۆژیا، گۆرینى ستایلى ژیانى رۆژانه‌ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاى به‌ره‌و گۆشه‌گیرى ئاراسته‌كردووه‌، ژنانیش پشكى زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ له‌و ڕووه‌وه‌".

چاوى خه‌ڵك: ده‌مانه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر بایه‌تى خه‌مۆكى بكه‌ین.. ئایا خه‌مۆكى نه‌خۆشییه‌ ؟.. دواتر وه‌كو تێبینى ده‌كرێت كه‌سه‌كان به‌جیاوازى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وپسپۆرى وته‌نانه‌ت كه‌سێتیشیان تووشى ده‌بن، هۆكارى خه‌مۆكى بۆ چى ده‌گه‌رێته‌وه‌ به‌پله‌ى سه‌ره‌كى؟
د.لاڤه‌: خه‌مۆكى یه‌كێكه‌ له‌نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌ به‌ربڵاوكان، له‌زانستى ده‌روونزانیشدا كۆمه‌لێك هۆكار هه‌ن كه‌پێكه‌وه‌ كار له‌سه‌ر تووشبوون ده‌كه‌ن به‌خه‌مۆكى له‌وانه‌ هۆكاره‌ بۆماوه‌كان، تێكچوونى كیمیاوى مێشك، كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وئه‌زموونه‌كانى منداڵى وهه‌روه‌ها تووشبوون به‌نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ى ئازارى زۆر به‌دواى خۆیاندا ده‌هێنن، هه‌موو مرۆڤێكیش ئه‌گه‌رى تووشبوونى هه‌یه‌ به‌و نه‌خۆشییه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێ ژینگه‌ى ده‌ورووبه‌رو، ئه‌و هۆكارانه‌ى كار له‌سه‌ر تووشبوونى ده‌كه‌ن به‌و نه‌خۆشییه‌.

چاوى خه‌ڵك: چۆن بزانین هاورییه‌ك، دۆستێك یاخوود كه‌سێكى نزیكى ده‌ورووبه‌رمان تووشى خه‌مۆكى بووه‌و پێویستى به‌یارمه‌تییه‌.. چین ئه‌و ئاماژانه‌ى كه‌ده‌بێت تێبینى بكه‌ین له‌و ساته‌وه‌ختانه‌دا؟ 
د.لاڤه‌: كه‌سى تووشبوو به‌نه‌خۆشى خه‌مۆكى له‌سه‌ره‌تادا زیاتر له‌دوو هه‌فته‌ زۆرینه‌ى كاته‌كانى رۆژ هه‌ست به‌دڵته‌نگى ده‌كات وبه‌هیچ جۆره‌ چالاكییه‌كى چێژبه‌خشیش دڵخۆش نابێت .. پاشان وورده‌ وورده‌ كه‌سه‌كه‌ خشته‌ى خه‌و وخواردنى رۆژانه‌ى تێكده‌چێت وبیرۆكه‌ى نه‌رێنى به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت وهاوكات هه‌ست به‌كه‌مى خودیش ده‌كات ، ده‌بێته‌وه‌ به‌كه‌سێكى گۆشه‌گیر وتواناى به‌رێوه‌بردنى كاره‌كانیشى نامێنێت.. جگه‌ له‌وانه‌ش ناتوانێت به‌پێ پێویست گرنگى به‌خودى خۆى وكه‌سانى ده‌ورووبه‌ریش بدات تاوه‌كو له‌كۆتاییدا بیرۆكه‌ى خۆكوشتنى لادروست ده‌بێت وهیچ به‌هانه‌یه‌كیش بۆ به‌رده‌وامبوونى ژیانى نادۆزێته‌وه‌ بۆیه‌، له‌ئه‌گه‌رى ده‌ركه‌وتنى ئه‌و نیشانانه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان یارمه‌تى خێرا وه‌رنه‌گرن ده‌شێت كۆتاییه‌كى نه‌خوازراو بۆ ژیانى خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن.

چاوى خه‌ڵك: چین دیاریترین ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌روونیانه‌ى كه‌ده‌خوازێت كه‌سى نه‌خۆش له‌كاتى تووشبوون سه‌ردانى پزیشكى تایبه‌تمه‌ند بكات نه‌وه‌كو رێنمایى كارى ده‌روونى؟... هه‌ر له‌و ڕووانگه‌یه‌شه‌وه‌ ئایا هیچ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان پزیشكى ده‌روونى ورێنمایی كار یاخوود ئیستیشارى ده‌روونى؟
د.لاڤه‌: دیاریترین نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان بریتین له‌خه‌مۆكى وپه‌شێوییه‌كانى مه‌زاج، شیزۆفرینیا وجۆره‌كانى دڵه‌ ڕاوكى وهه‌روه‌ها فشارو زه‌برى ده‌روونى وله‌كۆتایشدا وه‌سواسى... به‌گشتى هه‌ر جۆره‌ حاڵه‌ت وكاردانه‌وه‌یه‌كى ده‌روونى ئه‌گه‌ر بۆماوه‌یه‌ك به‌رده‌وامى هه‌بێت ومرۆڤ نه‌توانێت به‌سه‌ریدا زاڵ بێت بێگومان كار ده‌كاته‌ سه‌ر ژیانى وخودى كه‌سه‌كه‌ش پێویستى به‌یارمه‌تى ده‌بێت... سه‌باره‌ت به‌جیاوازى نێوان رێنمایى كارى ده‌روونى وپزیشكى ده‌روونى، رینمایكار كه‌ده‌كرێت وه‌كو چاره‌سه‌ركارى ده‌روونیش پێناسه‌ى بكه‌ین ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ده‌رچووى به‌شه‌كانى كۆمه‌ڵناسى، ده‌روونزانى یاخوود ده‌روونزانى كلینیكن، ته‌نها له‌رێكاى رێنمایى وچاره‌سه‌رى ده‌روونى به‌شێوه‌ى جه‌لسه‌ ده‌توانن هاوكارى نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن به‌ڵام، پزیشكى ده‌روونى ده‌رچووى به‌شى پزیشكییه‌و له‌رێگاى ده‌رمان وچاره‌سه‌رى پزیشكییه‌وه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ر كردنى كه‌سانى نه‌خۆش ده‌دات.

چاوى خه‌ڵك: له‌لایه‌نى ده‌روونییه‌وه‌ بۆچوونێك هه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات به‌به‌راورد به‌پیاوان، ژنان هه‌ستیارترن وزۆر به‌ئاسانى ده‌توانن گوزارشت له‌هه‌ست وكاردانه‌وه‌ جیاوازه‌كانیان بكه‌ن ... ئه‌م بۆچوونه‌ دروسته‌؟
د.لاڤه‌: به‌ڵى، بۆچوونێكى ته‌واو دروسته‌، ژنان ده‌توانن هه‌ست وسوزى زیاتر ده‌ربڕن وه‌ك له‌پیاوان.

چاوى خه‌ڵك: نه‌خۆشى وگرفته‌ ده‌روونییه‌كان زۆرن، به‌پێ ڕه‌گه‌ز، ته‌مه‌ن وهه‌روه‌ها ژینگه‌ى ده‌ورووبه‌ریش ده‌گۆرێن.. چین دیاریترین ئه‌و گرفتانه‌ى له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تووشى ژنان وكچان ده‌بن به‌تایبه‌ت ؟
د.لاڤه‌: خه‌مۆكى وترس وهه‌روه‌ها دڵه‌راوكێ له‌ژناندا زیاتر به‌دى ده‌كرێن، هه‌روه‌ها هه‌ندى حاڵه‌تى تایبه‌تیش هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ناو ژناندا به‌ربڵاون وه‌كو خه‌مۆكى وسایكۆسى پاش منداڵ بوون، هه‌روه‌ها ته‌نگه‌ژه‌ى سوڕى مانگانه‌.

چاوى خه‌ڵك: قسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌تى ده‌روونى به‌شێوه‌گشتییه‌كه‌ى ره‌نگه‌ بابه‌تێكى بێزاركه‌ر بێت به‌لاى زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ى پێویستیان به‌چاره‌سه‌رى ده‌روونییه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان.. وه‌كو پزیشكێكى تایبه‌تمه‌ند چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌كه‌یت ؟
د.لاڤه‌: له‌راستیدا زانستى ده‌روونزانى زانستێكى زۆر قوڵه‌، په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌هه‌ست وسۆز، هه‌روه‌ها ژیانى رۆژانه‌ى مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك دیاریكردنى جۆرى بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانمان له‌ژیانى رۆژانه‌دا وتێگه‌شتن له‌هه‌ڵسووكه‌وت وڕازو نیازى كه‌سانى به‌رامبه‌ر بۆیه‌ به‌لاى منه‌وه‌ وه‌كو پزیشكێك زانستێكى چێژبه‌خشه‌و یارمه‌تیده‌ریش بووه‌ له‌ژیانى رۆژانه‌مدا.

چاوى خه‌ڵك: كه‌قسه‌ له‌سه‌ر گرفتى ده‌روونى ده‌كرێت به‌تایبه‌ت بۆ ژنان، ده‌ستبه‌جى باس له‌خه‌مۆكى پێش منداڵبوون ودواى منداڵبوون ده‌كرێت.. ده‌كرێت ئه‌و دوولایه‌نه‌ زیاتر بۆ خوێنه‌ران ڕوون بكه‌ێته‌وه‌؟
د.لاڤه‌: خه‌مۆكى پێش منداڵبوون حاڵه‌تێكى ئاساییه‌و ده‌كرێت ژنان پێش قۆناغه‌كانى دووگیانى بوون تووشى ببن وه‌ك نه‌خۆشییه‌كى ئاسایى به‌ڵام، خه‌مۆكى له‌پاش منداڵبوون زیاتر له‌و ژنانه‌ رووده‌دات كه‌پێشینه‌ى دایكى یان خوشكى هه‌بووه‌ .. یاخوود دووگیانى بوونى به‌ویستى خۆى نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها گۆرانكارییه‌ هۆرمۆنى وفه‌سله‌جییه‌كانى دواى منداڵبوون له‌گه‌ل بوونى كێشه‌ خێزانى وكۆمه‌لایه‌تییه‌كان هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكارن بۆ تووشبوونى به‌شێك له‌ژنان به‌خه‌مۆكى دواى منداڵبوون.

چاوى خه‌ڵك: په‌شێوى دووجه‌مسه‌رى ( اضطراب ثنائى القطب )، واتاى چییه‌.. هیچ پێناسه‌یه‌كى دیارى كراو هه‌یه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ڕوونتر بكاته‌وه‌؟
د.لاڤه‌: مه‌به‌ست له‌په‌شێوى دووجه‌مسه‌رى ئه‌وه‌یه‌ تاك له‌هه‌ندێك كات دووچارى خه‌مۆكى ده‌بێت وله‌هه‌ندێك كاتى تریشدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تووشى حاڵه‌ته‌كانى شادیبوون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشییه‌ هۆشمه‌ندییه‌ درێژخایه‌نه‌كان داده‌نرێت وفاكته‌رى ره‌گه‌ز لێره‌دا رۆڵ نابینێت.

چاوى خه‌ڵك: دنیاى ته‌كنه‌لۆژیا، په‌یوه‌ندییه‌ ڕووكه‌شییه‌كان، گۆرێنى ستایلى ژیانى رۆژانه‌و په‌راوێزخستنى بنه‌ماكانى په‌یوه‌ندییه‌كى كۆمه‌لایه‌تى دروست له‌گه‌ڵ جیهانى ده‌ورووبه‌ردا چ كاریگه‌رییه‌كان بۆ سه‌ر لایه‌نى ده‌روونى تاكه‌كان به‌گشتى، زۆریش به‌تایبه‌ت ژنان دروستكردووه‌؟
د.لاڤه‌: بێگومان دنیاى ته‌كنه‌لۆژیا، گۆرینى ستایلى ژیانى رۆژانه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كاریگه‌رى نه‌رێنى هه‌بووه‌ بۆسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وزیاتر تاكه‌كانى به‌ره‌و گۆشه‌گیرى ئاراسته‌كردووه‌ كه‌ئه‌وه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ زیادبوونى ئه‌گه‌رى تووشبوون به‌نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان.. هه‌ڵبه‌ت ژنانیش پشكی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ به‌وپێیه‌ى ئه‌وان جگه‌ له‌ئه‌ركه‌كانى رۆژانه‌ هاوكات ئه‌ركى په‌روه‌رده‌كردن وبه‌ریوه‌بردنى خێزانیشیان كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆ.

چاوى خه‌ڵك/ ئه‌ڤین

PM:09:18:10/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌