میدیا، زیادبوونى رێژه‌ى توندوتیژى دژ به‌ژنان.. كه‌ناڵى فه‌رمى ئێران وه‌ك نموونه‌

په‌خشكردنى به‌رنامه‌یه‌كى خێزانى له‌كه‌ناڵى فه‌رمى ئێران، ناڕه‌زایه‌تییه‌كى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا، پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌كه‌ش به‌هۆى هاندانى بۆ حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى دژ به‌ژنان به‌شێوازێكى ناڕاسته‌وخۆ، شێوازى رۆماڵكردن، كۆى به‌رنامه‌كه‌شى خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. 

به‌رنامه‌كه‌ى كه‌ناڵى فه‌رمى ئێران ( فۆرمولا وان )، كه‌تێدا ژن ومێردێك ودوو منداڵ ئاماده‌بوون، هاوسه‌رى ژنه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد" دواى 20 ساڵ له‌لێدان، توندوتیژى و27 جاريش هه‌وڵدان بۆ كۆتاییهان به‌ژیانى هاوسه‌رى وجیابوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌مه‌وه‌ به‌ڵام، ژیانى خێزانى خانه‌واده‌كه‌م هێشتا ژیانێكى تۆكمه‌یه‌و هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ش نه‌بۆنه‌ته‌ هۆكارى جیابوونه‌وه‌مان"، زیاتریش وتى" له‌ماوه‌ى ژیانى هاوسه‌ریماندا یه‌ك جار جیابوونه‌وه‌ ڕوویداوه‌ وته‌نها ماوه‌ى 60 رۆژى خایاندووه‌ به‌ڵام، دواتر له‌رێگاى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌یه‌كتره‌وه‌ كرد وبڕیارى گه‌رانه‌وه‌مان دا بۆ ژیانى پێشووترمان... له‌ڕاستیدا ئه‌وانه‌ى ڕوویاندا شایه‌نى ئه‌وه‌ن له‌كتێبى گینیس بۆ ژماره‌ پێوانییه‌كان تۆمار بكرێن.. (27) جار هه‌وڵدان بۆ جیابوونه‌وه‌  ژماره‌یه‌كى ئاسان نییه‌ !".
به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ى كه‌ناڵى فه‌رمى ئێران، هه‌رچه‌نده‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌كو یه‌كێك له‌به‌رنامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى ئه‌و كه‌ناڵه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت به‌ڵام، به‌بۆچوونى چالاكوانانى بووارى ژنان رۆماڵكردنى ژیانى تایبه‌تى خێزانه‌كان به‌وشێوازه‌ نه‌رینییه‌ ده‌شێت ببێته‌ مایه‌ى مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ بۆ سه‌ر ئاشته‌وایى خێزانى وكۆمه‌ڵایه‌تى وكاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ خودى پیشكه‌شكارى به‌رنامه‌كه‌ خۆى له‌یه‌كێك له‌برگه‌كانى به‌رنامه‌كه‌ به‌شێوازێكى ناڕاسته‌وخۆ ستایشى هه‌ڵسوكه‌وت وكاردانه‌وكانى هاوسه‌رى ژنه‌كه‌ ده‌كات ئه‌و ده‌مه‌ى ده‌لێت" له‌یه‌كه‌م شه‌وى هاوسه‌رێتیدا توندوتیژی جه‌سته‌ییم به‌رامبه‌ر به‌هاوسه‌ره‌كه‌م به‌كارهێناوه‌، پێشكه‌شكاره‌ش به‌زه‌ره‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌، ده‌لێت " حاڵه‌تێكى ئاساییه‌ !"، به‌ڵام، دواتر درك به‌هه‌ڵه‌كه‌ى ده‌كات وپۆزش بۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ى خۆى ده‌هێنیته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" ئێمه‌ هانى توندوتیژى ناده‌ین به‌ڵام، له‌هه‌مان كاتیشدا نالێین ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ى هاوسه‌رى ژنه‌كه‌ ده‌شێت هه‌ڵه‌بێت".
له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ مه‌عسومه‌ ئیبتیكار ئه‌ندام په‌رله‌مان، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى ژنان وخێزان له‌په‌رله‌مانى ئێران، سه‌رسوڕمانى خۆى له‌شێوازى په‌خشكردنى به‌رنامه‌كه‌ ده‌ربڕى، وتى" چ ئامانجێك له‌پشتى ئه‌نجامدانى چاوپێكه‌وتنێكى خێزانى له‌و شێوه‌یه‌دا هه‌یه‌.. ئه‌وه‌ى ڕوویدا وێناكردنێكى هه‌ڵه‌ى ژیانى خێزانى بوو، كه‌تێدا چینى گه‌نجان كرانه‌ ئامانج، هاوكات هه‌وڵدانێكیش بوو به‌ئاراسته‌ى به‌ئاسایى ناساندنى ئه‌و توندوتیژیانه‌ى رۆژانه‌ ژنانى ئێران ده‌كه‌نه‌ ئامانج له‌سه‌ر ئاستى ژیانى خێزانى وتاكه‌كه‌سیشدا".
به‌پێ ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان له‌كۆمارى ئیسلامى ئێران نزیكه‌ى 60% ژنانى ئه‌و وڵاته‌ ڕووبه‌رووى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى خێزانى بوونه‌ته‌وه‌، میدیاى فه‌رمى ئه‌و وڵاته‌ش نه‌یتوانیوه‌ به‌پێ پێویست رۆلى هه‌بێت له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا.. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ساڵى رابردوو 2018 كه‌ناڵى فه‌رمى ئێران كه‌زمانحاڵى حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌به‌رنامه‌یه‌كى ترى هاوشێوه‌دا كه‌تێدا میواندارى پسپۆرێكى بووارى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى كردبوو، داواى لێبوردنى له‌بینه‌رانى كه‌ناڵه‌كه‌ كرد ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پسپۆرى ناوبراو داواى له‌و ژنانه‌ كردبوو كه‌ڕووبه‌رووى توندوتیژى خێزانى بونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستى هاوسه‌ركانیان وه‌لا، دڵسوزى خۆیان بۆ هاوسه‌ره‌كانیان دووپات  بكه‌نه‌وه‌و ئه‌و هه‌ڵسووكه‌وت وتوندوتیژییانه‌ش به‌حاڵه‌تێكى ئاسایى ژیانى رۆژانه‌ى خێزانیان هه‌ژمار بكه‌ن.

چاوى خه‌ڵك/ ئاژانسه‌كان 


PM:09:52:02/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 130 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌